Heman Hussein Yaseen
18 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 30 تشرینی دووەم 2019
هەولێر - AA
لەژێر دروشمی 'میوزیک و گۆرانی، دەنگێک بۆ نیشتمان' فیستیڤاڵی میوزیک و گۆرانی لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت کە تیایدا هەشت گرووپ و چەندین هونەرمەند بەشدارن و ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت.
کاتژمێر ٥ ی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، یەکەمین رۆژی فیستیڤاڵی میوزیک و گۆرانی بەڕێوەدەچێت کە تیایدا هەردوو گرووپی مۆسیقای کەرکووک و گرووپی ئاوازی سەرحەدێ بەشدارن و رۆژانی داهاتووش گرووپەکانی دیکە بەشداری دەکەن.
ڤیستیڤاڵەکە لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر بەڕێوەدەچێت و ماوەی سێ کاتژمێر دەخایەنێت و هەشت گرووپ بەشدارن کە بریتیین لە گرووپی رووبادی میوزیکی دهۆک، گرووپی مۆسیقای لوڕ لە سلێمانی، گرووپی هونەرەکانی میوزیک لە هەولێر، تیپی مۆسیقای کەرکووک، گرووپی ئاوازی سەرحەدێ لە کوردەکانی توکیا پێکهاتوون، گرووپی مۆسیقای هەڵەبجە، تیپی مۆسیقای رووناک لە کوردەکانی ئێران پێکهاتوون و گرووپی مۆسیقای کۆما سەربەخۆبوون کە لە کوردەکانی سووریا پێکهاتوون.
هونەرمەند ئیحسان زیرەک کە بەدوو بابەت بەشداری فیستیڤاڵەکە دەکات، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەخۆشحاڵییەوە من بەشدارم لە گرووپی مۆسیقای کەرکووک کە مەبەست ئاڵوگۆڕی هونەرییە لەگەڵ ئەو گرووپانەی لە شارە جیاجیاکانەوە هاتوون بۆ ئەوەی بتوانین خەندە بخەینە سەر لێوی ئەوانەی گوێمان لێ دەگرن، فیستیڤاڵەکە سێ رۆژ دەخایەنێت و زۆربەی گرووپەکان بانگهێشتکراون، ئێمەیش وەکو کەرکووک بەشداری دەکەین".
ئیحسان زیرەک گوتیشی: "ئەم جۆرە چالاکییە هونەرییانە کاریگەری زۆرە وەکو بوژانەوەیەکە، چونکە لە دونیای ئەمڕۆ خەڵک زۆر بێتاقەت بووە لە سیاسەت، بۆیە ئەم جۆرە بەرنامانە خۆشی و خەندە دەبەخشێتە بینەر و گوێگر و ئەمانە پێویستن چونکە بەشێکن لە مێژوو".
هونەرمەند سابیر کوردستانی کە یەکێکی دیکەی بەشداربووی فیستیڤاڵەکەیە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من بۆ یەکەمجارە بەشداری لە فیستیڤاڵێکی لەم بابەتە دەکەم، بە دوو گۆرانی بەشداری ئەم فیستیڤاڵە دەکەم، گۆرانی یارێ یارێ، گۆرانییەکی دیکەش بەناوی هەتا دونیا دونیایە. بێگومان ئەم جۆرە چالاکییانە بەرەوپێشبردنی هونەرە و، کارێکی پێویستە، بەتایبەت لە یەکترناسینی هونەرمەندان و هەڵوێست گۆڕینەوە و هەموو ئەوانە کاریگەری ئەرێنیی لەسەر هونەرەوە هەیە و پێویستە ساڵانە لە شارە جیاوازەکان ئەنجام بدرێن".
ناوبراو ئاشکرایشی کرد کە بەرهەمێکی تازەی هەیە بەناونیشانی لاوە کە ئاوازەکەی بۆخۆی دایناوە و شیعری رازی شاعیرە.