مەدرید
راھێنەر رافێیەل بەنیتێز بۆ ماوەی سێ وەرز گرێبەستی لەگەڵ یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی واژۆ كرد. مەڕاسیمی بە فەرمی ناساندنی رافێیەل بەنیتێز لە یارییگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەچوو. دوای مەڕاسیمەكە راھێنەرە نوێكەی یانەی ریال مەدرید كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سازكرد و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
رافێیەل بەنیتێز بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: " ئەمڕۆ بۆ من رۆژێكی زۆر بە مانا و پڕ بەھایە. گەڕامەوە نێو ھاوڕێیەكانم ھیوادارم سەركەوتوو بم. ئێرە ماڵی منە ھیوادارم یانەكە باشتر یاری دەكات و نازناوی نوێ بەدەست دەھێنێ. لە ھەموو شتێك گرنگتر بۆ من ئەوەیە ئەو یانەیەی كە پێكھاتەیەكی باشی ھەیە باشتر سوودیان لێ وەربگرین. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یاریزانی نوێ بێت زۆر باشتر دەبێ. یانەی ریال مەدرید یانەیەكی تیكۆشەرە، یارییەكەی باش ئەنجام دەدات و ھەموو كات بۆ بردنەوە یاری دەكات. ئەوەش ئامانجی منە.
راھێنەرە ئیسپانیەكە ئاماژەی بەوەش كرد ریال مەدرید باشترین یانەیە كە ئەو تا ئێستا راھێنەرایەتی كردبێ. گوتیشی: "ئامانج ھەموو جار ھەر وەك یەك بووە. ئەویش بەرز كردنەوەی ئاستی یاریزانان و یاری پێكردنیانە لەسەر بنەمای یەك تیم. دەمەوێ یارییەك بكەین ببینە جێگای خۆشحاڵی ھاندەران. كاتێك ئەمەش پەیڕەو دەكەم بە دڵنیاییەوە پێویستم بە زانست دەبێ. یاریزانان ھەموو كات رێگای بە دەستھێنانی نازناون ئێمە تەنیا سیستەمی یارییەكان دیار دەكەین.
ئەو 21 ساڵ پێش ئێستا یاریدەدەری راھێنەری یانەی ریال مەدرید بوو، وەك خۆی باسی دەكات ئێستا وەكو راھێنەر گەڕاوەتەوە ریال مەدرید ئەمەش زۆر دڵخۆشی كردووە.
سەرۆكی یانەی ریال مەدرید فلۆرینتینۆ پەرێز لەبارەی رافێیەل بەنیتێز گوتیڵ: "ئەو لە دانانی پەیوەندی لەگەڵ یاریزانان خاوەن توانایەكی بەرزە، رافێیەل بەنیتێز راھێنەرێكی بە ئەزموونە و چەندی نازناوی گرنگی بە دەست ھێناوە.
پەرێز گوتیشی: "یانەی ریال مەدرید ئەو كەسانە رەت دەكاتەوە كە بڕوایان بەخۆیان نییە و رایان لە خۆیان نییە. مێژووش شایەدیمان بۆ دەدات كە ئێمە یانەیەكی لەوپەڕی باشیداین. بەنیتێز گەڕایەوە بۆ نێو ماڵەكەی و سەردەمێكی نوێ دەست پێدەكات. من دڵنیام لەسەر دەستی راھێنەرەكەمان ئێمە بەھێزتر دەبین. یانەی ریال مەدرید خەونی رافێیەل بەنیتێز بوو ئەوە خەونەكەی ھاتە دی".