Heman Hussein Yaseen
30 حوزەیران 2026•نوێکردنەوە: 30 حوزەیران 2026
بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە، ئەمڕۆ قۆناغی یەکەمی یەکگرتنەوەی فەرماندەیی دەڤەرەکانی یەک و دوو لە ژێر چاودێری ھێزەکانی ھاوپەیمانان ڕادەگەیەندرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە و لە ژێر چاودێری ھێزەکانی ھاوپەیمانان، بە فەرمیی قۆناغی یەکگرتنەوەی دەڤەرەکانی یەک و دووی پێشمەرگە دەست پێدەکات.
بەپێی زانیارییەکان لیژنەیەکی باڵا بۆ ڕێکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە پێکھێنراوە کە ئەرکی سەرەکییان دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی کارگێڕیی و دارایی و یاسایی فەرماندەی دەڤەرەکانە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بخرێنە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا واژووکرا بە مەبەستی یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە و بەپێی ئەم خشتەیە دەبێت تا مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ پڕۆسەی یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە کۆتایی بێت و سەرجەمیان بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.