Hemin Hüseyin
30 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 31 کانوونی دووەم 2019
هەولێر - AA
لە ژووری پێشوازی ماڵەکەی دانیشتووین و دوای چەند خوولەکێک، پیاوێکی بە جەستە لاواز و خاوەن هەگبەیەکی پڕ لە هونەر و میوزیکەوە بە هەناسەسوارییەوە هاتەژوورەوە و هاوسەرەکەیشی داوای لێکرین کە زۆر ماندووی نەکەین چونکە ماوەیەکە باری تەندروستی ناجێگیرە و چەند رۆژێکە لە نەخۆشخانە نێردراوەتەوە ماڵەوە.
لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردوودا، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی گۆرانی یاڵڵا شوفێر، محمەمەد ئەحمەد ئەربیللی ناوبانگێکی زۆر پەیدا دەکات و هەر ئەو کاتەش وەکو شوفێر لە نەخۆشخانەی کۆماریی شاری هەولێر دادەمەزرێت و لە ماوەیەکی کەمدا گۆرانی و میوزیکەکانی دەگاتە وڵاتانی دیکە و هونەرمەندانی جیهانی گۆرانییەکانی دووبارە دەکەنەوە.
وەک خۆی دەڵێت لە سەرەتای ساڵی ١٩٥٩ چووەتە ئێزگەی بەغدا و ئەو رۆژە یەکەم گۆرانیی بەناوی "مهن ئهربیلده چختم" واتا لە ھەولێر دەرچووم تۆمارکردووە و ئەمەش یەکەم وێستگەی بڵاوبوونەوەی دەنگی محەمەد ئەحمەد ئەربیللی دەبێت و ئەم گۆرانییەش هەر زوو بە گوێی هەوادارانی میوزیک و گۆرانی بڵاودەبێتەوە.
ئەگەرچی ئەربیللی بە رەچەڵەک تورکمانە، بەڵام بەهۆی تێکەڵاوبوون و پێکەوەژیانی کورد و تورکمان لە هەولێر، وایکردووە کە محەمەد ئەحمەد ئەربیللی بەهەرسێ زمانی تورکی و کوردی و عەرەبی گۆرانییەکان بچڕێت و بۆخۆیشی دەڵێت جیاوازی نەتەوایەتیمان نەبووە و هەمیشە وەک یەک خێزان لەم شارەدا ژیاوین و ئەمەش وایکردووە کە هەموو لایەک رێز لە خۆم و هونەرەکەم بگرن و شانازیش بەو پێکەوەژیانە دەکەم.
هونەرمەند محەمەد ئەحمەد ئەربیللی، لەئێستادا تەمەنی ٨٦ ساڵە و بە هۆی ناجێگیری باری تەندروستییەوە لە ماڵەوە کەوتووە و بۆ هەڵسان و دانیشتنی پێویستی بە کەسێک هەیە کە یارمەتی بدات، دوای هەواڵپرسینی، بە هەناسەسوارییەوە گوتی: "هیچ باش نیم و داواتان لێدەکەم جگەرە نەکێشن چونکە هەموو ئەو نەخۆشییەی من پەیوەندی بە جگەرەکێشانەوە هەیە".
پزیشکەکان دەستنیشانی هیچ نەخۆشییەکییان بۆی نەکردووە، بەڵام هەناسەسوارییەکەی تەنگی پێی هەڵچنیووە و بۆ دەربڕینی رستەیەک، چەند جارێک هەناسەسوارییەکەی وشەکانی پێ دەبڕێت و دەیەوێت بە دەستە لەرزۆکەکانی رستەکە تەواو بکات.
ئەو، سێ چارەکە سەدەیە خزمەتی هونەر و میوزیک دەکات و هێشتا زەینی باشە و دەزانێت لە کوێیەوە دەستی پێکردووە، بەڵام نازانێت لە کوێ کۆتایی دێ و شانازی بە هەموو ئەو رێگایانەش دەکات کە پیایدا تێپەڕبووە و دەڵێت "هیچ گلەییەکیشم نییە و لەکاتی نەخۆشکەوتنم هەرچی لەدەستیان هاتووە بۆیان کردوومە".
محەمەد ئەحمەد ئەربیللی لە ساڵی ١٩٣٣ لە گەڕەکی سەعدوناوەی شاری هەولێر لە دایک بووە و لە تەمەنی نۆ ساڵیدا لە قوتابخانەی ئەربیل ئولا دەستی بەخوێندن کردووە، بەڵام بە هۆی خراپی بارودۆخی داراییەوە لە خوێندن دادەبڕێت و دەست بەکارکردن دەکات.
ئەربیللی لە ساڵی ١٩٥٣ دەچێتە ئەرکی سەربازی و دوای تەواوکردنی ئەرکەکەی لە ساڵی ١٩٦٠ لە نەخۆشخانەی کۆماریی شاری ھەولێر بە شوفێر دادەمەزرێت و لە کارەکەی بەردەوام دەبێت.
محەمەد ئەحمەد ئەربیللی کە بە ھەرسێ زمانی تورکی و کوردی و عەرەبی گۆرانییەکانی گوتووە و بەرهەمەکانیشی لە لایەن ئیبراھیم تاتلیساس و مەیادە حەنناوی و جۆرج وسوف و چەند هونەرمەندێکی دیکەی جیهانییەوە گوتراوەتەوە. ئیبراهیم تاتڵس لە سەردانەکەیدا بۆ شاری هەولێر سەردانی محەمەد ئەحمەد ئەربیللی کرد و خۆشەویستی خۆی بۆ دەربڕی بە هۆی بەرهەمەکانییەوە و لەئێستاشدا وەک خۆی دەڵێت بۆ هەواڵپرسین چەند جارێک ئیبراهیم تاتڵس لە رێگای تەلەفۆنەوە پەیوەندی پێوەکردووە و لە هەواڵی پرسیووە.
محەمەد ئەحمەد ئەربیللی خاوەنی شەش کوڕ و سێ کچە و لە ماڵەکەی خۆیدا لەگەڵ خێزانەکەی لە شاری هەولێر دەژیت و گلەیی لە هیچ کەس نییە و سوپاسی هەموو ئەوانە دەکات کە لە هەواڵی دەپرسن و داوا دەکات دوعای خێری بۆ بکەن و تەندروستی چاکتربێتەوە.