رۆژی دوو شەممە گروپی چاوی زانكۆ ئەنجامی ڕاپرسیەكی لەبارەی خستنەڕوی كۆمەڵێك بابەتی پەیوەست بە دۆخ و گوزەرانی خوێندكاران و ئاستی زانستی زانكۆ و پەیمانگاكان لە ھەولێر راگەیاند.
راپرسیەكە لە رێكەوتی ٢٥-١١-٢٠١٣ تا ١٥-١٢-٢٠١٣ لە زانكۆ و پەیمانگاكانی ھەولێر ئەنجامدراوە و تێیدا چەند پرسیارێكی تایبەت بە رۆڵی حزبەكان لەناو زانكۆ، دامەزراندن، دەرماڵەی قوتابیان، ئاستی زانستی زانكۆ و ھەڵبژاردنی نوێنەرانی قوتابیان لە زانكۆكان گەشبینی قوتابیان بە بروانامەكانیان، رای ٥٠٠ خوێندكاری زانكۆی سەلاحەدین و پەیمانگاكانی وەرگرتووە.
سەبارەت بە رۆڵی حزب لەناو زانكۆكاندا سەدا ٥١.٣٤ قوتابیان پێیانوایە حزب رۆڵی ھەیە و سەدا ٢٧.٥٩ قوتابیان پێیانوایە رۆڵیان كەمە و سەدا ٩ پیانوایە رۆڵیان نیە و سەدا ١٢.٠٧ بە نازانم وەڵامیان داوەتەوە.
لەوەڵامی پرسیاری سیستمی دامەزراندن لە سەدا ٨.٦٢ متمانەی بەدامەزراندنە و سەدا ٣٠.٤٦ تارادەیەك متمانەی پێیەتی و سەدا ٥٥.٥٦ متانەی بەدامەزراندن نییە و سەدا ٥.٣٦یش بە نازانم وەڵامیان داوەتەوە.
لە وەڵامی پرسیاری متمانەبوون بە داھاتووی بڕوانامەوە كە قوتابیان كاریان دەست بكەوێ، سەدا ١٤.٧٥ گەشبینن، سەدا ٤٦.١٧ تارادەیەك گەشبینن، سەدا ٣١.٠٥ گەشبین نین و سەدا ٨.٠ بە نازانم وەڵامیان داوەتەوە.
سەرۆكی گروپی چاوی زانكۆ فەرمان رەشاد گوتی: "گروپی چاوی زانكۆی یەكەم راپرسیە ئەنجامی دەدا و بەشیوەیەكی پرۆفیشناڵانە راپرسیەكەی ئەنجامدراوە، پاش ئەنجامدانی ئەو راپرسیە چەند راسپاردیەكمان ھەیە بەتایبەت داوادەكەین ئەو دەرماڵەی قوتابیان وەری دەگرن لە سەدا سەد زیاد بكرێ. پێشنیار دەكەین لەناو بەشە ناوخۆییەكان نرخی ئەو خواردنە دەفرۆشرێتە قوتابیان بەنرخێكی گونجاوتر بێ."
فەرمان رەشاد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سەرجەم راپرسی و پیشنیارەكان دەدەینە پەرلەمان و وەزارەتی خویندینی باڵا، پیویستە كابینەی ھەشتی حكومەتی ھەرێمیش راپرسیەكە و داخوازیەكانی رۆژنامەنووسان بەھەند وەربگرێ و ھیوادارین پەرلەمانی كوردستانیش بەدواداچوونی جدی بۆ كێشەكانی قوتابیان و كێشەكانیان بكا."