Dildar Baykan
17 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2020
واشنتۆن - AA
وەزيرى دەرەوەى ئەمريكا، مايك پۆمپيۆ، لەو پەيوەندييە تەلەفۆنييەى كە لە گەڵ سەرۆكوەزيرانى عێراق، عادل عەبدولمەهدى سەبارەت بە هێرشە مووشەكييەكانى سەر سەربازگەى تاجى ئەنجامياندابوو، رايگەياند، رێكارى زياتر دەگرنە بەر بۆ پاراستنى سەربازەكانيان لە عێراق.
گوتەبێژى وەزيرى دەرەوەى ئەمريكا، مۆرگان ئۆرتاگۆس، لە نوسراوێكدا، رايگەياند پۆمپيۆ و عەبدولمەهدى دوێنێ پەيوەندييەكى تەلەفۆنييان ئەنجامداوە.
ئۆرتاگۆس، ئاماژەى بەوە كرد كە لە پەيوەندييەكەدا، هێرشە مووشەكييەكەى ئێوارەى ١١ى ئادار بۆ سەر سەربازگەى تاجى كە سەربازانى هێزى هاوپەيمانانى بەرەنگاربوونەوەى داعش و نێردەى ناتۆى لێ جێگيرە، تاوتوێكراوە و گوتى:
"مايك پۆمپيۆ، جەختى لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە پێويستە حكوومەتى عێراق هێزەكانى هاوپەيمانى كە پاڵپشتى بوون لە سەركەوتنە سەر داعش بپارێزێت".
ئۆرتاگۆس، راشيگەياند، كە پۆمپيۆ داواى سزادانى ئەو كەسانەى كردووە كە دەستيان لە هێرشەكەدا هەيە و گوتى:
"مايك پۆمپيۆ، دووپاتيكردووەتەوە كە ئەمريكا لەو هێرشانە خۆشنابێت كە گيان و ژيانيان دەخاتە مەترسييەوە و بۆ بەرگريكردن لە خۆى رێكارى زياتر دەگرێتە بەر".