Heman Hussein Yaseen
23 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 25 تشرینی یەکەم 2022
هەولێر - AA هێمن حوسێن
لەسەر بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر، قۆناغی کۆتایی نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێر دەستی پێکرد و بە شێوازێکی مۆدێرن و بە دروستکردنی ئاو و ئاوەڕۆ و راکێشانی کارەبا نۆژەن دەکرێتەوە.
پارێزگای هەولێر، سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی یەک سەرپەرشتی پڕۆژەکە دەکەن و گوژمەی ١،٢ ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە و بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی داهاتوودا کارەکانی نۆژەنکردنەوەکە لەلایەن کۆمپانیای "خاکان" تەواو بکرێت.
بەڕێوەبەری شارەوانی یەک، ئەندازیار تریفە نەجات عەساف لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بازاڕی قەیسەری، مێژوویەکی دێرینی شاری هەولێرە. لە ماوەی رابردوودا بەشێکی نۆژەنکراوەتەوە، ئێستاش قۆناغی کۆتایی نۆژەنکردنەوەکە بەڕێوەدەچێت کە گوژمەی ١،٢ ملیار دیناری لەسەر بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگا بۆ تەرخانکراوە و لە ٢١ی ئەیلوولەوە پڕۆژەکە دەستی پێ کردووە و بڕیارە لەماوەی ٣٦٥ رۆژدا تەواو بکرێت".
لەبارەی شێواز و چۆنیەتی نۆژەنکردنەوەکە، ئەندازیار تریفە نەجات عەساف گوتی: "نۆژەنکردنەوەکە لە چەند هەنگاوێک پێک دێت کە بریتیین لە لێکردنەوەی جەمەلۆنەکان، هەڵکەندنی بناغەی دینگەکان و دانانی دینگەکان بە شێلمان و ئاسن و رووپۆشکردنی دیوار و دینگەکان بە کەرپووچ، دروستکردنی سەقفی قەوس و تەخت، هەروەها دروستکردنی ئاوەڕۆ، تۆڕی ئاو و کارەبا".
لە قۆناغی یەکەمدا بەشێکی ئەم بازاڕە نۆژەن کراوەتەوە و دیوی ناوەوەی بە کەرپووچ روپۆشکراوە و بەشی سەرەوەی دوکانەکان بە شێوازێکی رێک داپۆشراوە و ئەو جەمەلۆنانەی کە میچی دوکانەکانی داپۆشیبوو، لێکرانەوە و لە قۆناغی ئێستاشدا، بەشەکەی دیکەی بازاڕی قەیسەری کە زیاتر کۆڵانی کوتاڵشفرۆشان و پێڵاوفرۆشان دەگرێتەوە، نۆژەن دەکرێتەوە.
بازاڕی گەورە یان بازاڕی قەیسەری یەکێکە لە شوێنەوارە کۆنەکانی شاری هەولێر و مێژووەکەی بۆ نۆ سەدە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ئەم بازاڕە لەسەر رووبەرێکی فراوان و لەشێوەی پیتی لاتینی بونیادنراوە و پێکهاتووە لە شوێنێکی بازنەیی کە زیاتر لە دوو هەزار دوکان لەخۆدەگرێت و چەندین کوچە و کۆڵانی پێچاوپێچی تیادایە و لە چەند بەشێک پێک دێت کە بریتین لە بەشی کوتاڵشفرۆش و بەرگدروو کە کۆنترین بەشی بازاڕەکەیە، بەشی پێخەف و دۆشەگ، بەشی پێڵاوفرۆشان، دارتاش، زێڕەنگەران، پەنیر و ماست فرۆش، سەوزەفرۆش، قەساب و چەخماخچی و چەند بەشێکی دیکە کە ئێستا بەهۆی تەکنەلۆجیا و پێشکەوتنەوە بەشێک لەو پیشانە نەماون.
لەناو بازاڕەکەدا مزگەوتێکی گەورەی هەیە، پێشتریش چەندین دوکانی دوونهۆمی تیادابوو کە ئێستا ئەوانیش تەنیا شوێنەوارەکانییان ماوە، هەروەها سەردەمی زوو دوو گەرماوی گەورە لەناو بازاڕەکەدا هەبوون کە ئەوانیش نەماون. لە کۆندا ئەم بازاڕە لە بەیانییەکی زوو دوکانەکان دەکرانەوە و خەڵکی گوندەکان ماست و پەنیر و سەوزە و میوەیان دەهێنا بۆ دوکانەکان و پێش بانگی مەغریبیش کاسبکاران دوکانەکانیان دادەخست و دەچوونەوە ماڵەوە.
ئێستاش سەرەڕای بوونی چەندین بازاڕ و مۆڵی گەورە، بەڵام بەشێکی زۆری خەڵکی شارەکە بۆ پێداویستییەکانیان سەردانی بازاڕی قەیسەری دەکەن و دەتوانن لەوێ سەرجەم پێداویستییەکانیان دەست بکەوێت.
23.10.2022 قۆناغی کۆتایی نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری شاری هەولێر دەستی پێکرد
لەسەر بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر، قۆناغی کۆتایی نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێر دەستی پێکرد و بە شێوازێکی مۆدێرن و بە دروستکردنی ئاو و ئاوەڕۆ و راکێشانی کارەبا نۆژەن دەکرێتەوە.