Heman Hussein Yaseen
11 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 13 حوزەیران 2020
هەولێر - AA
لینکی فۆتۆەکان https://www.aa.com.tr/ks
لینکی ڤیدیۆ https://www.aa.com.tr/ks
ئەمڕۆ پێنجشەممە بەھۆی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی کوردستان، ژمارەیەک ھاووڵاتیی نیشتەجێی نێو باڵەخانەکە گیریان خواردبوو، دواتر تیمەکانی بەرگریی شارستانیی ھەولێر گەیشتنە شوێنی ئاگرەکە و توانرا سەرجەم ھاووڵاتییەکان رزگار بکرێن، جگە لە یەک کەس کە بەھۆی رووداوەکەوە گیانی لەدەست دا.
لەبارەی رووداوەکەوە گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی ھەولێر، سەرکەوت کاڕەش بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تا ئێستا نەگەیشتووینەتە ئەنجامی ھۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە، بەڵام ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە و لە رووداوەکەدا بەداخەوە ھاووڵاتییەک گیانی لەدەستداوە، ئەو خێزانانەی کە لە ئەنجامی ئاگرەکە لەنێو باڵەخانەکەدا گیریان خواردبوو، لەڕێگەی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی پەیژەدارەوە رزگار کران".
سەرکەوت کاڕەش سەبارەت ئەو کەسەی کە گیانی لە دەستداوە گوتی: "ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە خنکابوو، بەڵام جەستەی کەمێک سووتابوو، گەنجێکە و خەڵکی شاری عەفرینە و لەو باڵەخانەیە نیشتەجێبووە".
لەئێستادا تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سەرقاڵی سەیرکردنی کامێراکانی چاودێرین بۆ ئەوە بزانن سەرەتای رووداوەکە چۆنە و لە کوێیەوە ئاگرەکە دروست بووە.
باڵەخانەکە چوار نھۆمییە و دەکەوێتە گەڕەکی کوردستان سەر شەقامی ٤٠ مەتری و ژێر باڵەخانەکە چەند دوکانێکی کەلوپەلی کارەبایی تێدایە و شایەتحاڵان باسیان لەوە دەکرد کە ئاگرەکە بەھۆی شۆرتی کارەباوە لە یەکێک لە دوکانەکان دروست بووە و دواتر بەھۆی ھەڵکردنی باوە ئاگرەکە تەشەنەی کردووە بۆ سەرەوە.