Heman Hussein Yaseen
11 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 15 ئادار 2023
ههولێر - AA
بەبۆنەی ٣٢ ساڵەی راپەڕینی خەڵکی شاری ھەولێر دژی رژێمی پێشووی بەعس، لە چوارچێوەی ١٣ مین فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز چەند چالاکییەک لەو شارە بەڕێوەدەچێت و لە دەستپێکیشدا پەردە لەسەر پەیکەری خەجە باوە، یەکەم ژنە شەھیدی راپەڕین و دیواربەندی شەھیدانی راپەڕین ھەڵدرایەوە.
لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو و ژمارەیەک لە بەرپرسان و بەشێکی زۆر لە ھاووڵاتییانی خەڵکی شارەکە و کەسوکاری شەھید خەجەباوە، لەبەردەم چوارڕیانی ئەنجوومەنی وەزیران پەردە لەسەر پەیکەری شەھید خەجەباوە و دیواربەندی شەھیدانی راپەڕین ھەڵدرایەوە.

لە رێوڕەسمەکەدا پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو گوتی: ''ئەمڕۆ یادی ٥٣ ساڵەی رێكکەوتننامەی ١١ی ئادار و ٣٢ ساڵەی راپەڕینی خەڵکی ھەولێرە دژی زوڵم و ستەمی رژێمی بەعس، ئێمەش لە دەستپێکی چالاکییەکانی ١٣ ھەمین فێستیڤاڵی ئادار و نەورۆز، بە پەردەلادان لەسەر پەیکەری یەکەم ژنە شەھیدی راپەڕین، شەھید خەجەباوە و دیواربەندی شەھیدانی راپەڕین، دەست بە چالاکییەکان دەکەین".
ئومێد خۆشناو گوتیشی: "خەجە باوە لە بەرەبەیانی ١١ی ئاداری ١٩٩١ دێتە سەر شەقام و بەدەم گوتنەوەی دروشمی ئازادییەوە و لەیەکێک لە وێستگەکان بریندار دەبێت و بە چەفییەکەی سەری، برینەکەی دەستی دەپێچێتەوە و بەردەوام دەبێت تا دەگاتە ئێرە و لەم شوێنە بە گوللەی پیاوانی رژێم شەھید دەبێت. خەجە باوە بەر لەوەی شەھید بێت، چوار برای ئازیزی و مامی ئازیزی لە شۆڕشی ئەیلوودا شەھیدببوون و ئەو لەم بەرەبەیانەدا تۆڵەی مەرگی شەھیدانی کردەوە و خۆیشی چووە کاروانی شەھیدانەوە و، بەشێک دەبێت لە سەرکەوتنی شاری ھەولێر بەسەر رژێمی بەعسدا".
پەیکەرەکەی خەجە باوە لە شەقامی ٣٠ مەتری شاری ھەولێر و لە بەردەم چوارڕیانی ئەنجوومەنی وەزیران دروستکراوە، لە ١١ی ئاداری ساڵی رابردوودا، بەردی بناغەی ئەم پەیکەرە دانرا و ئەمڕۆش لەم یادەدا پەردەی لەسەر ھەڵدرایەوە.
خەجیج حەمەد باوە، ژنێکی ھەولێری بوو، سێ کچ و چوار کوڕی ھەبوو، لەدایکبووی ساڵی ١٩٤٥ی گوندی مەلاقەرەی دەشتی ھەولێر بوو، بەر لە راپەڕینی ساڵی ١٩٩١، حەشارگەی چەکی لە ماڵەکەی خۆیدا بۆ پێشمەرگە دروست کردبوو وەک ھەنگاوێک بۆ رووبەڕووبەنەوەی رژێمی بەعس و لە رۆژی ١١ی ئاداری ١٩٩١دا رۆڵێکی سەرەکی ھەبوو لە ھاندانی خەڵک و پێشمەرگە و بەرەبەیانی ھەمان رۆژیش لەکاتی پەلاماردانی پیاوانی رژێم لە شەقامی ٦٠ مەتری و لە بەردەم ئێستای ھۆڵی زەرد بریندار دەبێت، بەڵام لە چالاکییەکانی بەردەوام دەبێت و دەگاتە بەردەم دائیرەی ئەمن (چوارڕیانی ئێستای ئەنجوومەنی وەزیران) لە لایەن پیاوانی رژێمەوە تەقەی لێ دەکرێت و شەھید دەبێت.