Sarmand Hameed
22 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 23 تشرینی یەکەم 2022
هەولێر - AA
دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران رایگەیاند، هاووڵاتییان بەبوونی پاسپۆرتی عێراقی و کارتی ڤاکسین یان ئەنجامی پشکنینی نێگەتیڤی (PCR)، دەتوانن بەبێ وەرگرتنی ڤیزا لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە گەشت بۆ ئێران بکەن.
لەو راگەیەندراوەی کە لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو کە ئەمرۆ شەممە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، لە لایەن بەرێوەبەرایەتی گشتی پەیوەندییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئێران ئاگادار کراونەتەوە کە سبەی رۆژی یەکشەممە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، بە شێوەی فەرمی ڤیزای وڵاتی ئێران لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران ھەڵدەگیرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە ھەر ھاووڵاتیی و گەشتیارێک بە نیازە سەفەر بۆ ئێران بکات، ئەوا لە رۆژی یەکشەممەوە مەرجی ھەبوونی ڤیزا ھەڵدەگیرێت، تەنھا کەسەکە ھەڵگڕی پاسپۆرتی عێراقی بێت و ماوەی بەسەرچوونی پاسپۆرتەکەی لە شەش مانگ کەمتر نەبێت، هەروەها پێویستە کارتی ڤاکسینی دوو ژەمی کۆرۆنا یان ئەنجامی پشکنینی نێگەتیڤی ڤایرۆسی کۆرۆنا (PCR)ی ھەبێت دەتوانێت لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران سەفەر بۆ وڵاتی ئیران بکات.