ئەو فۆتۆگرافەرە زیاتر لە دوو ھەزار لە وێنەو فۆتۆکانی بوونەتە بەرگی گۆڤارە بەناوبانگەکانی جیھان، لەنێویاندا گۆڤاری ناشناڵ جوگرافیك، ھەروەھا تائێستا ٢٧ کتێبی فۆتۆگرافی بڵاو کردۆتەوە.لەساڵی ١٩٩١ بەکاری فۆتۆگرافەری چووەتە کەناڵی تەلەڤزیۆنی ناشناڵ جوگرافیك، بەڵام ئێستا یەکێکە لەداڕێژەرانی ستراتیجیەتی ئەو فیلمانەی کە لە کەناڵەکە پیشان دەدرێن، زیاتر لە ١٠ کاری دۆکیۆمێنتاریشی بۆ کەناڵەکە ئەنجام داوە.
ڕەزا دیقەتی کە چەند ڕۆژێکە بەسەردانێک لەھەرێمی کوردستانە سەرقاڵی پڕۆژەیەکی فۆتۆگرافییە لەکەمپی دۆمیز و دەیەوێ منداڵانی ئەو کەمپەش فێری کاری فۆتۆگرافی بکا، تاوەکو لەڕێگەی فۆتۆکانیانەوە چیرۆکی خۆیان بگێڕنەوە.
دیقەتی ھاووڵاتییەکی بەڕەگەز ئێرانییە، بەڵام پێش ٣٣ ساڵ لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وڵاتەکەی بەجێھێشتووە و لەپاریسی پایتەختی فەرەنسا نیشتەجێ بووە و تائێستا نەگەڕاوەتەوە وڵاتەکەی.
ئەو فۆتۆگرافەرە لەلێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، باس لەسەرەتای دەستپێکردنی کاری فۆتۆگرافی و پڕۆژەکانی و ھۆکاری سەردانەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان دەکا.
ڕەزا دیقەتی لەبارەی سەرەتای کاری فۆتۆگرافییەوە دەڵێ "ھەموو چیرۆکی فۆتۆگرافی من لە تەمەنی ١٣ ساڵییەوە لە فۆتۆیەکەوە دەست پێدەکا، لێرەوە بۆم دەرکەوت فۆتۆگرافی چەند گرنگە، بۆیە بڕیاری دەستکردن بەکاری فۆتۆگرافیمدا."
ھەروەھا دەڵێ "من خۆم بەفۆتۆگرافەر نازانم، بەڵام ئەوەی بیر دەکەمەوە ئیشی من ئەوەیە بتوانم چیرۆکی مرۆڤەکان بەیەکتر بگەیەنم، بۆئەو مەبەستەش کاری فۆتۆگرافیم ھەڵبژارد، ئەگەر وانەبوایە کاری موزیک یان ئاوازدانانم ھەڵدەبژارد."
ڕەزا دیقەتی باس لەوە دەکا عاشقی کاری فۆتۆگرافی نیغە و خۆی بەفۆتۆگرافەر نازانێ، بەڵام وەک میکانیزمێک بۆ گەیاندنی چیرۆکی مرۆڤەکان بەیەکتر بەکاری دێنێ و لەو ڕێگەیەوە چیرۆک دەگێڕێتەوە "فۆتۆگرافەری باشترین ڕێگایە بۆ من، گرنگترین زمانی مرۆڤەکانی دنیاش فۆتۆگرافە."
ئەم فۆتۆگرافەرە باس لەفۆتۆکانی دەکا "نامەوێ ھیچ شتێک کە پێویست نەبێ لە فۆتۆکانمدا ھەبێ، دەمەوێ ھەموو فۆتۆیەکیشم چیرۆکێک لەپشتییەوە ھەبێ."
ڕەزا دیقەتی ساڵانە تەنیا ٣ مانگ لەپاریس بەسەر دەبات ، مانگەکانی دواتر بەدوای فۆتۆدا وڵاتانی تر دەگەڕێ، بەجۆرێک لەماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردودا ١١٥ وڵاتی دنیا گەڕاوە و کاری فۆتۆگرافی لەو وڵاتانە ئەنجام داوە، کە بەشێکیان لەکاتی جەنگەکاندا بوون، بەڵام تائێستا نەچووەتە وڵاتی سوریاو کاری فۆتۆگرافی لەم وڵاتەدا نییە.
دیقەتی ھۆکارەکەی روون دەکاتەوە "نەچوونم بۆ سوریا بابەتی جەنگ نییە، من ھاووڵاتییەکی بەڕەگەز ئێرانیم ئەگەر لەلایەن شۆڕشگێڕەکانەوە بگیرێم بەئێرانیم لەقەڵەم دەدەن، لەبەرامبەریشدا لەلایەن ھێزەکانی بەشار ئەسەدیشەوە رووبەڕووی گرتن دەبمەوە چونکە ئێران ھاوپەیمان و پشتیوانی ڕژێمی ئەو وڵاتەیە."
ئەو فۆتۆگرافەرە ئێستا بەسەردانێک لەھەرێمی کوردستانەو لەکەمپی دۆمیز سەرقاڵی پڕۆژەیەکە بۆ منداڵانی ئاوارەی سوریا "خولێکی فێرکردنی فۆتۆگرافیم بۆ ١٥ منداڵی ئاوارەی کەمپەکە کردۆتەوە، بۆئەو مەبەستەش کامێرای پێشکەوتووم لەفەرەنساوە بۆ ھێناون، تاوەکو بتوانن چیرۆکی ژیانی پەنابەران لەڕێگەی ئەو منداڵانە خۆیانەوە بگەیەنن بەھەمووان، تا بزانن ژیانی پەنابەران چۆنە."