Zana Natık Kerem
14 نیسان 2026•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2026
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال، یەکێک لە دڕندانەترین شاڵاوەکانی پاکتاوی نەژادی و جێنۆساید بوون کە لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق ئەنجام درا و ئاماژەی بەوەشدا کە پێویستە حکوومەتی عێراق بەرپرسیاریەتیی دەستووریی خۆی جێبەجێ بکات بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان.
مەسرور بارزانی لە ٣٨مین ساڵیادی شاڵاوەکانی ئەنفاڵ پەیامێکی بڵاو کردەوە و تیایدا ھاتووە: "شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال، یەکێک لە دڕندانەترین شاڵاوەکانی پاکتاوی نەژادی و جێنۆساید بوون کە لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق لە دژی گەلی کوردستان ئەنجام درا و بووە ھۆی بێسەروشوێن بوون و شەھیدکردنی ھەزاران خەڵکی بێتاوانی کوردستان و خاپوورکردنی ھەزاران گوند و دێھات".
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاندووە: "ئەم جێنۆساید و کۆمەڵکوژییانەی بەرانبەر خەڵکی کوردستان کران، پێویستە ھەمیشە لە یادماندا بمێنن و نەوەکانمان بزانن کە دەستکەوتەکانی ئێستامان بە ئاسانی بەدەست نەھاتوون و کەسیش خێری پێ نەکردووین، بەڵکوو بەرھەمی خەبات و خوێنی ھەزاران شەھیدی سەربەرزی کوردستانە".
مەسرور بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەدا: "لەم یادەدا، جەخت دەکەینەوە کە پێویستە حکوومەتی عێراق بەرپرسیاریەتیی ئەخلاقی و دەستووریی خۆی جێبەجێ بکات و بەشێوەیەکی شایان، قەرەبووی بنەماڵە و کەسوکاری ئەو شەھید و ئەنفالکراوانەی کوردستان بکاتەوە".