Hamit Hüseyin
17 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 17 تەمووز 2019
ھەولێر - AA
ماڵپەری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سەرۆکى ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی کرد لە باڵیۆزی رووسیا لە عێراق، ماکسیم ماکسیمۆڤ.
باڵیۆزی رووسیا لە عێراق، ماکسیم ماکسیمۆڤ پیرۆزبایی خۆی و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوە و میخائیل بۆگدانۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیای بە نێچیرڤان بارزانی راگەیاندووە بۆ دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و ھیوای سەرکەوتنیان بۆ خواستووە. لە بەرامبەردا سەرۆکى ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی کردوون و سڵاو و رێزی بۆ وەزیری دەرەوەی رووسیا و جێگرەکەی ناردووە.
لە دیدارێکدا ھەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و رووسیا و چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەولێر ـ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور کردەووەتەوە و سەرۆکى ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ئامادەییی ھەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەر نیشانداوە و ئاماژەی بە سەردانی دوێنێی شاندێکی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کردووە.
تاوتوێکردنی دۆخی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ھەرێمی کوردستانەوە، لایەنێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بووە.