Hemn Baban
21 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 22 شوبات 2016
لە رۆژی جیهانیی زمانی دایكدا لە شاری هەولێر وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و ئەكادیمیای كوردی دیداری" زمانی ماسمیدیای كوردی، گرفت و چارەسەر"یان بەڕێوەبرد كە تێیدا چەندین پرسی تایبەت بە زمان و راگەیاندن باسكران، وەزیری رۆشنبیری و لاوان خالید دۆسكی لە وتارێكدا گوتی: "گەلی كوردستان بۆ پاراستنی زمانەكەی و بەفەرمی ناسینی زمانەكەی خەبات و قوربانییەكی زۆری داوە".
سەرۆكی یەكێتی نووسەرانی كورد كاكە مەم بۆتانی دەڵێت دەسەڵاتی رامیاری كوردستانی باشوور رێگرە لە جێبەجێكردنی زمانی یەكگرتووی كوردستان.
ئەمڕۆ یەكشەممە لە رۆژی جیهای زمانی دایكدا وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوكاری لەگەڵ ئەكادیمیای كوردی دیداری "زمانی ماسمیدیای كوردی، گرفت و چارەسەر"ی لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزی لە شاری هەولێر ئەنجامدا.
دیدارەكە كە بەئامادەبوونی دەیان شارەزا و پسپۆڕی زمان و رێزمانی كوردی و راگەیاندن بەڕێوەچوو بڕیارە یەك رۆژ بخایەنێت و لە كۆتاییدا راسپاردەكان و كۆنفڕانسی رۆژنامەوانیی دەربكرێت.
وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خالید دۆسكی لە وتارێكدا بەو بۆنەیەوە گوتی زمانی دایك بە یەكێك لە بنەما و رەگەزە سەرەكییەكانی پێكهێنەری هەر نەتەوەیەك دادەنرێت و لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی بایەخی زۆری پێدەدرێت، هەر لە بەر ئەو بایەخە مەزنەیە كە رێكخراوی یونسكۆ لەساڵی 2009ەوە بە بڕیارێك رۆژی 21ی شوباتی هەموو ساڵێكی بە رۆژی جیهانی زمانی دایك ناساندووە، كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانیش پشتیوانی لەو پرسە كردووە و بە بڕیارێك جەختی لە پاراستنی هەموو زمانەكان لەسەرانسەری جیهان كردووەتەوە و بڕوای وایە داننان بە فرە زمانی راستەقینەدا یەكێتی گەلان لەرێگەی هەمەڕەنگی و لێكتێگەیشتنی هاوبەشەوە بەهێز دەكات.
دۆسكی گوتیشی "هەموو گەل و نەتەوەكان بایەخ بە زمانەكەیان دەدەن و یاسای تایبەتییان بۆ پاراستن و بژاركردن و گەشەپێدانی داناوە، ئەگەرچی 193 دەوڵەت بەرەسمی ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكانن، بەڵام 470 یاسای تایبەت بە زمانی فەرمی لە وڵاتان و هەرێمەكاندا دەرچووە، ئەوەش بەمانای ئەوەیە كە تەنیا ئەو گەل و نەتەوانە یاسای زمانی رەسمییان نییە كە خاوەن دەوڵەتن، بەڵكو گەل و نەتەوە بێ دەوڵەتەكانیش مافی ئەوەیان پێ بەخشراوە یاسای تایبەت بە زمانەكانی خۆیان هەبێت".
وەزیری رۆشنبیری لەبارەی زمانی كوردیشەوە زیاتر گوتی: "گەلی كوردستان بۆ پاراستنی زمانەكەی و بەفەرمی ناسینی زمانەكەی خەبات و قوربانییەكی زۆری داوە، لە ئەنجامی ئەوەدا ئێستا زمانی كوردی لە دەستووری عێراقدا وەكو زمانێكی فەرمی و لەسەرانسەری عێراقدا ناسراوە و لەبەر رۆشنایی ئەو دەستوورەدا یاسای زمانە فەرمییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەرچووە و زمانی كوردی لەو یاسایە زمانێكی فەرمی و دانپێدانراوە، پەرلەمانی كوردستان یاسای زمانە فەرمییەكانی دەركردووە و زمانەكانی كوردی، عەرەبی، توركمانی، سریانی، ئەرمەنی بەفەرمی ناسیوە و ئەوەش لەرووی بەرجەستەكردنی بەشتێكی ناوازە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت".
دواتر جێگیری سەرۆكی ئەكادیمیای كوردی د.نەجاتی عەبدوڵا لە وتارێكدا گوتی: "رۆژی جیهانی دایك ئەگەر بۆ گەلانی دیكە یەك مانای هەبێت ئەوا بۆ ئێمەی كورد زیاتر لە مانایەك هەیە، دوو رەگەز بەدرێژایی مێژوو ئێمەی وەكو كورد هێشتووەتەوە یەكەمیان زمانی كوردی و دوومەمیشیان كوردستان وەكو جوگرافیا و زێدە، بۆیە زمان فاكتەری یەكەمی بوون و ناسنامەی ئێمەیە".
گوتیشی: "هیچ نەتەوەیەك ناتوانێت دەوڵەت دروست بكات و دەوڵەتداری بكات ئەگەر لەناو زمانی خۆیدا دەوڵەت دروست نەكات و سەرمایەگوزاری لەزمانی نەتەوەیی خۆیدا نەكات، مەبەستم ئەوەیە بڵێیم ئەوە دواجار زمانی كوردییە كە فۆرمی بەشەرعییەت بوون بە دەوڵەتی كوردی دەبەخشێت و وەكو یەكەیەكی ئیتنی جیاواز وێنای دەوڵەت دەكات، رەنگە بەدبەختی كورد لەوەدا بێت كە 90 لەسەدی زیاتری دانیشتوانەكەی بەدرێژایی مێژوییەكی درێژ لەگەڵ دوژمنەكانی هاوئایین و هاومەزهەب بووە خۆ ئەگەر زمانەكەی فریای نەكەوتبایە ئەوا زۆر دەمێك بوو شتێك بەناوی كوردەوە نەدەبوو".
دیدارەكە لە دوو پانێڵ پێكدێت پانێڵی یەكەمیا لەژێر ناونیشانی "گرفتەكانی رێنووس لە ماسمیدیای كوردیدا"، پانێڵی دووەمیش لەژێر ناوی "زمان و ماسمیدیا، روانگە و چارەسەر" دەبێت.
لە پانێڵی یەكەمیشدا ئەو بابەتانەی پێشكەش دەكرێن بریتیین لە "زمان و ئاسایشی نەتەوەیی و ماسمیدیا"، "كێشەكانی رێنووسی كوردی"، "وەرگیڕان لە ماسمیدیای كوردی"، "زمانی ماسمیدیای كوردی لە رووبەڕووبونەوەی ماسمیدیای دووژمن".
لە پانێڵی دووەمیشدا ئەو بابەتانەی پێشكەش دەكرێن بریتیین لە "زمانی كوردی و تەكنەلۆژیا، ئاستەنگ لەبەردەم زمانی ماسمیدیای كوردیدا، بەرپرسیارێتی زمان لە ماسمیدیای كوردیدا، زمان لە سۆسیال میدیادا (باشووری كوردستان بەنموونە).
سەرۆكی یەكێتی نووسەرانی كورد كاكە مەم بۆتانی وتارێكی پێشكەش كرد و گوتی كورد لە دێر زەمانەوە، بوونی لەژێر هەڕەشەی توانەوە بووە، گوتیشی "بەڵام بەداخەوە بە پێچەوانەوەی بیر و بۆچوونی كوردایەتی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردایەتی تا دێت بەرەو دوو زمان و دوو رێنوس دەڕۆین و وا خەریكە لە بەرهەمی ئەدەبی یەكتر نەگەین".
بۆتانی بەرەخنەشەوە گوتی: "ئەگەر جاران بیانوومان دەسەڵاتی رامیاری عەرەبی بوو، ئەوا چارەكە سەدەیەكە كوردستانی باشوور لەژێر دەسەڵاتی خۆماندا بەڕێوەدەچێت، با بپرسین جاران یان ئەو سا شێوەزمانەكان لەیەكتر دوورخراونەتەوە، ئەی كێ گوناهبارە؟ دەسەڵاتی رامیاری كوردستانی باشوور رێگرە لە جێبەجێكردنی زمانی یەكگرتووی كوردستان".
دیدارەكە لەكاتێكدا دەكرێت كە چەند ساڵێكە لە باشووری كوردستان باسی زمانی یەكگرتووی كوردی گەرمە و هێشتا لە هەرێمی كوردستان زمانێكی یەكگرتوو نییە.