Zana Natık Kerem
03 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 04 تەمووز 2021
ھەولێر ــ AA
لە میانی ئەو خۆپیشاندانەی کە شەوی رابردوو دژ بە خراپی رەوشی کارەبا لە پارێزگای میسان باشووری رۆژھەڵاتی عێراق ئەنجامدرا، ١٠ خۆپیشاندەر کوژران و برینداربوون.
شەوی رابردوو دژ بە خراپی رەوشی کارەبا، خۆپیشاندان لە بەردەم باڵەخانەی قایمقامی قەزای قەلعەت ساڵح باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای میسان ئەنجامدرا و کە لە میانیدا پێکداھەڵپژان لە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکاندا روویدا.
شایتەحاڵەکان بە ئاژانسی ئانادۆڵویان رایگەیاندووە، لە میانی پێکداھەڵپژانەکانی شەوی رابردووی نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکاندا لە قەزای قەلعەت ساڵح، خۆپیشاندەرێك کوژراوە و نۆ خۆپیشاندهری دیکەیش برینداربوون.
ئەمەیش لە کاتێکدایه کە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، رەوشی کارەبا لە پارێزگاکانی عێراق، بەشێوەیەکی بەرچاو خراپ بووە.
چەند رۆژێک لەومەبەر بەھۆی ئەو ناڕەزایەتییە جەماوەرییەی کە لە سەرانسەری عێراق بەھۆی نەبوونی کارەباوە ئەنجامدراون، وەزیری کارەبای ئەو وڵاتە، ماجد حەنتوش نامەی دەست لەکارکێشانەوەی پێشکەش کردبوو، و لە لایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی-یهوە دهست لهكاركێشانهوهكهی پەسەندکرابوو.
لەئێستادا عێراق، ١٩ ھەزار مێگاوات کارەبا بەرھەم دەھێنێت لە کاتێکدا بۆ پڕکردنەوەی پێدوایستییەکانی ھاووڵاتییان، دامەزراوە حکوومییەکان و کارگەکان پێویستی بە ٣٠ ھەزار میگاوات کارەبا ھەیە.
ساڵانێکی زۆرە، ھاووڵاتییانی عێراق دژ بە بەردەوامی بڕینی تهزووی کارەبا ناڕەزایەتیی دەردەبڕن بە تایبەتیش لە وەرزی ھاویندا کە زۆرجار پلەکانی گەرما دەگاتە سهرووی ٥٠ پلەی سەدیی.
پارساڵ لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە سەربە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندبوو، لە ساڵی ٢٠٠٥وە، ٨١ ملیار دۆلار بۆ کەرتی کارەبا خەرجکراوە، بێ ئەوەی رەوشی کارەبا باش بکرێت.