Dilşad Seyfeddin Ahmet+ Leyla hemid
21 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 22 شوبات 2016
گرووپی میوزیكی لوڕ كۆنسێرتێكی زستانەی لەژێر ناوی "ئاشتی و ژیان" بۆ هونەرمەند مەهرو مستۆفی و شاعیری كورد باست حەمە غەریب لە هۆڵی رۆشنبیریی سلێمانی ئەنجامدا. سەرپەرشتیاری كۆنسێرتەكەش دەڵێت، دەیانەوێت لەڕێگای میوزیكەوە پەیامی ئاشتی و پێكەوە ژیان بە گوێی هەموواندا بدەن.
سەرپەرشتیاری كۆنسێرتەكە نزار زێوێی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی گوت:" گروپی میوزیكی لوڕ بە بەرزكردنەوەی ئاڵا و دروشمی " ئاشتی و ژیان " و هەستكردن بەو كێشە و گرفتانەی كە لەمڕۆدا بەڕۆكی وڵاتەكەمانی گرتووە، لەڕێگای سازكردنی كونسێرتێكی زستانە جارێكی دیكە كێشەكانی ئەمڕۆی كۆمەڵگای كوردی و داخوازییە ڕەواكانی نەتەوەكەمان كە هەمان ئاشتەوایی و پێكەوەژیانی سەركەوتووە بە بیری هەمووان دەهێنێتەوە".
زێوێی گوتی دەیانەوێت لەڕێی میوزیكەوە بڵێن ژیانی ئاسایی خەڵكی كوردستان و مافە ڕەوا و سەرەتاییەكانی کورد پێشل كراون و "پێشەلکارییەکان هێڵی سووریان بەزاندووە و سەرمایە بەنرخەكانی وڵاتەكەمان كە گەنجەكانمانن، یان لە كەناری دەریاكان بە مردوویی دەدۆزرێنەوە یان لە وڵاتانی هەندەران بە سێ ژەم خواردنی رۆژانە دڵخۆش كراون، بۆیە داوا لە گەنجان دەكەین وڵاتەكەی خۆیان بەجێ نەهێڵن".
ئاماژەی بەوەش كرد، ڕێكنەكەوتنی لایەنە سیاسییەكان و بەردەوام دووركەوتنیان لەیەكتر كۆمەڵگای كوردستانی لەت لەت كردووە و ژیان و ئاشتیی كومەڵایەتی و برایانەی رووبەڕووی مەترسییەكی زۆر جددی کردووەتەوە.
لەدرێژەدا سەرپەرشتیاری كۆنسێرتەكە گوتی:" ئەم وڵاتە وڵاتی هەموو لایەكمانە و پێویستە پێكەوە بە زمانی گفتوگۆ و هونەر و موزیك كێشەكان چارەسەر بكەین و وڵاتەكە لەم قەیرانەدا بەجێ نەهێڵین و پێویستە گەنجان بەرەو دەرەوە كۆچ نەكەن".
كۆنسێرتەكە دە بڕگەی لەخۆ گرتبوو: پارچە مۆسیقایەک و نۆ گۆرانی. یەكەم بڕگەی کۆنسێرتەکەش ئاماژە بوو بۆ ئاشتی، سەرجەم ئاوازەكان فۆلكلۆر بوون، بەڵام بە میوزیكێكی تازەوە پێشکەش کران.
بەشداربوویەكی كۆنسێرتەكە باست حەمەغەریب بۆ ئانادۆڵو گوتی:" بیرۆكەی بەشداریكردنی من لەم كۆنسێرتەدا بیرۆكەی گرووپی میوزیكی لوڕ بوو كە لەم كاتەی قەیران و كێشانەی كوردستاندا كارێك بكەن، وەک هەوڵێک بۆئەوەی خەڵك بۆ چەند ساتێك ئارام بكەنەوە. منیش لەم كۆنسێرتەدا كۆمەڵێك دەقی شیعری خۆم و شیعری شاعیرانی كلاسیكم خوێندەوە".
گرووپی میوزیكی لوڕ ساڵی 2008 دامەزراوە و دە ئەندام لە هەردوو رەگەز هەیە. تائێستا بەشداریی لە چەندین كۆنسێرت و ڤیستیڤاڵی ناوخۆ و ئەورووپا كردووە. خاوەنی شەش ئەلبومی تۆماركراوی خۆیەتی بە زاراوەكانی سۆرانی و كەلهوڕی و لوڕی و هەورامی.