Dlshad Saifaalddin Ahmed
08 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 09 تەمووز 2019
سلێمانی ـ AA
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، سەركەوت ئەحمەد رایگەیاند، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو چەند حاڵەتێكی وەرگرتنی دراوی ساختە تۆماركراوە، كەسێك بە بڕێك پارەی بیانی ساختەوە دەستگیركراوە.
سەركەوت ئەحمەد لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا گوتی: "دوای تۆماركردنی سكاڵا لە لایەن هاوڵاتییانەوە لەسەر ئەو بابەتە، بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان دەستی بە بەدواداچوون كرد و رۆژی رابردوو یەكێك لەو تۆمەتبارانە كە تەمەنی 27 ساڵە و دانیشتووی سلێمانییە لە ناو ماڵەكەی خۆیدا دەستگیركرا، هەروەها دەست بەسەر كەمتر لە 10 هەزار دۆلاری ساختە و 71 وەرەقەی 200 یۆرۆیی و 77 وەرەقەی 100 یۆرۆیی و یەك وەرەقەی 500 یۆرۆیی ساختە لەگەڵ چەند بەڵگەنامەیەكی تری ساختە و یەك پارچە حەشیش و پارچەیەك كریستاڵ لەناو ماڵەكەدا دەستیان بەسەردا گیراوە".
ئەو گوتی: "ئۆتۆمبێلێكی جۆری رانج رۆڤەریش لەو ماڵەدا دەستی بەسەردا گیراوە كە بۆ ساغكردنەوەی دراوە ساختەكان بەكارهێنراوە".
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەیشكرد، تۆمەتبارەكە لە وەرگرتنی گوتەكانیدا دانی بەوەدا ناوە كە هاوكارێكی تری هەیە لەناو بازاڕ كە كاری گۆڕینەوەی دراوەكانی بۆ كردووە و لە لایەن هێزەكانیانەوە دەستگیركراوە، لەسەر ئەم دۆسیەیەش بەبڕیاری دادوەر فەرمانی گرتن بۆ كەسانی تری تێوەگلاو لە بابەتەكە دەردەچێت.
گوتەبێژەکەی پۆلیس باسی لەوەش كرد، پارەكە بەشێكی بۆ خۆیان چاپیان كردووە و بەشێكیشی لە لایەن كەسانی ترەوە بۆیان هاتووە و ساغیان كردووەتەوە، ئەوەیش یەكەم دۆسیەی دراوی ساختەیە کە لە لایەن هێزەكانی پۆلیسی سلێمانی لە میانی ئەمساڵدا كاریان لەسەر كردووە.