Hamit huseyin
26 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2021
ھەولێر ــ AA
وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی رایگەیاند کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، سێ ھەزار و ٥٥٩ کەس لە ھەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون.
سامان بەرزنجی لە میانی سەردانەکەی بۆ پارێزگای دھۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە لە میانی ٢٤ی کاتژمێری رابردوودا، زۆرترین ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان تۆمار کراوە و گوتی: "لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، زیاتر لە ١٧ ھەزار پشکنینی کۆرۆنا بۆ ھاووڵاتییان کراوە و لەو ژمارەیەیش، سێ ھەزار و ٥٥٩ حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمار کراوە کە ھەزار و ٥٦٤ تووشبوو لە دھۆک بووە".
سامان بەرزنجی راشیگەیاند کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ١٣ تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و ئەوەشی خستەڕوو کە کاروانێکی دیکەی ڤاکسینی کۆرۆنا لە جۆری فایزەر گەیشتووەتە ھەرێمی کوردستان.
دوێنێ یەکشەممە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، دوو هەزار و ١٧٨ کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان تا دوێنێ یەکشەممە، دوو ملیۆن و ٣٥٣ هەزار و ٨٤٢ پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامدراوە کە لە ئەنجامدا، ٢١٤ هەزار و شەش کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون کە تا ئێستا، ١٩٢ هەزار و ٣٥١ کەسیان چاکبوونەتەوە و ١٦ هەزار و ٩٦٦ کەسیش ماون لەژێر وەرگرتنی چارەسەردان، هەروەها چوار هەزار و ٦٨٩ کەس لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
هەر دوێنی یەکشەممە، پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو رایگەیاندبوو کە رۆژی سێشەممە، لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە و بڕیاری پێویست دەدرێت و دواتریش بەھەڵسەنگاندنی دۆخەکە لە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکان و یەکە کارگێڕییەکان رێکارەکان دەست پێ دەکات.