باتمان
ھونەرمەندی ناوداری کورد شەھریبانا کوردی کە پێش ٢١ ساڵ بە سزای ١٥ ساڵ بەندکردن مەحکوم کرا بوو و بەرەو ئەڵمانیا بەرێکەوتبوو و لەوێ نیشتەجێ بوو، دوای ئەنجامدانی گۆڕانکاری یاسایی و دەرکردنی بڕیاری بێ تاوانی لە لایەن دادگاوە، گەڕایەوە تورکیا و بۆ جاری یەکەم لە باتمان کۆنسێرتێكی سازکرد.
شەھریبانا کوردی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو پشتگیری خۆی بۆ قۆناغی چارەسەری پرسی کورد دەربڕی و گوتی: "ساڵانی ١٩٩٠ بە ھۆی گوتنی گۆرانی کوردی و ھەروەھا سەرپۆشكردن، رووبەرووی ئاستەنگی زۆر بوومەوە، من کەسێکی ئیماندارم و بە دڵ سەرپۆش دەکەم، رووبەرووی ئاستەنگی زۆر بوومەوە، بەڵام ھیچ کات سەرپۆشەکەی سەرم لانەداوه."
کوردی ھەروەھا گوتی: "چاوەڕوانی ئەوە دەکەم کە نەورۆزی داھاتوو شوان پەروەر بەشداری لە رێوەڕەسمی ئاھەنگی نەورۆزی دیاربەکر بكات."
ئهم هونهرمهنده كورده له بهردهوامی قسهكانیدا گوتی: "لە تەمەنی منداڵییەوە بەشداریم لە پێشبڕکێییەکی گۆرانی گوتن کرد و بوومه یەکەم و دواتر دەستم بە گوتنی گۆرانی کوردی کرد و زۆر بە خێرایی ناوودەنگم دەرکرد، بەڵام ساڵانی ١٩٩٠ رووبەرووی زەحمەتی زۆر بوومەوە. بە ھۆی گوتنەوەی گۆرانییەک لە چالاکییەکی پارتی ئەمەکی گەل لە ساڵی ١٩٩٠ دەستگیر کرام، دواتر روانەی بەردەم داواکاری گشتی کرام و داواکار پێ گوتم (کچم تۆ دەزانی چیت گوتووە؟ تۆ شتی زۆر گەورە دەڵێی، بەڵام ھەستی پێ ناکەی، ئایا کەسێک ئەو شتانەت پێ دەڵێت یا خۆت دەتەوێ ئەو شتانە بڵێی) منیش لە وەڵامدا گوتم بۆ خۆم ئەو شتانە دەڵێم. بێگۆمان بۆ ئەوەی زوو رزگارم بێ ئەو قسانەم کرد. بەڵام ھۆکاری راکردنم لە تورکیا ئەو ئەڵبومە بوو کە ساڵی ١٩٩٣ ئامادەم کرد چونکە بە ھۆی ئەو ئەڵبۆمەوە دادگای ئەمنی دەوڵەت سزای ١٥ ساڵ زیندانی بەسەرمدا سەپاند."
شههریبانا کوردی ههروهها گوتی: "دوای دەرکردنی ئەو بڕیارە بەرەو ئەوروپا رامکرد و تا ١٥ ساڵ نەگەڕامەوە تورکیا و لەگەڵ گۆڕانکارییە یاساییەکانی ئەم دواییە دادگا بڕیاری بێ تاوانی بۆ من دەکرد، پشت بەخوا قۆناغی چارەسەری بەردەوام دەبێت، ئەمە زۆر جێگای خۆشحاڵی ھەموو لایەکە، زۆر دڵمان بە قۆناغی چارەسەری خۆشە، منیش دایکم ئەوەندە حەز بە راگرتنی رژاندنی خوێن دەکەم کە حەد و حسابی نییە، چونکە منداڵێک بە ئاسانی پێ ناگەیهنرێ بۆیە داواکاریمان ئەوەیە کە جارێکی دیکە دایکان نەگرین و رژاندنی خوێن بوەستێت."