Fakhradin Ibrahim Mohammad
11 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 12 حوزەیران 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی سەرپەرشتی یەکەمین کۆبوونەوەی بۆردی باڵای پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا کە لەڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەڕێوەچوو، هەریەکە لە جێگری سەرۆکی حکوومەت، قوباد تاڵەبانی و ژمارەیەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان بەشدار بوون و گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و پلان و پڕۆژەکانی حکوومەت لە بواری گەشەپێدانی کشتوکاڵدا کراوە.
ئاماژەی بەوە داوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بێگەرد تاڵەبانی راپۆرتێکی لە بارەی پلانەکان و ستراتیجییەتی وەزارەت بۆ پەرەپێدان بە کشتوکاڵ خستووەتە روو بە تایبەتی پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی کوردستان بە هاوکاری کەرتی تایبەت، هەروەها چارەسەرکردنی کێشەی زیدەڕۆیی بۆسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان.
بڵاویشی کردووەتەوە کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە گرنگیی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان کردووە کە دەکرێت ببێت بە کەرتێکی جێگرەوە و بە باشترین شێوە سوودی لێ وەربگیرێت وەک سەرچاوەیەکی گرنگی داهات لەڕێگەی پاراستنی بەربوومی خۆماڵی و پشتیوانیکردنی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و رەخساندنی بازاڕی گونجاو لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم بۆ بەربوومەکانیان.
بۆردی باڵای پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان لە 2020/5/19 دامەزراوە و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرۆکی بۆردەکەیه و جێگری سەرۆکی حکوومەت و وەزیرانی دارایی و ئابووری، كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بازرگانی و پیشەسازی، پلاندانان، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئەندامی بۆردەکەن.