Haydar Karaalp
12 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 13 ئەیلوول 2022
بەغدا - AA
مۆنۆمێنتی ئازادی لە گوڕەپانی تەحریری شاری بەغدا، شاهیدی زۆرێک لە رووداوە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق بووە، بەڵام چەندین ساڵە پشتگوێ خراوە و لەئێستادا بە هەوڵی کۆمپانیایەکی تورکی نۆژەن دەکرێتەوە.
مۆنۆمێنتی ئازادی لە بەغدا پایتەختی عێراق لە سەرەتای دەیەی شەشەمی سەدەی بیستەم دروست کراوە و بووەتە هێمای چەندین خۆپیشاندان و گردبوونەوەی جەماوەریی، بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە لەلایەن حکوومەت و شارەوانییەوە پشتگوێ خراوە، لەئێستاشدا کۆمپانیایەکی تورکی دووبارە مۆنۆمێنتەکە نۆژەن دەکاتەوە.
- "وەک چنینی فەرش بەرد بەرد کاری نۆژەنکردنەوەکەمان ئەنجام دا"
کۆمپانیای گۆرکەم هەڵدەستێت بە نۆژەنکردنەوەی مۆنۆمێنتی ئازادی، بەڕێوبەری کارگێڕیی کۆمپانیاکە، مەهمەت تورگوت لە میانی لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "بەردەکانی پەیکەرەکە زۆر کۆن بووبوون و هەڵدەوەرین. یەک بە یەک ئەو بەردانەمان بە زەحمەتێکی زۆر پاک کردەوە و بەردی نوێمان لەجێیان دانا کە بەردە نوێکانیش هەر لە مەڕمەڕێکی هاوشێوەی بەردە کۆنەکان دروست کراون. بۆ ئەوەی زیان بە مۆنۆمێنتەکە نەگات ناچارین زۆر بەوریایی کار بکەین. وەک چنینی فەرش بەرد بەرد کاری نۆژەن کردنەوەکەمان ئەنجام دا".
مەهمەت تورگوت جەختی لەوەش کردەوە کە بێبەرامبەر کاری نۆژەن کردنەوەکە ئەنجام دەدەن و ئەمەش دیاری تورکیایە بۆ گەلی عێراق.
ناوبراو ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە وەک کۆمپانیایەکی تورکی کە لە عێراق کار دەکەن، پێشتریش کاری نۆژەنکردنەوەی کۆشکی کۆماریی و کاری دروستکردنی میوانخانەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانیان ئەنجامداوە، هەروەها تا ئێستا لە عێراق ٢٥ پڕۆژەیان ئەنجامداوە کە یەکێکیان پڕۆژەی پاککردنەوەی ئاوی خواردنەوەی شاری کوتە.
مستەفا عەبدولئەمیر، ئەندازیارێکی عێراقییە و دەرباری نۆژەنکردنەوەی مۆنۆمێنتی ئازادی ئاماژەی بەوەدا کە ئەو مەڕمەڕە کۆنانەی لە میانی کارەکانی نۆژەن کردنەوەدا لێکراوەنەتەوە لە جیان مەڕمەڕی نوێ بە هەمان جۆر و کوالیتی دانراونەتەوە، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە کارەکانی نۆژەنکردنەوەی مۆنۆمێنتەکە کۆتایی هاتوون و تەنها کارەکانی دەوری پەیکەرەکە لەناو گۆڕەپانی تەحریر، بەردەوامن.
مۆنۆمێنتی ئازادی لە ساڵی ١٩٦١دا لەلایەن هونەرمەندی نیگارکێش و پەیکەرتاشی عێراقی، جەواد سەلیم-ەوە دروست کراوە و کۆمەڵێک هێمای سەردەمی بابلی، ئاشووری و سۆمەرییەکانی لەسەرە و لە رێی هەندێک هێماشەوە باس لە دامەزراندنی سیستمی کۆماری لە عێراق لە ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨دا دەکات.