پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لە هۆڵی تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی، بە بەشداری پێنج قورئان خوێنی نێودەوڵەتی، شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بۆ خوێندنەوەی قورئان دەستیپێكردو ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێ، لە كۆتایشدا خەڵات بەسەر بەشداربوواندا دابەش دەكرێ.
فێستیڤاڵەكە لە لایەن سەنتەری گەشەپێدانی چالاكی لاوان بە هاوكاری چەند كۆمپانیاو خێرخوازێك ئەنجامدراوە.
تێیدا پێنج قورئان خوێنی نێودەوڵەتی بەشدارن، ئەوانیش بریتین لە:
د. ئەحمەد ئەحمەد نعەینع، لە وڵاتی میسر لە دایك بووە، لە تەمەنی هەشت ساڵیدا هەموو قورئانی لەبەر كردووە، یەكێكە لە قورئانخوێنە گەورەكانی میسر و بەشداری چەند فێستیڤاڵێكی نێودەوڵەتی كردووە.
شێخ محەمەد ئەحمەد بەسیونی: قورئان خوێنێكی وڵاتی میسرەو لەتەمەنی دە ساڵیدا هەموو قورئانی لەبەر كردووە، لە زۆربەی وڵاتانی جیهان وەك قورئانخوێن و دادوەر بەشداری پێشبڕكێ و فێستیڤاڵەكانی كردووە.
ئەحمەد یوسف: خەڵكی وڵاتی بانگلادیشە و یەكێكە لە قورئانخوێنە بەناوبانگەكانی ئەو وڵاتە، وەك قورئان خوێن و دادوەر بەشداری چەندین ڤیستیڤاڵ و پێشبڕكێی جیهانی كردووە.
د. كۆچەر عومەر: لە دایكبوی هەرێمی كوردستانە، لە چەندین ئاهەنگ و پێشبڕكێی جیهانی بەشداری كردووەو خاوەنی پلەی یەكەم بووە لەسەر ئاستی عێراق، پلەی هەشتەم لەسەر ئاستی جیهان ساڵی 2010، هەروەها لە ساڵی 2014 خاوەنی پلەی حەوتەم بووە لە پێشبڕكێی نێودەوڵەتی تاران.
شێخ حسێن بەرزنجی: لە دایكبوی هەرێمی كوردستانە، بەشداری چەندین فێستیڤاڵ و پێشبڕكێی نێودەوڵەتی كردووە، ساڵی 2014 لەسەر ئاستی جیهان پێنجەم بووە.
سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەكە گۆران عەباس گوتی: "ئەنجامدانی شەشەمین فێستیڤاڵی خاڵ كە مەبەستمان زانای گەورەی كورد (شێخ محەمەدی خاڵ)ە لە كاتێكدایە كە شاری سلێمانی وەك پایتەختی رۆشنبیری هەرێمی كوردستان ناسێنراوە.
ناوبراو گوتی: "مەبەستمان جەخت كردنەوەیە لەسەر ئیسلام پەروەریی گەلی كورد، لاكردنەوەیەكی پێویستە بەلای ئەو گەنجانەی كە لەمەیدانی لەبەركردن و جوان خوێندنەوەی قورئانی پیرۆزدا بەهرەمەندن".
سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەكە هیوای خواست بۆ ساڵی ئایندە بتوانن ئاهەنگێكی گەورەتر و قەشەنگتر ئەنجام بدەن و ژمارەیەكی زیاتری قورئانخوێنانی نێودەوڵەتی تێیدا بەشدار بن.
بھەروەھا كۆچەر عومەر گوتی: "دەمێك بوو فێستیڤاڵێكی لەم شێوەیە لە هەرێمی كوردستان و عێراق خەونێكی گەورە بوو، بەڵام چەند ساڵێكە ئەو خەونە هاتووەتە دی و ئەمساڵ لە رووی هونەری و بەشداربووانەوە هەوڵێكی گەورەتر نراوە".