هەولێر - AA
هەولێر بە دووەم پیسترین شار لەسەر ئاستی عێراق و یەکەم پیسترین شار لەسەر ئاستی هەرێم دێت لە ڕووی کوالێتی هەواوە، هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە کاربەدەستان چەند بڕیارێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هۆکارەکانی پیسبوونی هەوا دەربکەن، یەکێک لەوانە داخستنی ١٣٨ پاڵاوگە نایاساییەکانە لە سنووری پارێزگای هەولێر کە هۆکارن بۆ بڵاوکردنەوەی دووکەڵێکی چڕ بەسەر شارەکە و زۆربوونی نەخۆشییەکانی وەک شێرپەنجە و ئۆتیزم و لەبیرچوونەوە و چەندین نەخۆشی دیکە.
پسپۆڕێکی بایۆلۆجی ئاماژە بەوە دەکات کە پیسبوونی هەوا کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە و هۆکارێکە بۆ بڵاوبوونەوەی دوو هەزار نەخۆشی کە بەشێک لەو نەخۆشیانە بەشێوەیەکی بەربڵاو خەڵک بە دەستییەوە دەناڵێنێت.هاوکات شارەزایەکی هۆشیاریی ژینگەیی ئاماژە بەوە دەکات کە هەندێک ماددە تێکەڵی بەنزین دەکرێت کە ماددەی قەدەغەکراون لە دونیادا و هۆکارێکە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە، ئەوەش دەخاتەڕوو کە ڕێژەی سەوزایی بۆ شارێکی ئاسایی پێویستە سەدا ٣٠ بێت بەڵام لە هەولێر ڕێژەی سەوزایی نزیکەی سەدا ١٣یە، سەرباری بوونی ئەو ژمارە زۆرە لە پاڵاوگە و کارگە و ئۆتۆمبێل و مۆلیدەکان.
مامۆستا لە بەشی بایۆلۆجی زانکۆی کۆیە، دکتۆر بەختیار عەبدوڵڵا سەبارەت بەم بابەتە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بابەتی ژینگە هێندە هەستیار و لەسەرخۆیە، تا نەکەویە ناو مەترسییەکە (وەکو ئەوەی کە ئێستا هەیە) درکی پێ ناکەین، هەتا ساڵی ٢٠١٠ کێشە ژینگەییەکان زۆر کەم بوو، ڕێگاش لە زۆر هۆکار دەگیرا کە کاریگەرییان لەسەر تێکچوونی ژینگە هەبوو، ئێستا چونکە هۆکارەکان زۆر خێرایە، دەتوانم بڵێم شۆڕشێکی پیشەسازی کە لەناوچەکە سەریهەڵداوە، کاریگەرییەکانی ئێستا بەدیار دەکەوێت لە پیسکردنی خاک و ئاو و هەوا، ئەوەی زۆر دیارە و لەبەرچاوە، پیسکردنی هەوایە و بووەتە گفتوگۆیەکی گەرمی هاووڵاتییان".
دکتۆر بەختیار عەبدوڵڵا گوتیشی: "بوونی ژمارەیەکی زۆر پاڵاوگە، ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل و مۆلیدەکانی کارەبا، هۆکارن بۆ پیسبوونی هەوا، هەروەها ئەگەر سەیری تۆپۆگرافی هەولێر بکەین بەراورد بە شارەکانی دیکە، دەبینین شوێنەکەی تەخت و نزمە، چیا و گردی دوورە، ئەمەش وایکردووە هەواگۆڕکێی کەم بێت، ماددەکانیش قوڕسن و دەمێننەوە، بۆیەش بە بەردەوامی هەست دەکەیت هەواکە پاک نییە".
لەبارەی ئەو ماددە ترسناکانەی کە لەئەنجامی پاشماوەی پاڵاوگە و ئۆتۆمبێل و مۆلیدەکان دەردەچن، دکتۆر بەختیار عەبدوڵڵا گوتی: "هەندێک ماددە هەیە لە لەش دەمێننەوە، خوای گەورە لەشی ئێمەی بەشێوەیەک دروستکردووە، هەموو ئەو ماددانەی کە پێویست بێت بۆ لەش، ئەوا بە ئاسانی هەرس دەبێت و دەچێتە ناو کرداری هەرسکردنەوە، بەڵام هەندێک ماددە هەن وەکو کانزاکان و ترشەکان و زەرنیخ و کاربۆناتەکان کە ئەمانە لە ئەنجامی تەواو نەسووتانییان وا دەکات کە بەشێک لەو گازانە دەربدات و کاتێک دەچێتە ناو لەشمان، کاتێکیش لەش ناتوانێت خۆی تێدا ڕزگار بکات ئەوا دەچێتە سەر جگەر و کۆدەبێتەوە و ڕێگە لە زیندەچالاکییەکان دەگرێت، ئەمەش وا دەکات نەخۆشییەکان یەک بەدوای یەک بەرۆکی مرۆڤ بگرن، هەروەها کاتێک ئەم پیسییە لە ئەنجامی نیشتن جارێکی دیکە تێکەڵ بەخاک دەبێتەوە، ئەوا پێکهاتەی خاکەکە دەگۆڕێت".
دکتۆر بەختیار عەبدوڵڵا گوتیشی: "بۆ نموونە لە بەشێک لەو ناوچانەی پاڵاوگەکانی تێدایە، کۆلێژی کشتوکاڵ چووە گەنمی هێناوە بۆ پشکنین، بەڵام نەیانتوانیووە بیهاڕن بۆ ئارد، کاتێک پێکهاتەکانییان تێست کردووە، دەرچووە ئەو پێکهاتە نەبووە کە لە گەنمی ئاساییدا هەیە، هەموو گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، ئەم گۆڕانکارییە بەهۆی پسیبوونی خاک و ئەو پاشماوەی ئەو پاڵاوگە و کارگە و ئۆتۆمبێل و مۆلیدانەیە، ئەمە لە کاتێکدایە هەولێر پیسترین هەوای هەیە بەراورد بە شارەکانی دیکە چونکە بارستە هەوا دەمێنێتەوە، هەروەها هەولێر پایتەختە و ئەمەش وایکردووە کە ژمارەی کارگەکان زیاتر بێت، لەسەر ئاستی عێراق هەندێکجار دووەم شار و هەندێکجار سێیەم پیسترین شارە، بەداخەوە پێشتر هەولێر یەکێک لەو شارانە بوو کە پاکترین هەوای هەبوو".
ئەو پسپۆڕەی بواری بایۆلۆجی ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەم پیسبوونەی هەوا دوو هەزار نەخۆشی لەخۆ دەگرێت و لەمبارەیەوە گوتی: "ئەو نەخۆشیانەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە پیسبوونی هەوا هەیە نزیکەی دوو هەزار نەخۆشین، بەڵام ئێمە زیاتر کار لەسەر شێرپەنجە دەکەین لە کاتێکدا نەخۆشی قورستر و مەترسیدار هەیە، وەک جگەر، چاو، کۆئەندامی هەناسە، نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار، نەخۆشی زەهایمەر، تووڕەبوون، نەزۆکی و ئۆتیزم، هەروەها کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەی تاک هەیە و هۆڕمۆنی تێکدەدات و زۆر حاڵەت هەیە کەسێک ئارەزووی ڕەگەزگۆڕینی خۆی دەکات".
دکتۆر بەختیار عەبدوڵڵا گوتیشی: "ئەو ماددانەی کە هەیە وەک کادمیۆم، زەڕنیخ، مێرکەری، لید، سێ بەقەد ئەوەیە کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی قبوڵی دەکات، هەمووشیان هۆکاری سەرەکی نەخۆشییەکانن".
بەپێی پێوانی پێوەری کوالێتی هەوا، هەوای هەولێر لە سەرووی ١٠٠ نمرەیە و بە دۆخێکی ناتەندروست هەژمار دەکرێت و لەبارەی خۆپاراستن لەم دۆخە، دکتۆر بەختیار عەبدوڵڵا گوتی: "بەپێی پێوەرەکانی کوالێتی هەوا لە دوای ٧٠ نمرەوە پێویستە ماسک ببەسترێت، بەڵام ئەو ماسکەش کاریگەری خراپی هەیە چونکە بەشێکی زۆریان ماددەی پلاستیکی تێدایە کە ئەمە بۆخۆی یەکێک لە هۆکارەکانی پیسبوونە و کاریگەری خراپی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە".
هاوکات شارەزایەکی هۆشیاریی ژینگەیی ئاماژە بەوە دەکات کە ناکرێت چاوەڕوانی تەندروستییەکی پارێزراو بکەیت ئەگەر ژینگەکەت پاک نەبێت، ئەوەش دەخاتەڕوو کە هەندێک پاشماوە لە سووتەمەنییەکان دەردەچن کە لە دونیادا قەدەغەکراوە و سەرچاوەی نەخۆشییەکانە بەڵام لە هەرێم بەکاردێت.
شارەزای هۆشیاریی ژینگەیی، لوقمان شێروانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هەوایەکی پاک، سەدا ٨٧ی ماددەی نایترۆجینە، سەدا ٢١ی ئۆکسجینە و سەدا یەکی گازەکانی دیکەیە، ئەگەر ئەم داتایانە گۆڕانکاریی بەسەردا هات، ئەوا دەتوانین بڵێین ئەم شوێنە هەواکەی پیسە، لە شاری هەولێر کە زیاد لە ١٤٠ پاڵاوگەی نایاسایی هەیە، نزیکەی هەزار و ٥٠٠ شوێن مۆلیدە هەیە، نزیکەی دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل هەیە، ئەمانە هۆکارن بۆ ئەوەی ژینگە پیس بکەن بەڵام ڕێژەکەی دەبێت داتا زانستییەکان دیاری بکەن. ئەو داتایانەی کە لە مانگە دەستکردەکان وەریدەگرن ئەوا پسپۆڕانی بواری ژینگە تێبینییان لەسەری هەیە چونکە گوایا ئەمە کەشوهەوای تۆز و خۆڵ هەروەها هەوریش لە ئاسمان هەبێت وەک پیسبوون دەیخوێنێتەوە، ئەمەش کێشەیە، بۆیە باشترین شت دانانی ئامێرەکانە لە چەند گۆشیەکی شار بۆ ئەوەی ڕادەی پیسی هەوای شارەکە بزانین".
لوقمان شێروانی گوتیشی: "ئەگەر کەمترین پیسبوون لەسەر ژینگەی هەولێر هەبێت ئەوا تەنیا پاڵاوگەکان نین، بەڵکو دەبێت مۆلیدەکانیش هەڵبگیرێن ودەبێت کوالێتی بەنزینی ئۆتۆمبێلەکانیش باشتر بکرێت، هەروەها دەبێت ڕێژەی سەوزایی زیاد بکرێت و تاک هۆشیاریی هەبێت لە ڕووی پاراستنی ژینگەوە، تاکە شت کە بتوانێت هاوسەنگی ژینگە ڕابگرێت، بوونی ڕێژەیەکی باشی سەوزاییە، تاکە شت کە هەوا پاک دەکاتەوە دار و دارستانەکانە، ئەگەرچی لەلایەن پسپۆڕانەوە رێژەی سەوزایی بۆ شوێنێکی ئاسایی نیشتەجێبوون لە نێوان سەدا ٢٥ بۆ سەدا ٣٠ دیارییکراوە بۆ شوێنە نیشتەجێبووەکان، ئەمە بەبێ هەبوونی ئەو هۆکارە پیسکەرانەی کە زۆر ترسناکن وەکو زۆری پاڵاوگە و کارگە و مۆلیدە و ئۆتۆمبێلەکان چونکە بوونی ئەوا حاڵەتێکی نائاساییە".
لوقمان شێروانی گوتیشی: "ئەو داتایانەی کە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان هەیەتی، ڕێژەی سەوزایی لە چەقی شارەکان ناگاتە سەدا ١٣ کە ئەمە ڕێژەیەکی کەمە، ئێمە کاتێک تەندروستیمان پارێزراوە کە ژینگەیەکی پاکمان هەبێت".
لەبارەی ڕێنماییە ژینگەییەکان سەبارەت بە شوێنی پاڵاوگە و کارگەکان، لوقمان شێروانی گوتی: "تێبینی لەسەر شوێن و کوالێتی و پاشماوەی پاڵاوگەکان هەیە کە ئەم پاشماوانەش تێکەڵ بە خاک دەبێت، پاڵاوگەکان نابێت نزیک بن لە شوێنی نیشتەجێبوونەوە، ئەوەی ئێستا هەیە شوێنەکانییان زۆر نەگونجاوە لە هەموو ڕوویەکەوە، دەرهاوێشتەکانییان کاریگەریی خراپی هەیە، هەروەها پاڵاوگەکان دەبێت لەلایەن کۆمپانیای تایبەتەوە دابمەزرێت، نابێت هەر کەس هەڵسایەوە چەند تانییەک دابنێت و نەوتی خاو بکوڵێنێت و بیکاتە بەنزین".
لوقمان شێروانی گوتیشی: "یەکێک لەو شتانەی کە ئەو پاڵاوگانە بەرهەمی دەهێنن بریتییە لە گاز و بەنزین، بەڵام بە کوالێتی نین بەڵکو بە تێکەڵکردنی کۆمەڵێک ماددەی وەک قورقوشم و ڕەساس بەرهەمی دەهێنن، ئەو ماددانە لە ساڵی ١٩٩٢ەوە ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپاوە قەدەغەکراون چونکە ماددەی ترسناکن و گازی ژەهراوین، بەڵام من ئۆتۆمبێلەکەی خۆم بردووەتە پشکنین دەرچووە لە بەنزینەکەدا ماددەی قورقوشم هەیە. بەپێی ڕاپۆڕتە تەندروستییەکان، ماددەی قورقوشم هۆکارێکە بۆ شێرپەنجە، کەواتا نابێت ئەم ماددەیە بەکاربهێنرێت، هەروەها لە ڕووی نیودەوڵەتییەوەش قەدەغەکراوە".
ئەو شارەزایەی بواری ژینگە ئاماژە بەوە دەکات کە داواکراوە بۆ دامەزراندنی دادگایەکی تایبەت بە ژینگە بەڵام بە پاساوی نەبوونی دادوەری تایبەتمەند، داواکە ڕەتکراوەتەوە و لەمبارەیەوە گوتی: "یاسای ژمارەی ٨ی پاراستن و چاککردنی ژینگە هەیە، ئەگەر بکرێت دادگای تایبەت بە پرسی ژینگە دابمەرزێت، ئەوە هەنگاوێکی باش دەچینە پێشەوە، لەمەو پێش دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە داوایەکی لە ئەنجوومەنی دادوەری هەرێم کردبوو کە دادگایەکی تایبەت هەبێت بە پرسی ژینگە بەڵام بەداخەوە ڕەزامەندی نەدرابوو بە پاساوی ئەوەی کە دادوەری تایبەتمەند نییە بەم پرسە، ئومێد دەکەین کە بگەنە ئەو باوەڕەی کە پرسی ژینگە وەک هەر پرسێکی دیکە گرنگی پێ بدرێت".
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوای ناڕەزایەتی دەربڕینی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان و چالاکوانانی بواری تەندروستی و ژینگە، لە پیسبوونی هەوای شارەکە و بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە، پارێزگاری هەولێر چەند بڕیارێکی دەکرد کە بریتیی بوو لە داخستنی ١٣٨ پاڵاوگەی نایاسایی و بە فلتەرکردنی مۆلیدەکانی کارەبا و لێپرسینەوە لەو ئۆتۆمبێلانەی کە دووکەڵ و پاشماوەی ژەهراوی دەردەدەن.
بەپێی ئامارەکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان-عێراق، لە هەرێم سێ هەزار و ١٠٨ شوێنی مۆلیدە هەیە کە ٧ هەزار و ٣٥٤ مۆلیدە لەخۆدەگرێت و ئەو مۆلیدانە بەشێوەیەکی بەردەوام کارەبای هاووڵاتییان دابین دەکەن.
هەر بەپێی ئامارەکە، لەو ژمارەیەش، هەزار و ٣٤٢ شوێن دەکەوێتە هەولێر، هەزار و ١٥٠ شوێن دەکەوێتە سلێمانی و ٥٤٠ شوێن مۆلیدەش دەکەوێتە پارێزگای دهۆک، ئەمە جگە لە بوونی ژمارەیەکی زۆر لە پاڵاوگە و کارگە و نزیکەی دوو ملیۆن ئۆتۆمبێلیش لە شاری هەولێر.
news_share_descriptionsubscription_contact


