Heman Hussein Yaseen
28 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2021
هەولێر - AA
شەوی رابردوو چەکدارانی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەی تەپی تەڵان لە سنووری کوڵەجۆ ھێرشیانکردە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە و چوار پێشمەرگە برینداربوون، بەڵام لە کاتی بەھاناوەچوونی بریندارەکانیش، بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەدا تەقییەوە و بەھۆیەوە پێنج پێشمەرگە شەھیدبوون.
وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان، دوای ھێرشەکە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیاییدا ئاماژەی بەوەکرد کە، تیرۆریستانی داعش لە پەلامارێکی ترسنۆکانەدا، پەلاماری خاڵێکی پاسەوانی ھێزەکانی پێشمەرگەی لیوای پێنجی پیادەیان لە تەپکی (کەڵان) لەسنوری کوڵەجۆ دا. کە بەداخەوە، چوار پێشمەرگە بریندار بوون و، ھێزەکانی پێشمەرگەش، بەتووندی بەرپەرچی پەلامارەکەیان داوەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، دوای برینداربوونی پێشمەرگەکان، ئەو پێنج پێشمەرگەیەی کە شەھیدبوون، ھەموویان لەنێو ئەو ئۆتۆمبێلەدابوون کە بۆمبەکەی پێدا تەقیوەتەوە. دوای تەقینەوەی بۆمبەکەش، تیرپۆریستانی داعش چوونەتە سەر ئۆتۆمبێلەکە و جارێکی دیکەی تەقەیان لە پێشمەرگەکان کردووە و ھەر پێنج پێشمەرگە شەھیدبوون.
شارەدێی کوڵەجۆ، کەوتووەتە ناحیەی کۆکس لە قەزای کفریی سەر بە ئیدارەی گەرمیان.