Rawan Subhi Obaiullah
04 حوزەیران 2026•نوێکردنەوە: 04 حوزەیران 2026
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای دھۆک، پیر دەیان جەعفەر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ڕایگەیاند: "بە ھاوکاری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ (IOM)، پڕۆسەی گەڕانەوەی کاروانێکی دیکەی ئاوارەکانی شنگال لە کەمپەکانی پارێزگای دھۆکەوە بۆ سەر زێدی خۆیان دەستی پێکردووە".
پیر دەیان ئاماژەی بەوە کرد کە بەرنامەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ (IOM) بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢١دا دەستی پێکردووە، کە تێیدا ڕێکخراوەکە چاوپێکەوتن لەگەڵ خێزانە ئاوارەکاندا دەکات و تا ئێستا چەندین کاروانی گەڕاندووەتەوە.
سەبارەت بە دوایین کاروانیش، ناوبراو ئاشکرای کرد: "پڕۆسەکە لە ڕێکەوتی ٣١ی ئایاری ٢٠٢٦ەوە دەستی پێکردووە و تێیدا ٦٠٠ خێزانی ئاوارە لە کەمپەکانی (بێرسڤ، دەرکار، قادیا، باجەکندال و خانکێ) بە شێوازێکی فەرمی دەگەڕێنرێنەوە بۆ قەزای شنگال".
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە سنووری پارێزگای دھۆک ٢٠ کەمپی تایبەت بە ئاوارە و پەنابەران ھەن، کە ١٥ کەمپیان تایبەتن بە حەواندنەوەی خەڵکی دەڤەری شنگال, لە ئێستادا، ژمارەی ئەو ئێزدییانەی کە وەک ئاوارە لە ناو کەمپەکاندا دەژین دەگاتە ١١٠ ھەزار کەس، ھاوکات ١٧٠ ھەزار کەسی دیکەش لە دەرەوەی کەمپەکانی پارێزگای دھۆکدا نیشتەجێن.
ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤دا، تیرۆریستانی داعش ھێرشیان کردە سەر قەزای شنگال ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا بەھۆیەوە ژمارەیەکی زۆری کوردی ئێزدی کوژران و برینداربوون، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆری دیکەیش ئاوارەبوون، ئەمە وێڕای ئەوەی سەدانی دیکەیش ڕفێندران کە تا ئێستا چارەنووسی ژمارەیەکی زۆریان نادیارە.