Yunus Kaymaz, Hişam Sabanlıoğlu
19 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 19 تەمووز 2026
لە یاری کۆتایی مۆندیالی ٢٠٢٦دا ئەمڕۆ یەکشەممە لەنێوان ھەڵبژاردەی ئیسپانیا و ھەڵبژاردەی ئەرجەنتین ئەنجام دەدرێت، چاوەڕوان دەکرێت زنجیرەیەک ڕووداو و دیاردە ڕووبدەن کە بۆ یەکەمین جار لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا بەرچاو بکەون، لەگەڵ ئەوەشدا یاریزانان و ڕاھێنەرانی ھەردوو ھەڵبژاردە ئامانجیان ئەوەیە ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی لە یاری کۆتایی مۆندیال تۆمار بکەن.
یارییەکە کاتژمێر (٢٢:٠٠) بە کاتی ھەولێر لە یاریگای "نیویۆرک نیوجێرسی" لە ئەمریکا ئەنجام دەدرێت کە ٨٠ هەزار ھاندەر دەتوانن لە یارییەکەدا ئامادەبن.
لە مێژوویی مۆندیالدا، ئەوە بۆ یەکەمجارە، ھەڵبژاردەی ئیسپانیا کە پاڵەوانی جامی نەتەوەکانی ئەورووپایە و ھەڵبژاردەی ئەرجەنتین کە پاڵەوانی جامی ئەمریکای باشوورە ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.
ھەروەھا بەپێی دوایین پۆڵینی جیھانی فیفا کە لە ١١ی حوەزیرانی ئەمساڵدا بۆ تۆپی پێ بڵاوکراوەتەوە، ھەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە ڕیزبەندی یەکەمدایە و لە دوای ئەویش ھەڵبژاردەی ئیسپانیا پلەی دووەمی ڕێزبەندییەکەی گرتووە.
- نمایشی ھونەری
بۆ یەکەمجار لە مێژووی مۆندیالدا لە یاری کۆتاییدا، نمایشێکی ھونەری لە نێوان ھەردوو گێمی یارییەکەدا نمایش دەکرێت و ھاوشێوەی ئەو نمایشانەن کە لە خوولی ئەمریکا بۆ تۆپی پێ "Super Bowl " ئەنجام دەدرێن.
ھەریەک لە جەستن بیبەر، مادۆنا، شاکیرا، بێرنا بۆی، بی تی ئێس و سەرۆکی تپی مۆسیقای ئۆرکێسترای ڤێنیزوێلا، گوستاڤۆ دودامێل لەگەڵ ھونەرمەند و گرووپەکانی دیکە بەشداری لە نمایشەکەدا دەکەن.
نمایشەکە بە پاڵپشتی "FIFA ــ Global Citizen" ئەنجام دەدریت کە ئامانجی لێی کۆکردنەوەی ١٠٠ ملیۆن دۆلارە بۆ فراوانکردنی دەرفەتەکان، بۆ ئەوەی منداڵان لە سەرانسەری جیھاندا بتوانن مافی خوێندن بەدەستبھێنن، ھەروەھا بتوانن یاری تۆپی پێ بکەن.
ماوەی نمایشەکە مشتومڕی لەسەر کاتی پشووی یارییەکە دروستکردووە، چونکە باس لەوە دەکرێت کە ئامادەکردن و لابردنی ستەیجەکە لە کاتی پشووی یارییەکەدا، کاتی زیاتری دەوێت.
لە یاساکانی یەکێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (IFAB) ئاماژە بەوەکراوە کە نابێت پشووی نێوان ھەردوو گێمی یاری لە ١٥ خوولەک تێپەڕ بکات، ھەرچەندە دەتوانرێت بە مۆڵەتی ناوبژیوان ماوەکە درێژ بکرێتەوە.
- بۆ یەکەمجار ئەڵقەی تایبەت بە مۆندیال دەدرێت بە یاریزانانی براوە
لە ڕێوڕەسمی پێدانی جامی جیھانی بە ھەڵبژاردەی براوە، یاریزانانی ھەڵبژاردەی براوە ئەڵقەی تایبەت بە پاڵەوانێتییەکە وەردەگرن، ئەمەش بۆ یەکەمجارە لە مێژووی پاڵەوانێتییەکانی فیفا ڕوودەدات.
بڕیارە کاپتنی ھەڵبژاردەی براوە و ڕاھێنەرەکەی لە ڕێوڕەسمی خەڵاتکردندا لەگەڵ جام و مەدالیاکاندا، دوو ئەڵقەی سیمبولیان پێ ببەخشرێت.
دواتر ٣٠ ئەڵقەی تایبەتی دەدرێن بە یاریزانانی ھەڵبژاردەی براوە کە لایەکی ئەڵقەکە دیزاینی مۆندیال لایەکەی دیکەشی وردەکارییەکانی ناسنامەی ھەڵبژاردەی براوەی لەسەرە.
ئەڵقەکان بەشێکن لە چاپێکی سنووردار کە ژمارەیان دوو ھەزار و ٢٦ پارچەن و لەو ژمارەیە ٣٠ دانەیەن بۆ یاریزانانی ھەڵبژاردەی براوەیە و ھەزار و ٩٩٦ پارچەکەی دیکە بۆ ھاندەران دەبن.
- ئیسپانیا ھەوڵی بەدەستھێنانی دووەم مۆندیال دەدات
ھەڵبژاردەی ئیسپانیا ھەوڵدەدات لە مێژووی خۆیدا بۆ دووەم جار مۆندیال بەدەستبھێنێت، دوای ئەوەی بۆ یەکەمجار مۆندیالی لە ساڵی ٢٠١٠ بەدەستھێنا.
ئەگەر ھەڵبژاردەی ئیسپانیا لە یاری کۆتایی مۆندیالدا بەرامبەر ھەڵبژاردەی ئەرجەنتین سەرکەوتن بەدەست بھێنێت، دەبێتە حەوتەم ھەڵبژاردە کە زیاتر لە جارێک مۆندیال بباتەوە.
ھەروەھا ئیسپانیا دەبێتە یەکەم وڵات کە لە یەک کاتدا نازناوی ھەردوو نازناوی مۆندیالی پیاوان و ئافرەتان بەدەست بھێنێت، دوای ئەوەی ھەڵبژاردەی ئافرەتانی ئیسپانیا لە ساڵی ٢٠٢٣ نازناوەکەیان بردەوە.
لە بەرامبەردا ھەڵبژاردەی ئەرجەنتین ھەوڵدەدات لە مێژووی خۆیدا بۆ چوارەم جار، نازناوی مۆندیال ببیاتەوە دوای ئەوەی سێ مۆندیالی لە ساڵانی ١٩٧٨، ١٩٨٦ و ٢٠٢٢ بەدەستھێنا.
ھەروەھا ھەڵبژاردەی ئەرجەنتین ھەوڵ دەدات ببێت بە یەکەم ھەڵبژاردە کە دووجار لەسەریەک مۆندیال بباتەوە، دوای ئەوەی بەڕازیل دوو جار لەسەر یەک نازناوی مۆندیالی لە ساڵانی ١٩٥٨ و ١٩٦٢ بەدەستھێنا.
تا ئێستا ھەڵبژاردەی ئیسپانیا و ھەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان و یارییە دۆستانەکاندا، ١٤ جار ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە و ھەر ھەڵبژاردەیەک شەش یاری بردووتەوە و دوو یاریش یەکسانبوونە.
- بەرگریی بەھێزی ھەڵبژاردەی ئیسپانیا
ھەڵبژاردەی ئیسپانیا دوای ئەوەی یەکێک لە بەھێزترین بەرگریی لە مێژووی مۆندیالدا ئەنجامدا، گەیشتە یاری کۆتایی.
ھەروەھا ئیسپانیا بوو بە یەکەم ھەڵبژاردەی کە لە شەش یاریدا لە پاڵەوانێتییەکەدا گۆڵی لێ نەکرا و لە حەوتەمیان یارییدا یەک گۆڵی لێکراوە، ئەو تاکە گۆڵەیش لە ڕووبەڕوونەوەی لەگەڵ بەلجیکا بوو لە قۆناغی چارەکی پێش کۆتایی و یارییەکەش بە سەرکەوتنی ھەڵبژاردەی ئیسپانیا بە ئەنجامی (٢-١)، کۆتایی ھات.
- زنجیرەیەک یاری بەبێ دۆڕان
ھەڵبژاردەی ئیسپانیا کە لە ٣٧ یاریی ڕابردوودا تامی دۆڕاندنی نەکردووە لە یاریی کۆتایی مۆندیالدا ڕووبەڕووی ھەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەبێتەوە کە لەو ٣٧ یارییە، ٢٧ی یاری بردووەتەوە و ١٠ یاریش یەکسانبووە.
بەوەش ھەڵبژاردەی ئیسپانیا، درێژترین زنجیرەی یارییە نێودەوڵەتییەکانی بەبێ دۆڕاندن تۆمارکرد کە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠٢١، لەلایەن ھەڵبژاردەی ئیتالیاوە تۆمارکراوە.
ھەروەھا ڕاھێنەری ھەڵبژاردەی ئیسپانیا، لویس دی لا فوێنتێ بووە ئەو ڕاھێنەرەی کە زۆرترین یاری لە مۆندیال و پاڵەوانێتی ئەورووپا، بەبێ دۆڕاندن ئەنجامداوە.
لویس دی لا فوێنتی لە ١٤ یاریدا لە ھەردوو پاڵەوانێتییەکەدا سەرکردایەتی ھەڵبژاردەی ئیسپانیای کردووە کە ١٣ی بردووەتەوە و یەک یاریش یەکسانبووە.
ــ ڕاھێنەری ھەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەھیوای بەدەستھێنانی دەستکەوتێکی مێژووییە
ڕاھێنەری ھەڵبژاردەی ئەرجەنیتن، لیۆنێل سکالۆنی لە بەردەم بەدەستھێنانی دەستکەوتێکی مێژووییە، چونکە ئەگەری ھەیە ببێتە دووەم ڕاھێنەر کە دوو جار لەسەر یەک مۆندیال بباتەوە.
ھێشتا ڕاھێنەری پێشووتری ھەڵبژاردەی ئیتاڵیا، ڤیتۆریۆ پۆپسۆ کە لە ساڵی ١٩٦٨ کۆچی داوایی کرد، بە تاکە ڕاھێنەر دادەندرێت کە دوو مۆندیالی لەسەر یەک بەدەستھێنا کە ئەوانەش لە ساڵانی ١٩٣٤ و ١٩٣٨ بوون.
ھەروەھا ھەڵبژاردەی ئەرجەنتین ھەوڵدەدات بۆ چوارەم جار لە مێژووی خۆیدا، مۆندیال بەدەستبھێنێت دوای ئەوەی جامی کۆپا ئەمریکای لە ساڵانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٤ و بۆ سێیەمجاریش جامی جیھانی لە ساڵی ٢٠٢٢ بەدەستھێنا.
- لیۆنێل میسی لە بەردەم سێیەم یاریی کۆتایی مۆندیال دایە
یاریزان و کاپتنی ھەڵبژاردەی ئەرجەنتین، لیۆنێل میسی ئەگەر بەشداری لە یاری کۆتایی مۆندیالدا بەرامبەر ھەڵبژاردەی ئیسپانیا بکات، ئەوە دەبێتە دووەم یاریزان کە لە میژوودا لە سێ یاری کۆتایی مۆندیالدا بەشداری بکات.
ھەروەھا یاریزانی ھەڵبژاردەی ئەرجەنتین، لیۆنێل میسی بەشداری لە یارییە کۆتاییەکانی مۆندیاڵی ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠٢٢دا کردووە لە کاتێکدا یاریزانی پێشووی ھەڵبژاردەی بەرازیل، مارکۆس ئیڤانگەلیستا دی مۆرایس ناسراو بە "کافۆ" بەشداری لە یارییە کۆتاییەکانی مۆندیالی ساڵانی ١٩٩٤، ١٩٩٨ و ٢٠٠٢دا کردووە.
ئەگەر لیۆنێل میسی گۆڵ لە ھەڵبژاردەی ئیسپانیا تۆمار بکات، ئەوە دەبێتە شەشەم یاریزان کە لە دوو یاری جیاوازی کۆتایی مۆندیالدا گۆڵ تۆمار بکات.
بەر لەوەش ھەریەک لە یاریزانانی بەرازیل، ئێدڤاڵدۆ ئیزیدیۆ نێتۆ و ئێدیسۆن ئارانتس دو ناسیمۆندۆ "پێلێ" کە ئێستا لە ژیاندا نەماون و یاریزانی پێشووی ھەڵبژاردەی ئەڵمانیا، پۆڵ بریتنەر و یاریزانی پێشووی ھەڵبژاردەی فەڕەنسا، زینەدین زێدان و یاریزانی ئیستای ھەڵبژاردەی فەڕەنسا، کیلیان مباپێ توانیویانە لە دوو یاری جیاوازی کۆتایی مۆندیالدا، گۆڵ تۆمار بکەن.
تا ئێستا لیۆنێل مێسی لە مۆندیالی ٢٠٢٦دا، ھەشت گۆڵی تۆمارکردووە و کۆی گۆڵەکانی لەسەرجەم ئەو مۆندیالییانەی بەشداری تیایدا کردوون، گەیاندە ٢١ گۆڵ، جگە لەوەش ١٢ ئاسیستشی تۆمار کردووە.
ھەروەھا لە ڕیزەکانی ھەڵبژاردەی ئەرجەنتین، یاریزانی ھەڵبژاردەکە، ئەلێکسیس ماک ئەلیستەر خاوەنی ژمارەی پێوانەییە و زۆرترین یاری مۆندیال کە ژمارەیان ١٣ یارییە، ئەنجامداوە.