Zana Natık Kerem
29 حوزەیران 2026•نوێکردنەوە: 29 حوزەیران 2026
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، حەیدەر عەبودی ڕایگەیاند، ئەو ھەڵمەتەی کە لە ڕۆژی ٢٨ی ئەم مانگەوە بە فەرمانی سەرۆکوەزیران، عەلی زەیدی بۆ دەستگیرکردنی گەندڵکاران دەستی پێ کراوە، بەردەوامە.
حەیدەر عەبودی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەدا کە حکوومەت بەردەوامە لە پابەندبوونە دەستوورییەکانی سەبارەت بە پاراستنی سامانی گشتی و گوتی: "حکوومەت پشتی بە دیدێکی گشتگیر بەستووە بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی لە دامەزراوەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی".
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق جەختی لەوەش کردەوە ئەو ھەڵمەتەی کە لە ڕۆژی ٢٨ی ئەم مانگەوە بە فەرمانی سەرۆکوەزیران، عەلی زەیدی بۆ دەستگیرکردنی گەندڵکاران دەستی پێ کراوە، بەردەوامە و ئاشکرای کرد کە لە میانی ھەڵمەتەکەدا تا ئێستا، ٢١ تۆمەتبار دەستگیرکراون.
دوێنێ یەکشەممە چەند سەرچاوەیەک بە ئاژانسی ھەواڵی فەرمیی عێراقیان راگەیاندبوو کە لە میانی ھەڵمەتەکەدا تا ئێستا، ٤٧ سەرکردەی باڵای سیاسی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران و بەرپرس بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی دەستگیرکراون.
ھەروەھا حەیدەر عەبودی ئاشکراشی کرد، لەسەر بنەمای دان پێدانانی دەستگیرکراوەکان، کەسانی دیکەش ھەن کە لە گەندەڵی تێوەگلاون و دەستگیر دەکرێن و گوتی: "سەرۆکوەزیران، عەلی زەیدی وەزارەتی دارایی ڕاسپاردووە، لەوەی ھەژمارێکی تایبەت بۆ گێرانەوەی ئەو پارانەی کە لەلایەن گەندەڵکارانەوە دەستیان بەسەرداگیراوە، بکاتەوە".
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، حەیدەر عەبودی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باس لەوە کرد کە ڕۆژی ٢١ی ئەیلوولی ئەمساڵدا وەک دوایین وادە بۆ ڕادەستکردنی چەک لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بە حکوومەت دیاری کراوە و گوتیشی: "ھەر لە ڕۆژی ٢١ی ئەیلوولی ئەمساڵدا، ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق کۆتایی پێ دێت".
حەیدەر عەبودی گوتیشی: "حکوومەتی عێراق ڕەزامەندی لە داوایەکی ئێران نیشانداوە بۆ ئەوەی تەرمی ڕابەڕی باڵای پێشووی ئەو وڵاتە، عەلی خامنەیی بەر لە ناشتنی، بھێندرێتە کەربەلا و نەجەف".
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، حەیدەر عەبودی ڕاشیگەیاند، ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن لەنێوان بەغدا و ھەولێر ھەیە سەبارەت بە دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم.