Zana Natık Kerem
08 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 09 مای,س 2021
ھەولێر ــ AA
گوتەبێژی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش، واین مارۆتۆ رایگەیاند کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، ھێرشکراوەتە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار رۆژئاوای عێراق، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.
واین مارۆتۆ لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوویەتی: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە لەڕێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ھێرشکراوەتە سەر بنکەی عەین ئەسەد".
راشیگەیاندووە کە ھێرشەکە زیانی گیانی نەبووە و نووسیوویەتی: "ئەنجامدانی ئەو جۆرە ھێرشە دژبە حکوومەتی عێراق، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش، ھەوڵەکان بۆ سەپاندنی سەروەریی یاسایی و سەروەریی نیشتمانیی عێراق لەناودەبات".
تا ئێستا ھیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی ھێرشەکە رانەگەیاندووە.
ئەمریکا گرووپە چەکدارکانی نزیک لە ئێران بە ئەنجامدانی ئەو جۆرە ھێرشانە تۆمەتبار دەکات.