ھەولێر
لە درێژیی کار و چالاکییەکانی کۆمەڵەی مەستوورەی ئەردەڵان لە ژێر دروشمی "ساتێک بۆ خەندەی لێوەکان"، ئەمڕۆ شەممە، ھونەرمەندی کۆمیدی "حەمکو"ی وەک کەسایەتیی کۆمیدی بۆ ساڵی ٢٠١٤ بە ناونیشانی ئیمپراتۆری کۆمیدیایی کوردی دەستنیشان کرد و لە رێوڕەسمێکی رێزلێناندا خەڵاتی کەسایەتیی کۆمێدی پێ دەبەخشێ.
محەمەد فەرەیدون جورجا ناسراو بە حەمکۆ، لە ساڵی ١٩٧١ لە شاری ھەولێر لە خێزانێکی هەژار لە دایک بووە، باوکی مەسیحی ودایکی موسڵمانە.
حەمکو ھەر لە سەرەتای ژیانەوە دایکی خۆی لە دەست داوە و حمکۆ و زەینب -ی خۆشکی لەگەڵ باوکیان لە گۆڕستانی شێخەڵای ھەولێر، ژیانیان بە سەر بردوە.
حەمکۆ لە رێوڕەسمێکەدا گوتی" کۆمێدیا لە ناو کۆمەڵگای ئێمەدا زۆر ناسراو نییە، من ھەموو ھەوڵی خۆم دەخەمە کار تا ئەو ھونەرە بەرەو پێش ببەم."
هەروەها گوتی، ئێمە لە رێگای کۆمێدیاوە دەتوانین زۆر شت بکەین و ببین بەھۆی پێشکەوتنی وڵاتی خۆمان، من تەنیا کەسایەتییە سیاسیەکان بە بەرپرس نازانم لە وڵات، تاک بە تاکی ئەو وڵاتە لە پێشخستنی خاکی خۆی بەرپرسە.
حەمکۆ بۆ AA گوتی "من زۆر خوشحاڵ و سەربەرزم و ئەو خەڵاتە بە گەورەترین خەڵاتی ژیانی خۆم دەزانم و وەک کەسایەتی کۆمیدیایی ساڵ ناسراوم، من ھیچ پەیوەندییەکم بە سیاسەتیشەوە نییە و تەنیا کوردم."
سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی رۆشنبیریی ئەردەڵانخێروڵا موزەفەر بۆ AA گوتی "ئێمە وەک نەریتێکی ساڵانە کەسایەتیەکان لە بواری ھونەری، ئەدەبی و راگەیاندن بە پێی راپرسی دەستنیشان دەکەین و بە خەڵکیان دەناسینین، ئەمساڵیش لە بواری ھونەریدا کەسایەتیی کۆمیدی محەمەد فەرەیدون جورجا ناسراو بە حەمکۆ بۆ رێزلێنان دەستنیشان کرا."