Aydın Arık
08 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2015
هەر لەگەڵ قۆناغی چارەسەری هەنگاو بە هەنگاو بەربەستەكانی بەردەم زمان و ئەدەبی كوردی هەڵگیراون، لەو چوارچێوەیەشدا لە دامەزراوەی زمانەكانی زیندوو لە زانكۆكان بەشی زمان و ئەدەبی كوردی كراونەتەوە.
بەهۆی كردنەوەی بەرنامەی دكتۆرا بۆ بەشی زمان و ئەدەبی كوردی و زمان و ئەدەبی زازاكی لەزانكۆی بینگۆل بەرەزامەندی ئەنجوومەنی خوێندنی باڵا، ئیدی ئارەزوومەندانی زانست دەتوانن ببنە مامۆستای زانكۆ لەو بوارەی كە ئارەزووی دەكەن.
بەڕێوەبەری دامەزراوەی زمانەكانی زیندوو لە زانكۆی بینگۆل پڕۆفیسۆر دكتۆر حەسەن چیفتچی بەئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، كەتاكو ساڵانی هەشتا و نەوەدەكانی سەدەی رابردوو هەموو شتێك لەبارەی زمانی كوردییەوە قەدەغە بوو. لەدوای ساڵی ١٩٩٠ كە خوالێخۆشبێت تورگوت ئۆزال بوو بە سەركۆمار، دەوڵەت ئاوڕی لە كورد دایەوە.
ئەوەیشی خستەڕوو كە لەسەردەمی حكومڕانی ئاك پارتیدا سەبارەت بەكورد چەند چاكسازییەك كرا، لەسەرەتادا قەدەغەكردنی سەر ئەو گۆڤارانە هەڵگیرا كە لەبارەی زمان و ئەدەبیاتی كوردی وتاریان دەنووسی، بەرگریكردن لەخۆ بەزمانی كوردی لەدادگا دەستی پێ كرد. تا كار گەیشتە ئەوەی كە كەناڵێكی تەلەڤزیۆنی بكرێتەوە و بەزمانی كوردی پەخش بكات.
چیفتچی ئاماژەی بەوەدا كە ئەو كارانە پێشكەوتنی گرنگن و ئەوەی بەبیرهێنایەوە كەدوای ئەوانەش لەزانكۆكان بەشی كوردی كرایەوە بۆ خوێندنی بەكالۆریۆس و ماستەر، لەزانكۆی بینگۆلیش بۆ یەكەمجار دوو بەش بۆ زمان و ئەدەبیاتی كوردی و زمان و ئەدەبیاتی زازاكی كرانەوە. چیفتەچی ئاماژەی بەوەدا ئەو دوو بەشە نزیكەی سێ ساڵ لەمەوبەر كراونەتەوە لەساڵی ٢٠١٧ بۆ یەكەمجار قوتابیانی خوێندنی بەكالۆریۆسی دەردەچن، ژمارەی قوتابیانیش نزیكەی ٢٠٠ قوتابییە.
چیفتچی سەرنجی بۆ ئەوە راكێشا وەكو هەنگاوی یەكەم و بۆ خستەسەركاریان لەو شوێنانەی دەوڵەت پێویستی پێیانە گرنگیان داوە بەپڕۆگرامی ماستەری بێ تێز لەبواری كوردۆلۆجی، لەزانكۆكانی بینگۆل، موش و ماردین هەزاران قوتابی بڕوانامەی ماستەریان بەدەستهێناوە لەو بوارە.