ھەکاری
بە سەرپەرشتی یانەی شاخەوانی رەشکۆی ھەکاری و بەڕێوەبەرایەتی کاروباری گەنجان، رێپیوانێک بۆ سەر چیای جیلۆ سازکرا.
ژمارەیەکی زۆری شاخەوانان کە لە ناوچە جیاجیاکانی تورکیا سەردانی ھەکارییان کردبوو، بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە بەشدارییان لەو رێپیوانە کرد.
ئەو رێپیوانە کە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوامبوو، شاخەوانەکان یەکەم شەو لە گوندی داریجای سەر بە گەڤەر کەمپیان ھەڵدا و رۆژی دووەم گەیشتنە ناوچەی ئولودۆروک لە بەرزایی ٤١٣٥ مەترە و دوای ئیمزاکردنی دەفتەری بیرەوەرییەکان لە لووتکەدا، شاخەوانەکان له شاخ هاتنه خوارهوه.
ئەمین یڵدرم سەرۆکی یانەی رەشکۆ بۆ وەرزشە شاخاوییەکان گوتی: "ساڵانی رابردوو بەھۆی بەردەوامی شەڕ و توندوتیژییەکانەوە شاخەوانێکی زۆر کەم سەردانی ناوچەکەیان دەکرد، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناغی چارەسەری و ئارام بوونی رەوشی ناوچەکە و ھەڵوەشاندنەوەی قەدەغەکانی سەر کوێستان و بەرزاییەکان، شاخەوانەکانیش ئاسوودە بوون و دەستیان بە ھاتن بۆ ناوچەکە کرد و ئامانجی ئێمەش ناساندنی ناوچەکەیە تا بەو جۆرە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار سەردانی ناوچەکە بکەن."
یڵدرم گوتی: "بۆ ناساندنی ناوچەکە گرنگییەکی زۆر بەو جۆرە چالاکییانە دەدەین و من لێرەوە ئەو پەیامە ئاراستەی سەرانسەری تورکیا دەکەم کە ئەم ناوچەیە جێگای متمانەیە، کەشوھەوایەکی خاوێنی ھەیە و نامانەوێ ھیچ کەسیش لە بواری ئەمنی و ئاسایشیدا ھیچ جۆرە ترس و دڵەڕاوکێیەکی ھەبێ، ئەوانەی دەیانەوێ سەردانی ناوچەکە بکەن سەربەستن و زۆر بە ئازادی دەتوانن بە دڵی خۆیان سەردانی ناوچەکە و شوێنە جیاجیاکانی ناوچەکە بکەن."
یەک لەو کەسانەی بەشداری ئەو رێپیوانەی کرد رەمەزان ئاکباشی تەمەن ٧٣ ساڵە و گوتی: "بۆ ئەوەی ببمە نموونەیەکی باش بۆ شاخەوانە گەنجەکان بەشداریم لەو رێپیوانە کردووە و داوا لە ھەموو شاخەوانانی تورکیا دەکەم سەردانی ھەکاری و چیاکانی ھەکاری بکەن. ھەکاری یەک لەو شوێنانەیە کە پێویستە سەردانی بکرێ و دوای ھەڵوەشاندنەوەی قەدەغە سەربازییەکانی سەر ناوچەکە و ھاتنی گەشتیار بۆ ناوچەکە، گۆڕانکارییەکی یەکجار گەورە لە ناوچەکەدا دێتە ئاراوە."
جەواھیر شەنۆلی یەک لەو شاخەوانانەیە کە لە ئیستەنبوڵەوە سەردانی ھەکاری کردووە و گوتی: "بەڕاستی من زۆر سەرسامی جوانی سروشتی ھەکاری و مێوانپەروەری دانیشتوانی ناوچەکەم و تاقە ژنی نێو ئەو تیمەم و ئەمە یەکەمجارە دچمە لووتکەی چیای جیلۆ، زۆر سوپاسی ھاوڕێیانم دەکەم کە ھاوکارییان کردم، بۆ یەکەم جار لەگەڵ ئەو کەسانەی کە زمانەکەیانم نەدەزانی یەکترمان ناسی و یەکتر ناسینێکی زۆر خۆش و بەسوود بوو، کەلتوور و مرۆڤەکانی ھەکارییان بە من ناساند و ئەوانیش منیان ناسی، بەڕاستی کاتێکی زۆر خۆشمان بەسەر برد."