Fakhradın Ibrahım Mohammad
12 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 13 شوبات 2020
هەولێر - AA
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆبوویەوە و بڕیار درا لەمیانی ١٥ رۆژدا، پەیڕەوی ئاسانکاری جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ئامادە بکرێت.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامداوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی داوە بە گرنگی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 و لەم بارەیەوە رایگەیاندووە، "ئەنجامدانی چاکسازی خواست و داوای هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و هەموو لایەنەکان بووە، بۆیە داوا لە پارت و لایەنە سیاسییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم دوور لە موزایەدە و بە کردەوە، پشتگیریی لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بکەن".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەیشکردووەتەوە کە پرۆسەی چاکسازی بەردەوام دەبێت و هەموو سێکتەرەکان دەگرێتەوە و لەم بارەیەوە ئاماژەی بە بەشێک لە کارنامەی حکوومەتی هەرێم داوە کە هەر لەچوارچێوەی پرۆسەی چاکسازی دارایی و کارگێڕیدا کار لەسەر رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان لەوانەش داهاتی نەوت وگاز دەکەن بۆ ئەوەی شەفاف و روون بێت.
لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران وەزیرەکانی راسپارد کە لەمیانی پازدە رۆژدا پێشنیازەکانی خۆیان بۆ رەشنووسی پەیڕەوی ئاسانکاريی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ئامادە بکەن و ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی بکەن بۆ ئەوەی بەزووترین کات بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەروەها لە کۆبوونەکەدا بڕیاردرا کە لیژنەیەکی باڵا بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەندامێتی جێگری سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک وەزیری پەیوەندیدار پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوونی رێوشوێنەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە هەرێمی کوردستان.
ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی رۆڵی دامەزراوەکانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاکی و داواکاری گشتی كردووەتەوە لە چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاساکە.