Fariq Faraj Mahmood
11 مای,س 2026•نوێکردنەوە: 11 مای,س 2026
لە ٣٨هەمین ساڵیادی شاڵاوی ئەنفال بۆ سەر ناوچەی شێخ بزێنی سەربە شاردەێی ئاغجەلەری سەربە قەزای چەمچەماڵ، ڕزگاربوویەکی ئەنفال وەک تاقانە ڕزگاربووی خێزانەکەی ماوەتەوە کە ئەوکات تەمەنی تەنیا دوو ساڵ بووە.
شۆڕش قادر عەباس، تەمەن ٤٠ ساڵ کە تاقە ڕزگاربووی خێزانەکەیان لە پڕۆسەی ئەنفال، ئەو وێنەیەکی هەمان ساڵی لەبەردەمی خۆی داناوە کە دەردەکەوێت لەگەڵ دایک و باوکی و دوو خوشکی وێنەیەکی یادگارییان گرتووە و لە هەمان مانگدا پڕۆسەی ئەنفال بۆسەر ناوچەکەیان دەستی پێکردووە و تێیدا تەواوی خێزانەکەیان دەستگیرکراون.
لە کاتی دەستگیرکردنییاندا، شۆڕش قادر تەمەنی دوو ساڵ دەبێت، کاتێک دەیانگوازنەوە بۆ ناحیەی تەقتەق، لەوێ ژنێکی خزمیان بەهەر جۆرێک بێت توانیوویەتی شۆڕش لە خێزانەکەی جیابکاتەوە و ئەمەش دەبێتە تاکە ڕزگاربووی خێزانەکەیان و ئەوانی دیکە ئەنفال دەکرێن.
لە وێنەکەدا، شۆڕش لەگەڵ دایک و باوک و دوو خوشکیی دەردەکەوێت، کە چاوی بڕیووەتە کەوسەری خوشکی کە لەلای ڕاستی خۆیەوە دانیشتووە و تەمەنیشیان لە یەکترەوە نزیکە، بەڵام لە هەمان مانگدا جگە لە شۆرش، سەرجەمیان لە پڕۆسەی ئەنفالدا لەناو چوون.
شۆڕش قادر بە تێڕامانەوە سەیری وێنەی یادگارییەکە دەکات و بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من لەو وێنەیەدا، تەمەنم تەنھا دوو ساڵە و هیچم لەبیر نیە بەڵام مامەکانم ڕووداوەکەیان بۆم گێڕاوەتەوە".
شۆڕش قادر گوتیشی: "کە گەورە بووم، ھەموو ھیوا و ئاواتم ئەوە بوو کە ژنم ھێنا و، توانیم ناوی خێزانەکەم زیندوو ڕابگرم، ئێستا کە کوڕێک و دوو کچم هەیە، بەناوی دایک و باوک و خوشکە شیرەخۆرەکەم کردوونەتەوە".
شۆڕش باس لەو ژنە دەکات کە بووەتە فریادڕەس و لە پڕۆسەکە ڕزگاریی کردووە، لەمباریەوە دەڵێت: "ئەو ژنە قارەمانە(دادە فەهیمە)، ئەو کاتەی منی ڕزگار کرد تەمەنم زۆر کەم بوو و ھیچم بیرم نییە بەڵام مامەکانم ھەموو کات چیرۆکی ئازایەتی ئەو بۆ من دەگێڕنەوە، کاتێک کە ئێمە بە دەستبەسەرکراویی لە شوێنێکی تەقتەق ڕاگیرابووین، دادە فەهیمە قادر، من و دوو منداڵی خێزانێکی دیکە دەڕفێنێت و ڕزگاریان دەکات".
شۆڕش قادر بە نیگەرانییەوە ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا باری تەندروستی دادە فەهیمە زۆر خراپە و دەڵێت: "خۆزگە دادە فەهیمە ئێستا تەندروستی باش بووایە، بەڵکو بەیەکەوە سەردانیمان بکردایە و لە زاری خۆیەوە چیڕۆکەکە ببیستین، بەڵام بەداخەوە خراپیی تەندروستی ئەو ڕێگایەمان پێنادات".
محەمەد عەباس کە دەکاتە مامی شۆڕش، بە غەمبارییەوە باس لە پڕۆسەی ئەنفال و لەناوچوونی خێزانەکەیان دەکات و بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت: "ئەم وێنەیە ھەمان ئەو مانگە گیراوە کە ئەنفالەکە ڕوویدا، ئەمە دوایین وێنەی خێزانەکەیە پێش ئەوەی بۆ ھەمیشە بێ سەروشوێن ببن".
جێی ئاماژەیە، لە گوندی قەسرۆک ٢١٤ کەس ئەنفالکراون کە ٣٦ کەس لەوانە خزمی نزیکی شۆڕش بوون، شۆڕش ئێستا کارپێکەریی مۆلیدەیە و ڕۆژانەی بەم کارەوە بەسەر دەبات.