19 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 20 مای,س 2020
بەغدا - AA
لە ئاکامی دوو کردەی تیرۆریستیی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە سنووری پارێزگاکانی کەرکووک و دیالە، دوو کەس کوژراون کە یەکێکیان سەربازە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە وەزارەتی بەرگریی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە داوە کە تیرۆریستانی داعش هێرشیانکردووەتە سەر خاڵێکی هێزەکانی سوپا لە ناوچەی ئیفتیخارات سەربە قەزای داقووق باشووری پارێزگای کەرکووک.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئاماژەی بەوە داوە کە لە ئاکامی هێرشەکەدا، یەک سەرباز کوژراوە.
لە لایەکی دیکەوە ئەفسەر لە فرقەی پێنج سەربە سوپای عێراق، رائید جەمیل عوبێدی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند، بۆمبێکی چێنراو لە ناوچەی عەبارە باکووری رۆژهەڵاتی دیالە تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە یەک مەدەنی کوژراوە.
رائید جەمیل عوبێدی باسی لەوە کرد کە درەنگانی شەوی رابردوو، هێزیکی حەشدی شەعبی هێرشێکی تیرۆریستانی داعشی لە دەورووبەری ناحیەی عوزێم باکووری دیالە پووچەڵکردووەتەوە.
پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی رایگەیاندبوو کە بەم زووانە هێزە ئەمنییەكان و حەشدی شەعبی ئۆپەراسیۆنێكی فراوان بۆسەر تیرۆریستانی داعش ئەنجام دەدەن.
ئەمەیش لە کاتێکدایە، ماوەیەکە پەلامارەکانی داعش بۆسەر هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگاکانی ئەنبار، سەڵاحەددین، دیالە و کەرکووک زیادی کردووە.