Heman Hussein Yaseen
07 حوزەیران 2026•نوێکردنەوە: 07 حوزەیران 2026
قوباد تاڵەبانی ڕادەگەیەنێت، سەرکەوتن تەنیا گەشەی ئابووری نییە و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکان گرنگە و باس لەوەش دەکات کە دەبێ هەموو لایەک پشتیوانیکەر ئاشتی بن لە ناوچەکەدا و دەڵێت، "ئاشتی سەقامگیریی دەھێنێت و ئاشتی ڕێگەمان پێدەدات بونیادنەر بین".
دوێنێ شەممە ٦ی حوزەیران، دووھەمین کۆڕبەندی دێڵفی لە سلێمانی دەستی بەکارەکانی کرد و بڕیارە دوو ڕۆژ بخایەنێت.
لە دووهەمین ڕۆژی کۆڕبەندی دێڵفی'دا، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان-عێراق، قوباد تاڵەبانی گوتارێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند: "من سەرکەوتن تەنھا بە گەشەی ئابووری پێناسە ناکەم، بەڵکو بە گەشەکردنێک کە گشتگیر، بەردەوام و ھاوسەنگ بێت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن".
تاڵەبانی جەختی لەوەش کردەوە کە ناوچەکە توانایەکی باشی هەیە بۆ پەرەپێدان بە سێکتەری ئابووریی، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و بەرهەمهێنان و لەم بارەیەوە ئاماژەی بە دۆخی ئێستای عێڕاق کرد و گوتی: "ئەمرۆ عێڕاق حکوومەتێکی نوێی ھەیە و لەگەڵیدا پەنجەرەیەکی نوێی دەرفەت دەکرێتەوە بۆ چەسپاندنی سەقامیگری گەورەتر و ڕاکێشانی وەبەرھێنان و بونیادنانی بەردەوامی درێژخایەن، عێڕاق توانایەکی بێپایانی ھەیە بۆ سەرکەوتن، ئێمە سەرچاوەمان ھەیە، بەھرەمان ھەیە، دانیشتووانێکی گەنجمان ھەیە، شوێنێکی ستراتیژییمان ھەیە، بەڵام ئەو توانایە تەنھا لە کاتێکدا دەتوانرێت بەدی بھێنرێت ئەگەر لە سەرانسەری کۆمەڵگاکانمان و دابەشبوونە سیاسییەکانماندا کار بکەین بۆ بونیادنانی پێشکەوتنی ھاوبەش، سەرکەوتنی جوگرافی عێراق گرنگە، بەڵام تەنھا لە کاتێکدا دەتوانێت بەردەوام بێت ئەگەر ژینگەیەکی سەقامگیر و پێشبینیکراو بۆ وەبەرھێنان دروست بکەین، سەرکەوتنی کوردستانیش بە قووڵی بەستراوەتەوە بە سەرکەوتنی عێراقێکی سەقامگیرەوە، ئێمە دەمانەوێت ھاوبەشێکی چالاک بین لەو پێشکەوتنەدا، بە شێوازێکی ستراتیژی و بونیاتنەرانە لەگەڵ بەغداد بەشدار بین".
لە میانی قسەکانیدا جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی سەرنجی خستەسەر پرسی ئاشتی و جەختی لەوەکردەوە کە ئاشتی متمانە دروست دەکات و گوتیشی: "ئەمڕۆ دەبێت ببینە بەرگریکاری پرسی ئاشتی، ئەمە بانگەوازێک نییە کە لە سادەییەوە لەدایک بووبێت، بەڵکو لە پێویستییەوە ھاتووە، ئاشتی متمانە دروست دەکات، ئاشتی سەقامگیریی دەھێنێت و ئاشتی ڕێگەمان پێدەدات بونیادنەر بین، ھەر لەبەر ئەوەشە کار دەکەین بۆ ئەوەی ببینە ھێزێک بۆ سەقامگیریی".