Heman Hussein Yaseen
23 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 24 مای,س 2023
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە میانی کردنەوەی سێزدەھەمین پێشانگای بیناسازیی و ئاوەدانکردنەوە و ژێرخان و ئامێر و کەرەستەی بیناسازیی لە ھەولێر بەشداری پانێڵێکی کرد و تیایدا تیشکی خستەسەر سێکتەری بیناسازیی و شوێنەکانی نیشتەجێبوون و ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە ئەو شوێنانە بەشێوەیەک بن کە خەڵک سوودیان لێ ببینێت و ئاشکرایشی کرد کە ٢٠ هەزار یەکە نیشتەجێبووەکە کە بڕیارە بۆ کەمدەرامەتان دروست بکرێت، کراوەتە تەندەر و جەختیشی لەوەکردەوە کە ژمارەیەک یەکەی نیشتەجێبوون بۆ بنەماڵەی شەهیدان بێبەرامبەر دروست دەکرێت.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند کە پێداچوونەوە بە ماستەرپلانی شارەکان دەکرێت و جەختیشی لەوەکردەوە کە لە دروستکردنی باڵەخانەدا پێویستە رێژەی سەوزایی، کوالێتی و ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی کەمئەندام لەبەرچاو بگیرێت بە تایبەتی لە شوێنە گشتییەکاندا.
مەسرور بارزانی گوتی: "خۆشحاڵم کە ئەم دەرفەتە ھەبوو لەسەر ئەم بابەتە تۆزێک قسە بکەین. بەرنامە و ئەجێندای حکوومەت بەرنامەیەکی خزمەتگوزارییە، بەوەی ئێمە چۆن بتوانین خزمەتی ھاووڵاتییانمان بکەین کە ژیانێکی خۆشگوزەرانیان بۆ دابین بکەین. لەسەر بابەتی بیناسازیی هەندێک شت هەیە کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێن، یەکێکیان پێداویستیی خەڵکە کە پێویستییان بە چییە و ئەوەیان بۆ دابین بکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێک شت ھەیە کە پێویستە لەبەرچاو بگیرێت".
گوتیشی: "نرخی ئەو شوێنانە یان ئەو یەکە نیشتەجێبووانەی کە بۆیان دروست دەکرێت، پێویستە بە شێوەیەک بێت کە خەڵک بتوانن لێی سوودمەند بێت، ئەمەش بێگومان چەندین جۆر لە خۆی دەگرێت، خەڵک ھەیە لەوانەیە لە رووی داراییەوە توانای زیاتریان ھەبێت و خواستی شتی باشتریان هەبێت، بێگومان دەبێت ئەمەیان بۆ لەبەرچاو بگیرێت، بەڵام لە لایەکی دیکەوە خەڵکێک ھەیە لە رووی داراییەوە دەرامەتی زۆر نییە و داهاتی کەمە. ئێمە لە حکوومەت بەرنامەی ئەوەمان ھەبووە کە ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکەین بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە بتوانن سوود لەو پڕۆگرامەی حکوومەت وەربگرن کە ئێستا خراوەتە تەندەر و تیایدا باسی ئەوە دەکرێت کە لە ھەر سنوورێک لە ھەر ئیدارەیەکی سەربەخۆ و ھەر پارێزگایەک بە چ شێوەیەک ئەم یەکە نیشتەجێبووانە دروست بکرێن لە نزیکەوە خۆم چاودێری بیناسازیی لە هەرێم دەکەم".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئاماژەی بە یەکێک لە بەرنامەکانی حکوومەتەکەی کرد بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ بنەماڵەی شەهیدان و گوتی: "بەشێکی دیکە بریتییە لە بنەماڵەی سەربەرزی شەھیدان، ئێمە ھەندێک بەرنامەمان ھەبووە کە چۆن بتوانین یەکەی نیشتەجێبوون بێبەرامبەر بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەھیدان دابین بکەین. لە سنووری دھۆک وامانکردووە لە ھەولێر پەنا بەخوا پڕۆسەکە خەریکە تەواو دەبێت. لە ھەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی دیکەیش وادەکەین، پەنا بەخوا ھەموو کەسێک ببێتە خاوەنی خانووی خۆی یان جێگەی خۆی".
مەسرور بارزانی تیشکی خستەسەر سێکتەری بیناسازیی و رایگەیاند کە هەر جۆرە گرێبەستێکی بیناسازیی لە هەرێمی کوردستان دەکرێت، پێویستە بگونجێت لەگەڵ ئەو سیمایەی کە ئێمە دەمانەوێت لە کوردستان ببێتە دڵگیر و خەڵک چێژی لێ ببینێت و گوتی: "لە رووی بیناسازییەوە ھەندێک شت ھەیە کە پێویستە ئێمە لەبەرچاوی بگرین کە یەکێکیان سیمای شارە، ھەر جۆرە بینایەک، یان ھەر جۆرە کۆنستڕاکشنێک لە کوردستان دەکرێت، پێویستە بگونجێت لەگەڵ ئەو سیمایەی کە ئێمە دەمانەوێت لە کوردستان ببێ بە شتێکی دڵگیر و خەڵک لەزەتی لێ بکات، لەبەر ئەوە جوانیی بیناسازی لە کوردستان پێویستە لەبەرچاو بگیرێت. دووەم کوالێتییە، کەواتا نابێت کەمی نرخ لەسەر حیسابی کوالێتی بێت، بەڵکو دەبێت کوالێتی بیناسازیی زۆر زۆر لەبەرچاو بگیرێت لە ئاستێک بێت کە خەڵک متمانەیان ھەبێت، خوانەخواستە ئەگەر ھات و تووشی بوومەلەرزە بوون، یان ھەر شتێکی نەخوازراو ھاتە پێشەوە، توانای بەرگریی ئەم جۆرە گرفتانەی ھەبێت".
گوتیشی: "بێگومان نرخیش گۆڕانکاری بەسەردا دێت بەپێی ئەوەی کە چ جۆرە کەسێک دەیەوێت چ جۆرە بینایەکی ھەبێت. ئەمەی لەسەر حکوومەت بووە، ئێمە داوامان کردووە جگە لەوەی کە ماستەرپلانی شارەکان پێداچوونەوەی پیادا بکرێت، ھەتا رووبەری سەوزایی لە بیناسازیدا دەبێت لەبەرچاو بگیرێت بۆ ئەوەی ھەمووی نەبێت بە شارێکی کۆنکریتی، واتا سەوزایی لەبەرچاو بگیرێت، هەروەها لەبەرچاوگرتنی هاتوچۆی کەمئەندام بۆ ئەوەی ئاسان بتوانن بچن بۆ ئەو شوێنانەی کە پێویستە، بەتایبەتیش شوێنە گشتییەکان، ئەم بابەتانە پێویستە لەبەرچاو بگیرێت".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەروەها بە پێویستیشی زانی کە سوود لە ئەزموونی وڵاتانی تورکیا و کەنداو وەربگیرێت لە رووی بیناسازییەوە و گوتی: "ئێمە لە وڵاتانی کەنداو و لە تورکیا و لە دەوروبەر پێشکەوتنێکی جۆری لە رووی بیناسازی و پێشکەوتنی شارستانییەوە دەبینین، دەتوانین سوود لەو ئەزموونانە وەربگرین و کردوومانە. وڵاتانی دیکەی وەکو ئەورووپا کە مێژوویەکی درێژتریان ھەیە، ستایلی جیاوازتریان ھەیە، ھەتا ئەمە زیاتر دەمێنێتەوە سەر خواستی کەسەکان کە ئایا دەیانەوێت بە چ جۆرە ستایلێک کارەکانی خۆیان بەڕێوە ببەن، بەڵام وەک سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ئەوانە، ئێمە سوودمان وەرگرتووە و بەردەوامیشین. ھەتا وەبەرھێنەری خۆمان ھەبووە کە وەبەرھێنانیان لە وڵاتانی دیکە کردووە، چونکە توانیوویانە پەیوەندییەکی جۆریی لەگەڵ کۆمپانیاکان دروست بکەن کە وەبەرھێنەری ئێمە لەوێ شت دروست بکات و وەبەرھێنەری بیانی بێنێتە کوردستان، ئەم پەیوەندییە دووقۆڵییە بێگومان دەتوانێت لە رووی کوالێتی و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و ھەتا کاریگەری لەسەر پەیوەندیی ئابووری و سیاسیش زیاتر دەبێت، ئێمە پشتیوانی ئەم جۆرە پەیوەندیدارەین و ھیوادارم بتوانین زیاتریش وەبەرھێنانی بیانی بەرەو کوردستان رابکێشین".