Fakhradin Ibrahim Mohammad
14 نیسان 2026•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2026
١٤ی نیسانی ھەموو ساڵێک بە ڕۆژی جینۆسایدی کورد ناوزەد کراوە و لەم ڕۆژەدا یادکردنەوەی قوربانیانی کۆمەڵکوژیی لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە لە سەرانسەری عێراق بەرز ڕادەگیرێت. ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش ھەمان ڕۆژی وەک ڕۆژێکی نیشتمانی لە سەرانسەری وڵات دیاریکردووە.
ئەنفال کە بەشێک بوو لە پڕۆسەی جینۆسایدی کورد، بە گرنگترین پلانی قڕکردنی کوردەکان دادەنرێت کە ڕژێمی بەعسی ڕووخاو لە عێراق لە ماوەی ھەشت ساڵدا جێبەجێی کرد.
کیمیاباران، ڕاگواستنی بە زۆر و بۆردوومانی شوێنە سڤیلنشین و زانکۆ و قوتابخانە و ناوەندە ئەکادیمییەکانیش، بەشێک بوون لە کردەوە سیستەماتیکەکانی بەعس دژ بە کورد.
بە گشتی سێ زنجیرە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ڕژێمی بەعس، ڕەھەندە دیارەکانی جینۆسایدەکە بوون کە بریتین لە، کیمیاباران، ئەنفال و ڕاگواستنی بە زۆر.
کیمیابارانی ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان
ھاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوە لە کۆتاییھاتنی جەنگی نێوان عێراق و ئێران، دەستی ڕژێمی بەعس بۆ کردەوەی سەربازیی لە ھەرێمی کوردستان زیاتر ئاوەڵا بوو.
تۆماری کیمیابارانی ناوچە جیاجیاکانی ھەرێم لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە بەو شێوەیەیە:
کیمیابارانی نیسانی ١٩٨٧؛
لە پارێزگای سلێمانی، گوندەکانی ھەڵەدن، بەرگەڵوو، کانی توو، ئاوژێ، سیروان، نوڵچکە و چنارنە سەر بە قەزای دوکان. قەزای قەرەداغ و گوندەکانی قزلەر، سنگر، مێولاکە سەر بە ناحیەی بەکرەجۆ. گوندەکانی (قەیوان، کۆرەنگ، خەجەلەرزۆک، قەواڵ، قوڵەجاخ، چۆخماخ، کۆڵەردی لە ناوچەی ماوەت.
لە پارێزگای ھەولێر، دۆڵی بالیسان و گوندی شێخ وەسانان لە ناحیەی بالیسان لە قەزای شەقڵاوە کیمیابارانکران.
لە ئایاری ھەمان ساڵ؛
لە پارێزگای دھۆک کیمیابارانی گوندی (زێوە)
لە پارێزگای ھەولێر گوندەکانی مەلەکان، گۆڕە شێر، کەندۆک، بلێ، بردون، بلەی خواروو، بلەی سەروو، تارینا، نازەنین، دۆڵی سماقۆلی.
لە پارێزگای کەرکوک گوندەکانی تۆمار، گورگان، قەمەر
کیمیابارانی ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان لە مانگەکانی حوزەیران ھەتا ئەیلوولی ١٩٨٧ بەردەوام بوو. لەو مانگانەدا لە پارێزگای دھۆک گوندەکانی قەزای ئامێدی کیمیابارانکران. ھەروەھا گوندی زێوێ لە بناری شاخی پیرەمەگروون و گوندەکانی بەرگەڵوو، یاخسەمەر و دۆڵی مێرگەپان سەر بە پارێزگای سلێمانیش بەر شاڵاوی کیمیاباران کەوتن.
دوا شەپۆلی کیمیاباران کە دەنگدانەوەی لەسەر ئاستی جیھانی ھەبوو، کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بوو لە ١٦ی ئاداری ١٩٨٨ کە لە ئەنجامی کیمیابارانەکەدا پێنج هەزار کەس بوونە قوربانی کە بەشێکی زۆریان ژن و منداڵ بوون.
ڕاگواستنی زۆرەملێ
کردەوەیەکی دیکەی ڕژێمی بەعس بۆ کۆمەڵکوژیی کورد، ڕاگواستنی زۆرەملی بووە. ھەرچەندە بە پێی ھەندێک سەرچاوە و چالاکڤانی بوارەکە، ڕاگواستن و بە سەربازیی ڕاگەیاندنی ھەندێک ناوچە لە دەیەکانی شەستەوە لەگەڵ بەدەسەڵاتگەیشتنی بەعس لە عێراق جێبەجێ کراوە، بەڵام گەورەترین شاڵاو بە ڕاگواستنی کوردە فەیلییەکان لە سەرەتای دەیەی ٧٠ دەناسرێت. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە زیاتر لە ٤٠ ھەزار فەیلی ناسنامەی عێراقیبوونیان لێسەندرایەوە. ژمارەی ئەو کەسانە ھەتا کۆتاییەکانی ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوو سەدان ھەزار کەسی تێپەڕاند.
لە میانی پڕۆسەی ڕاگواستنی زۆرەملییدا، سەدان گوند بە تایبەتی لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێران بە بیانووی ھەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی عێراق، چۆلکران و دانیشتووانەکەی لە کەمپە زۆرەملێیەکان نیشتەجێکران. ئەو کەمپانە ئێستاکە لە نزیک شارەکانی ھەولێر و دھۆک و سلێمانی، ھاوشێوەی قەزایەکی ئەو پارێزگایانە ئاوەدانن و دانیشتووانەکەی ھەرگیز نەیانتوانی بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان. لە سلێمانی پیرەمەگروون و، لە ھەولێر قوشتەپە، تۆپزاوە، بەحرکە و پیرزین.
ئەنفال، دیارترین و سەرەکیترین پلان بۆ قڕکردنی کوردەکان بوو
لە پڕۆسەی ئەنفالدا، بە درێژایی ھەشت ساڵ، سەرانسەری ئەو ناوچانەی کە کوردەکان لێی نیشتەجێبوون، شاڵاوەکە گرتییەوە. کە فەیلییەکان، بارزانییەکان و بە دیاریکراویی سێ پارێزگاکەی ھەرێمی گرتەوە.
بە پێی بەڵگەنامەکان، ئەنفال لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠ بۆ ١٩٨٨ و بە تایبەتیش لە ساڵی ١٩٨٨ بە بە ھەشت قۆناغ جێبەجێکراوە.
دەستپێکی ئەنفال بە ئەنفالی فەیلییەکان دەزانرێت کە لە ئەیلوولی ١٩٨٠ جێبەجێکرا و دەگوترێت ١٠ ھەزار کەس کۆمەڵکوژکراون. بارزانییەکان لە ١٩٨٣ کەوتنە بەر شاڵاوەکە و ھەشت ھەزار قوربانیان دا.
ھەشت قۆناغی ئەنفالیش بەو شێوەیە بوو:
ئەنفالی یەک: (٢١/٢/١٩٨٨ – ١٨/٣/١٩٨٨) لەدۆڵی جافایەتی و مەرگە
ئەنفالی دوو: (٢٢/٣/١٩٨٨ – ١/٤/١٩٨٨) لە ناوچەی قەرەداغ
ئەنفالی سێ: (١٨/٤/١٩٨٨ – ٣١/٣/١٩٨٨) لە ناوچەی گەرمیان
ئەنفالی چوار: (٢٠/٤/١٩٨٨ – ٥/٥/١٩٨٨) لە دەشتی کۆیە
ئەنفالی پێنج، شەش و حەوت: (٣١/٨/١٩٨٨ – ٢٤/٥/١٩٨٨) ناوچەکانی شەقڵاوە و ڕواندز
ئەنفالی ھەشت: (٦/٩/١٩٨٨ – ٢٥/٨/١٩٨٨) ناوچەی بادینان
دەگوترێت لە میانی ئەنفالدا چوار ھەزار و ٥٠٠ گوندیش خاپوورکران.
ئەنفال یەکێکە لە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی کە لەلایەن ڕژێمی بەعس ڕووخاوەوە بەرامبەر کورد ئەنجامدرا و بەپێی ئامارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئاکامی پرۆسەی ئەنفالدا، ١٨٢ ھەزار کەسی مەدەنی بووەنەتە قوربانی و چوار ھەزار و ٥٠٠ گوندیش خاپوورکران.
ژمارەیەکی زۆر لەو کوردانەی کە لەمیانی شاڵاوی ئەنفال دەستگیرکران، بە زیندوویی خراونەتە چاڵێکەوە و ئێستا چەندین گۆڕی بە کۆمەڵ لە خوارووی عێڕاق هەن و لەلایەن حکوومەتی ھەرێمەوە بە ھەماھەنگی لەگەڵ دانیشتووانی پارێزگاکانی ئەنبار، نەجەف و موسەننا کە شایەتحاڵی ڕووداوەکانیش بوون و گۆڕە بەکۆمەڵەکانیان پێ دەزانی، ھێندرانەوە ھەرێمی کوردستان و لە زێدی خۆیان بە خاک سپێردران. بەڵام تا ئێستاش بەشێکی زۆر لە ڕووفاتەکان یان لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا ماونەتەوە کە پیاو، ژن و منداڵیشی تێدایە.