ھەولێر
مام حوسێن کە بە "ئەبو شوارب" ناسراوە و خۆی گوتەنی سمێڵەکانی لە ھەموو ئەندامانی جەستەی زیاتر خۆش دەوێ و دەڵێ "ھەموو کوردستانم بدەنێ نایتاشم."
ھەروەھا دەڵێ سمێڵەکانی زۆر ئاسانکارییان بۆ کردووە و بۆ ئەو وەکو ناسنامەیە.
اوای لێدەکرێت لە فیلمی سینەماییدا بەشداری بکات، بەڵام ئەو ھێشتا نەگەیشتووەتە بڕیارێک، سەرەرای ئەوەی دەرھێنەری بەناوبانگی کورد بەھمەنی قوبادی ئارەزووی بەشداریپێکردنی کردووە و دوو جاریش داوای لێکردووە، بەڵام مام حوسێن دەڵێ "بیرم لێنەکردووەتەوە، چونکە لە کوردستان بە گشتی بە سستی دەزانم بەشداری ئەو فیلمانە بکەم".
چیرۆکی سمێڵەکانی مام حوسێن کە ئامادەی بەشداریکردنە لە ھەر فیستیڤاڵ یان پێشبڕکییەکی جیھانیی سمێڵ و دەڵێ: "پێمخۆشە بەناوی کوردەوە بەشداری بکەم."
لەساڵی ١٩٩٤ بەھۆی ئاگر بەردەبێتە سمێڵی و خۆی ئەو رووداوە بە" کارەسات" ناودەبات و دەڵێت: "زۆر زۆرم خەم لە سووتانی سمێڵەکەم خوارد، ئەوەندەشی خەمی سمێڵەکەم بوو خەمی شوێنە سووتاوەکانی دیکەم نەبوو."
مام حوسێن لەساڵی ١٩٧٢ لە یەک ساڵدا دوو جار ژن دەھێنی، ١٣ منداڵی ھەن، ٨ کوڕ و ٥ کچ، ١٥ نەوەشی ھەیە، لە ساڵی ١٩٧٧یشەوە بە چاککردنەوەی بەفرگر(سەلاجە)ە و موبەریدەوە خەریکە و لەپاڵ ئەوانەشدا سپلیت و فێنککەرەوەی ئۆتۆمبیلیش چاک دەکاتەوە.
ھیچ کام لە ئەندامانی خێزانەکانی بە سمێڵەکانی ئەو ناڕەحەت نین، دەشڵێت: "خۆیان بە سمێڵەکەی منەوە ھەڵدەکێشن و شانازیی پێوە دەکەن." مام حوسێن لەبارەی چیرۆکی دوو ژنییەکەیەوە دەڵێت نیازی دوو ژنیی نەبووە، بەڵام بە رێکەوت بووە، لەمبارەیەوە وا دەیگێڕێتەوە "ئەو ژنەم کە لەژیاندا ماوە دەزگیرانم بوو ئیتر دایکی ھەرجارە و بە بیانوویەک گواستنەوەی دوادەخست و دەیگوت منداڵە، بەڵام من بڕیارم دا و ژنێکی دیکەم ھێنا، دواتر پێانگوتمەوە یان واز لەدەزگیرانەکەم بھێنم یان بیگوێزمەوە، ئەوەبوو ھەر پاش چەند مانگێک لەژنی یەکەمم دەزگیرانەکەشم گواستمەوە و لەیەک ساڵدا بووم بە خاوەنی دوو ژن."
یەکێک لەو شتانەی بەدەم گێڕانەوەوە باسی لێوەدەکرد ئەوەبوو کە ھیچ لە منداڵەکانی خۆی ماچ نەکردووە و لە باوەشی نەگرتوون، بۆ ئەمەش دەڵێت: "زۆرم خۆش دەوێن و دەڵێم نەوەک شتێک روبدات و نەتوانم خۆم پێڕابگیرێت." بەڵام ئەمە بۆ نەوەکانی تەواو پێچەوانەیە کە ھەر لەوکاتەی لەماڵەکەیدابوون چەندین نەوەی لەباوەشی خۆی دەکرد و ماچی دەکردن.
حوسێن عەبدوڵا لەگەڵ تەمەنەکەیدا ھێشتا گەنجێتی پێوەدیارە، بەو رانگوچۆغەی لەبەریدابوو پێدەچوو دڵە تەڕەکەی بە باشی کاربکات، ئەو تەمەن لەنێو سمێڵەکەیدا دەبێنێت و وەکو خۆی دەڵێت سمێڵەکەی زۆر جار دەبێتە جێی رەخنە و زۆرجاریش بزە و قاقا بۆ بەرامبەرەکانی دەھێنێت. دەشڵێ: "زۆر کەسیش قسەی ناشیرینم پێ دەڵێن، ئەگەر جنێۆیشم پێبدەن جوابیان نادەمەوە."
لەبارەی سمێڵ لە ئێستا و جاراندا مام حوسێن بە پێکەنینەوە گوتی " زۆریان فەرقە"، ئەو پاش بێدەنگبوونێکی کاتی لەقسەکردن گوتی جاران ئەگەر کەسێک ئیشێکی خراپی کردبا سمێڵیان دەتاشێ و سمێڵ تاشین لە کوردەواریدا عەیبە بوو، خەڵک بە سمێڵی دەناسرایەوە، بەڵام ئێستا ھێشتنەوەی کەمە و سمێڵ تاشین مۆدەیە. لەبارەی کوڕەکانی خۆشییەوە کە ھەندێکیان جاروبار دەیتاشن گوتی" ئەوان ئازادن و من نابمە دیکتاتۆر تا بیھێڵنەوە".
تاکە مەرجی مام حوسێن بۆ ئەنجامدانی ئەم چاوپێکەوتنە تایبەتە لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆلۆ AA ئەوەبوو نوێژی ھەینیی لەکیس نەدەین، گوتیشی: "ئەگەر نوێژەکەم لەدەست بچێت چاوپێکەوتن ناکەم"، ئەو بە بیری نایەت رۆژووی رەمەزانی خواردبێ، خۆی بە پیاوێکی موسوڵمان دەزانێت و پێنج فەرزەش نوێژەکانی خۆی دەکات. لەبارەی حەرام بوون و نەبوونی دانانی سمێڵەکانی لە ئیسلامدا دەڵێت " من خواردن و خواردنەوە دەخۆم بێ ئەوەی سمێڵم بەری بکەوێت، گرەو لەگەڵ ھەرکەسێکیش دەکەم بڵێ وا نییە، ئیتر کە توانیم سمێڵم بەر خواردن و خواردنەوە نەکەوێت حەرام نییە."
مام حوسێن باس لەوەش دەکات کە سمیڵەکانی قەد نەبوون بە کێشە بۆ ئەو تەنھا جارێک نەبێت کە لەو کاتەی بووە بەسەرباز لەناو سوپای سەدام حوسێندا ئەفسەرێک کە خۆی سمێڵی نەبووە رقی لێ بووە و ویستوویەتی سمێڵەکانی لاببات و ، بەڵام ئەم سمێڵی نەتاشیوە.
بێستون کوڕێکی خۆشەویستی مام حوسێنە کە مامۆستای زمانی ئینگلیزییە و تەمەنی ٢٦ ساڵە، سمێڵەکانی باوکی بە ئاسایی دەزانێت و دەڵێت شانازیی پێوە دەکەن. پێشیوایە چۆن ئەو خولیای و ئارەزووی خۆی ھەیە، باوکیشی خولیای درێژکردنەوەی سمێلەکانی ھەیە و دەڵێت لەسەر باوکی ھەندێک جار رەخنە و ھەندێک جاری تریش پاڵپشتی دەکرێت و ئەوەش بە ئاسایی وەردەگرێت، بێستۆن گوتیشی: "قەد داوام لە باوکم نەکردووە سمێڵەکانی کورت بکاتەوە."
مام حوسێنیش دەڵێت بەدڵ حەز دەکات یەکێک لە کوڕەکانی لەپاش خۆی سمێڵ درێژ بکا، بەڵام دەڵێ: "ئەمە بە زۆری ناکرێت."