Heman Husseın Yaseen
28 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 29 کانوونی دووەم 2020
هەولێر - AA
راپۆرتێکی چاودێرانیی ناوخۆ و بیانی ئاشکرای دەکات کە لە شەش مانگی یەکەمی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ١٥ کۆبوونەوەی ئەنجوومەن ئەنجامدراوە و ١٢ راپۆرتی وەزارەتەکانیش گفتوگۆی لەبارەیەوە کراوە، ئاماژەیش بەوە دەکەن کە ئەم کابینەیە لە رووی ژمارەی کۆبوونەوەکانەوە بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، رێکخراوی ستۆپ بۆ چاودێری و پەرەپێدان و سندوقی نیشتمانی ئەمریکی بۆ دیموکراسی راپۆرتی شەش مانگی یەکەمی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان-یان بەناونیشانی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و دەسەڵاتی یاسا لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
لە راپۆرتەکەدا جگە لەوەی باسی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و راپۆرتی وەزارەتەکان کراوە، ئاماژە بەوەیشکراوە کە هیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی نەوت و گازی هەرێم ئەنجام نەدراوە.
لە بەشێکی راپۆڕتەکەدا ئەوەیشخراوەتەڕوو کە لەو ماوەیەدا ئەنجوومەنی وەزیران سێ پڕۆژەیاسای تازە و دوو یاسای بەرکار و دوو پەیڕەوی ناوخۆی دامەزراوە جیاوازەکانی ئاراستەی پەرلەمان کردووە بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت.
رێکخەری راپۆڕتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە بە تیشک خستنە سەر هێڵە گشتییەکانی کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەبیندرێت هەندێک هەنگاوی باش نراوە و تێبینیشیان لەسەر هەندێک خاڵ هەیە و لەم رووەوە چەند پێشنیازێکیان خستووەتەڕوو.
رێکخەری راپۆڕتەکە، فەرمان رەشاد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "راپۆڕتی یەکەمی هەنگاوەکانی چاکسازییە و لەسەر بنەمای بەڵێنەکانی کابینەی نۆیەم، بەرواردمان کردووە لەگەڵ کردارەکان، سەیری دەکەین هەندێک هەنگاو هەبووە، بەڵام هەندێک شت هەیە تا ئێستا هەنگاوی بۆ نەنراوە، بۆ نموونە راپۆڕتی دیلۆیت بڵاونەکراوەتەوە کە لە کابینەکانی پێشووتر بڵاودەکرایەوە، بوودجە پەسەند نەکراوە، حکوومەت هیچ کەیسێکی گەندەڵی نەداوەتە دەستەی دەستپاکی، بۆیە هەست دەکەین پەیوەندییەکی بەهێز نییە لە نێوان لایەنەکانی ناو حکوومەت".
فەرمان رەشاد گوتیشی: "پێشنیازمان کردووە بەڵێننامەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لەنێوان لایەنە سەرەکییەکانی حکوومەت پەسەند بکرێت، پێمانوایە یاسای چاکسازی هەنگاوێکی باشە، بەڵام دادپەروەری تەواوی تێدا نەچەسپاوە، بۆیە پێشنیازمان کردووە یاسای خانەنشینی لە کوردستان بەشێوەیەک بێت کە کەموکوڕییەکان پڕ بکاتەوە".
لە بەشێکی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە ١٨ کەس لە وەزیر و جێگری سەرۆکوزیران فۆرمی ئاشکراکردنی سەروەت و سامانەکانیان پڕکردووەتەوە هەرچەندە هێشتا ماوەی یاسایی گەڕاندنەوەی فۆرمەکان ماوە.
لەبارەی پرۆسەی چاکسازییشەوە راپۆرتەکە ھیچ ئامارێکی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵکو باسی لەو خاڵانە کردووە کە حکوومەت وەک چاکسازی کاریان لەسەر دەکات لەوانەیش کەرتی داھات، سامانە سروشتییەکان، خەرجییەکان، تەندروستی، پەروەردە و بازرگانی. ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە چەند ساڵێکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەبێ یاسای بوودجە کارەکان دەکات کە ئەویش چەند زیانێکی ھەیە لە داهاتی و دیارنەبوونی ئەولەویەتی حکوومەت و پەراوێزخستنی رۆڵی پەرلەمان.
لەبەشێکی دیکەی راپۆڕتەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری کراوە کە جەخت لەوە کراوەتەوە بەگوێرەی راپۆڕتی سەد رۆژەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی ٥١ ملیار و ٩٥١ ملیۆن و ٩٥٧ هەزار و ٣٢٥ دینار خەرجی هەبووە لە دابینکردنی ئامێر و دەرمان و نۆژەنکردەوە، ئەوەیشخراوەتەڕوو کە لەناوەرۆکی راپۆرتەکەی حکوومەتدا بڕیاری دروستکردنی نەخۆشخانەی نوێ ئاماژەی پێنەدراوە لە کاتێکدا مۆڵەتی کردنەوەی ١٩ نەخۆشخانە و سەنتەری پزیشکی بە کەرتی تایبەت دراوە.
لەبارەی خاڵێکی دیکەی راپۆرکەدا کە باس لە سێکتەری کارەبا دەکات و ئاماژە بەوەکراوە کە لە راپۆڕتەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا جەخت لەوەکراوەتەوە کە کار بۆ باشتر و زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەی بەهەدەردانی کارەبا دەکەن و ئەوەیشخراوتەڕوو کە تاکو ئێستا حکوومەت نەیتوانیووە لە رووی دابینکردنی کارەباوە هەنگاوی پێویست بنێت.
رێکخەری راپۆرتەکە فەرمان رەشاد ئاشکرایشی دەکات کە بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران لە پەیوەندییدان گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر هێڵێن، راپۆرتەکەیان پێ دەدەین و کۆبوونەوەیان لەگەڵ دەکەین، بەگشتی ئەنجوومەنی وەزیران جددیاتێکی زۆریان نیشانداوە و ئێمەش چاودێری دەکەین بۆ ئەوەی بزانین تا چەند کار لەسەر پێشنیازەکانمان دەکرێت".