Recep Şakar
06 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 06 کانوونی دووەم 2022
مێلبۆرن - AA
یاریزانی سربی، نۆڤاک جۆکۆڤیچ کە لە ریزبەندی یەکەمی یاریزانانی تێنسی جیهاندایە، رێگەی چوونە ناو ئوستورالیای پێنەدرا و ڤیزەکەی هەڵوەشێندرایەوە.
نۆڤاک جۆکۆڤیچ بە مەبەستی بەشداریکردن لە یارییەکانی "Grand Slam" کە لە ١٧-٣٠ی کانوونی دووەم سازدەکرێت، چووبووە ئوستورالیا، بەڵام لە فڕۆکەخانەی شاری مێلبۆرن بەهۆی ئەوەی مەرجەکانی چوونە ئوسترالیای بەجێنەهێناوە، ڤیزەکەی هەڵوەشێندرایەوە و رێگەی پێنەدرا بچێتە ناو ئەو وڵاتەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی ئاسایشی سنووریی لە ئوستورالیا، ئەو یاریزانە "بەڵگەی گونجاوی تایبەت بە جێبەجێکردنی مەرجەکانی چوونە ئەو وڵاتەی بەجێنەهێناوە"، بۆیە ڤیزەکەی هەڵوەشێندراوەتەوە.
هەروەها سەرۆکوەزیرانی ئوستورالیا، سکۆت مۆریسۆن لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر راگەیەندراوێکی دەربارەی ئەم رووداوە بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی "هیچ کەس لە سەروو یاساوە نییە. سیاسەتە بەهێزەکانی پاراستنی سنوور لەوەدا کە ببینە یەکێک لەو وڵاتانەی کەمترین حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی کۆرۆنای تیادا تۆمار کراوە، گرنگییەکی زۆری هەیە".
لەئێستاشدا، نۆڤاک جۆکۆڤیچ لە فڕۆکەخانەی مێلبۆرن-ە و ئەگەری هەیە سنوورداشی وڵاتەکەی بکرێتەوە.