Heman Hussein Yaseen
20 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 21 تشرینی یەکەم 2019
هەولێر - AA
بە مەبەستی گەشەپێدان و دیاریکردنی کاریگەرییەکانی نێوان ھەردوو زمانی کوردی و فارسی، کۆنفرانسی ھەماھەنگی نێوان ھەردوو زمان بەناونیشانی 'زمان و ئەدەبی کوردی - فارسی، پەیوەندیی و کاریگەرییەکان' لە هەولێر بەرێوەچوو.
ئەمرۆ یەکشەممە، بە ئامادەبوونی نوێنەری ١٠ زانکۆی هەرێمی کوردستان و تورکیا و ئێران، کۆنفرانسەکە دەستی بەکارەکانی کرد کە ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و چەندین توێژینەوە دەخرێتەڕوو.
یەکێک لە ئامادەکاری کۆنفڕانسەکە ئاماژە بەوە دەکات کە دوای تەواوبوونی کۆنفڕانسەکە، راسپاردەی کۆتایی لە چەند خاڵێک کۆدەکرێتەوە دەخرێتە بەردەم هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەوەی سوودی لێ ببینرێت لە ناوەندەکانی خوێندندا.
لیژنەی ئامادەکاری کۆنفڕانس و یاریدەدەری راگری کۆلێژی زمان لە زانکۆی سەڵاحەددین، تەڵعەت تاهیر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەهاوبەشی زانکۆی سەڵاحەدین و زانکۆی زەهرای ئێرانی ئەم کۆنفڕانسە بەڕێوەدەچێت کە تایبەتە بە زمان و ئەدەبی کوردی کە هاتووین توێژینەوەکانمان بخەینەڕوو، تا بزانین زمان و ئەدەبی کوردی و فارسی چ لێکچوون و جیاوازییەکان لەگەڵ یەکتردا هەیە، دواتر ناوەڕۆکی کۆنفڕانسەکە دەخرێتە بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەوەی کەڵک وەربگیرێت لە پڕۆگرامەکانی زمان و ئەدەبی کوردیدا".
هاوکات سەرۆکی بەشی زمان لە زانکۆی کوردستان لە سنە، دکتۆر بەختیار سەجادی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەڕێوەبردنی کۆڕی وا دەتوانێت رۆڵی گرنگ و سەرەکی و بەرچاو بگێڕێت لە پێناو بووژانەوەی زیاتر و پەرەپێدانی بنەماکانی هەردوو بەشی زمان و ئەدەبی کوردی و فارسی، ئەمە بابەتێکی هەستیارە و پێویستە بە شێوەیەکی جددی کاری لەسەر بکرێت، هاوکات پێویستمان چەند دامەزراوەیەکی فەرمییە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستمان بە هاوکاری و هەماهەنگی هەیە لە نێوان بەشە کوردییەکان لەگەڵ ئەکادیمیا کە بەداخەوە ئەم هاوکارییە لەئێستادا نییە، هەروەها هاوکاری نێوان ئەکادیما و پەرلەمان پێویستە هەبێت کە بەداخەوە پەیوەندییەکان زۆر کەمە".
لەم کۆنفڕانسەدا چەندین توێژینەوە دەخرێنەڕوو کە تیایدا هەوڵ دەدرێت کاریگەری و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو زمان و ئەدەبی کوردی و فارسی باس بکرێت و بەپێی بەرنامەی کاری کۆنفرانسەکە کە ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت ١١ پانێڵی تیادا بەرێوەدەچێت کە لەوێدا زیاتر لە ٤٠ توێژینەوەی زانستی بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و فارسی تیایدا پێشکەش دەکرێت.