Heman Hussein Yaseen
02 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 08 تەمووز 2024
هەولێر - AA
دوای ئەوەی هەردوو وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی عێراق و هەرێم گرووپێکی تیرۆریستیان ڕاگەیاند کە تاوانبارن بە سووتاندنی بازاڕەکانی هەولێر، دهۆک و کەرکووک، کاسبکارانی بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێر داوای توندترین شێوەی سزادان بۆ تاوانباران دەکەن.
نیوەڕۆی دوێنی گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، عەمید میقداد میری و بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان–عێراق هێمن میرانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە بەغدا گرووپێکی سێ کەسیان ڕاگەیاند کە لەماوەی ڕابردوودا هەڵسابوون بە سووتاندنی بازاڕەکانی شاری هەولێر، دهۆک و کەرکووک و ئاشکرایان کرد کە گرووپەکە سەر بە ڕێکخراوی تیرۆریستیى پەکەکەن و هاوکات کارمەندی یەکەی ٧٠ و کارمەندی دژە تیرۆری سلێمانیین.
دوای ڕاگەیاندنی گرووپە تیرۆریستییەکە، کاسبکارانی بازاڕی قەیسەری داوا دەکەن کە تاوانباران بە توندترین شێوە سزا بدرێن و نایانەوێت سزاکەیان ئەوە بێت کە لە گرتووخانەکان سزاکەیان بەسەربەرن، بەڵکو داوای سزای لە سێدارەدان دەکەن.

کاسبکار عومەر محەمەد کە دوکانەکەی سووتێنراوە، داوا دەکات کە ئەوانەی ئاگریان بەرداوەتە قووت و ژیانی خەڵک، سزایەکی توندیان بەسەردا بسەپێنن.
کاسبکار عومەر محەمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەکاتی ئاگرکەوتنەوەکە، هەموو کەس دەیزانی کە دەستێک لە پشت سووتانەکە هەیە، چونکە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا قەت ئاگرکەوتنەوەی وا نەبووە، پەنا بەخوا ئێستا بە هەوڵی هەردوو حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێم دەستەکان دەبڕدرێن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە نەتوانن تاوانی وا ئەنجام بدەن".
لەبارەی داواکاری کاسبکاران بۆ سزای تاوانبارەکان، عومەر محەمەد گوتی: "داوا دەکەین ئەو تاوانبارانە سزایەکی توند بدرێن، ئێمە نامانەوێت لە گرتووخانەکان دایانبنێن و خواردنیان پێ بدرێت و بە ئاسوودەیی بژین، بەڵکو دەمانەوێت سزایەکی زۆر توند بەسەریاندا جێبەجێ بکرێت".
هاوکات کاسبکارێکی دیکەی بازاڕەکە، دڵخۆشە بە ئاشکرا کردنی تاوانباران و داوای سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەکات.

کاسبکار دەهام عەلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە لە سەرەتادا زانیمان کە ئەو ئاگرکەوتنەوە کارەبا نیە و دەستکردە، ئاگرەکە ئاسایی نەبوو بەجۆرێک لە دوکانێک ئاگر هەبوو، لەوەی تەنیشتی نەبوو، تا وای لێهات هەموو بەیەکەوە سووتا، گڕی ئاگرەکەش ئاسایی نەبوو، ئێستاش ئێمە دڵخۆش بووین کە دەستی تیرۆر ئاشکرا کرا".
دەهام عەلی گوتیشی: "داوا دەکەین بە توندترین شێوە تاوانباران سزا بدرێن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەم کردەوانە دووبارە نەبێتەوە، ئەگەر سزاکە هەر بەندکردن بێت ئەوا دووبارە دەبێتەوە، بۆیە دەبێت سزای لە سێدارەدانیان بدەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کەس نەتوانێت ئەم تاوانانە ئەنجام بدات".
کاسبکارێکی دیکەی بازاڕەکە بەناوی محەمەد عزەدین کە دوکانەکەی هەم سووتاو و هەم ڕووخاوە بەهۆی سووتانەکەوە، داوا دەکات تاوانباران بەبەردەم سەرجەم زیانلێکەوتووانەوە لە سێدارە بدرێن.

محەمەد عزەدین بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوکانەکانمان هەمووی سووتا، سووتانەکە ئاسایی نەبوو، دوکانەکەی من بە تەواوی ڕووخا، سووتانەکە بە جۆرێک بوو کاتێک بە کۆڵانێکدا دەچوویت لە پڕ ئاگر بەرەو ڕووت دەهات، بە هیچ شێوەیەک نەدەتوانرا کۆنتڕۆڵ بکرێت، بۆیە هەر زوو زانیمان ئاسایی نیە و دەستکردە".
لەبارەی دەستگیرکردن و ئاشکرا کردنی تاوانباران کە گرووپێکی تیرۆیستیى پەکەکەن، محەمەد عزەدین گوتی: "داواکارییەکەمان ئەوەیە، هەموو ئەو کاسبکارانەی زەرەرمەند بوونە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکان، هەموومان لە شوێنێک کۆبکرێینەوە و ئەو تاوانبارانە بەبەرچاوی ئێمەوە لە سێدارە بدرێن".
ئەمە لە کاتێکدایە کە لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، ئاگر لە ژمارەیەک بازاڕی گەورەی شاری ھەولێر کەوتەوە، بە جۆرێک لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٤ ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگە کەوتەوە، دواتر لە ٨ی نیسان جارێکی دیکە ئاگر لە ھەمان بازاڕ کەوتەوە و ژمارەیەکی زۆر لە دووکان و ماڵ و موڵکی ھاووڵاتییان سووتان، ھاوکات لە ٢٣ی نیسان ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی نیشتمانی شاری ھەولێر کەوتەوە و ژمارەیەک دوکانی کاسبکاران سووتان، دواجار شەوی ٥ی ئایار ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەریی ھەولێر کەوتەوە کە بازاڕێکی کولتووری و کۆنی شارەکەیە و تیاییدا ٢٢٧ دوکان و ٧ کۆگای ھاووڵاتییان سووتاند و بەجۆرێک بەشێکی بازاڕەکە بەتەواوی سووتا و حکوومەتی ھەرێم خەریکی نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکەیە و ڕاگەیەندراوە کە ماوەی یەک ساڵی پێویستە بۆ نۆژەنکردنەوە.