Heman Hussein Yaseen
25 شوبات 2024•نوێکردنەوە: 29 شوبات 2024
ھەولێر - AA
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەبۆنەی ١١٣ھەمین ساڵەی ڕۆژنامەگەریی تورکمانییدا، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان و ئهندامی مهكتهبی سیاسیی بهرهی توركمانی عێراقی، ئایدن مهعروف لە ڕێوڕەسمێکدا خەڵاتی رێزلێنانی بەخشی بە ژمارەیەک دەزگای ڕاگەیاندن و رۆژنامەوانان کە لە بواری رۆژنامەگەرییدا خزمەتی ئەو پێکھاتەیان کردووە و لە نێویاندا ئاژانسی ئانادۆڵو.
لە دەستپێکی ڕێوڕەسمەکەدا، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان-عێراق، ئازاد حەمەدئەمین گوتەیەکی پێشکەش کرد و تیاییدا تیشکی خستەسەر بواری ڕۆژنامەگەریی و زەمینەڕەخساندن بۆ کاری ڕۆژنامەوانیی لە ھەرێمى كوردستان و جەختی لەوە کردەوە کە لە نێو سەندیکای ڕۆژنامەنووسانیشدا ڕێز لە پێکھاتەکان گیراوە و پشتیگیری لە مافەکانییان دەکرێت.
دواتر وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، ئایدن مەعروف ئاماژەی بە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی تورکمانی و ڕۆڵی دەزگا میدیاییەکان کردەوە لە گرنگیدان بە پێکھاتەکان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئایدن مەعروف ئاماژەی بە بڕیارەکەی دادگای باڵای فێدراڵیی کرد لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان-عێراق و ڕایگەیاند کە بڕیارەکە سیاسیی بووە نەک یاسایی و جەختی لەوەشکردەوە بڕیارەکە دەبێتە ھۆی پاشەکشەی پێکەوەژیان ھەرێم.
ھەر لە ڕێوڕەسمەکەدا، فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری نمایشکرا کە تایبەت بوو بە ڕۆڵی ڕۆژنامە و ھۆیەکانی ڕاگەیاند لە بواری پەرەپێدانی میدیا و نەتەوەی تورکمان.
دواتر خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرا بە ژمارەیەک دەزگای ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسان کە لەماوەی ڕابردوودا ڕۆڵیان ھەبووە لە گرنگیدان بە مافی پێکھاتەکان و پێکەوەژیانی نەتەوەکان.
لە نێو دەزگاکاندا، خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە ئاژانسی ئانادۆڵو، وەک دەزگایەکی ڕۆژنامەوانیی کە ڕۆڵی ھەبووە لە گرنگیدان بە پێکھاتەکان و لەم چوارچێوەیەشدا بێلایەنانە ڕووماڵی کار و چالاکیی نەتەوە و پێکھاتەکانی لە ماوەی ڕابردوودا کردووە.
لەلایەن وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، ئایدن مەعروف خەڵاتی ڕێزلێنانەکەی ئاژانسی ئانادۆڵو درایە سەرنووسەری بەشی سۆرانی، محەمەد قورشون دواتر خەڵاتی ڕێزلێنان درایە ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو.
ڕۆژنامەی حوادس بە یەکەم ڕۆژنامەی تورکمانی ھەژماردەکرێت، یەکەم ژمارەی لە ٢٥ی شوباتی ١٩١١ لە کەرکووک دەرچوو، ئەو رۆژە کراوەتە رۆژی رۆژنامەگەری تورکمانی.
ڕۆژنامەی حەوادس، یەکەم ژمارەی تەنیا بە زمانی تورکی و بە ئەلفوبێی سامی (عەرەبی)دەرچوو، رۆژنامەکە لە کەرکووک بۆ ماوەی ھەشت ساڵ بەردەوام بوو، بەھۆی ئەوەی لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەو کات نەگونجا، لەلایەن ئینگلیزەکانەوە لە ساڵی ١٩١٨ کۆتایی بە بڵاوکردنەوەی ھێنرا.
ڕۆژى یەکشەممە ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ پەرلەمانی کوردستان-عێراق لە دانیشتنی ژمارە ١٣ی ئاسایی خۆیدا پرۆژە بڕیاری "بۆنە فەرمییەکانی نەتەوەی تورکمان"ی خستە دەنگدان، بە دەنگی ٧٣ پەرلەمانتار پەسند کرا و بە فەرمی رۆژی ٢٥ی شوباتی ھەموو ساڵێک بە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی تورکمانی ناسێندرا.