Rewa Mahmood Hasan
17 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 17 ئەیلوول 2020
هەڵەبجە - AA
بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان، زانکۆکان بەپێی گونجان لە ٢٠ی ئەیلوول بۆ چواری تشرینی یەکەم، ساڵی نوێی خوێندن دەست پێ دەکەن.
زانکۆی هەڵەبجە بڕیاریداوە لە چواری تشرینی یەکەمدا، دەست بکات بە ساڵی نوێی خوێندن لە بەکالۆریس بەشێوەی ئاوێتە و بە جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان.
لەمبارەیەوە سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە، مهاباد کامل عەبدوڵڵا رایگەیاند کە خوێندن لە زانکۆکەیاندا بەشێوەی ئاوێتە دەبێت و تەنها بەشە پراکتیکیەکان لەنێو هۆڵەکانی کەمپی زانکۆدا دەخوێندرێن، ئەوانەشی تایبەتن بە تیۆریی، ئەوا بەشێوەی ئۆنلاین یان ئەلیکترۆنی دەخوێندرێن.
مهاباد کامل عەبدوڵڵا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''لەئێستادا مامۆستاکانمان لە خولێکی تایبەتدان، بۆ ئەوەی بە باشی خۆیان بگونجێنن لەگەڵ سیستەمی نوێی خوێندندا کە خوێندنی ئۆنلاینە، ئەمە لەکاتێکدا مامۆستاکان لە وەرزی هاویندا، بەشداریان لە دوو خولدا کردووە بۆ مەشق و راهێنان لەسەر چۆنیەتی وانە گوتنەوەی ئۆنلاین کە خولەکان بەهاوکاری دەزگای مرۆیی مام و رێکخراویی ئایەڵس کراونەتەوە و لە خولی ئێستادا، بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت کە لە سێی ئەیلوولەوە بەردەوامە".

سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە، مهاباد کامل عەبدوڵڵا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان هەموو ئامادەکاریەکیان کردووە بۆ ساڵی نوێی خوێندن و سەرجەم بابەتەکان بۆ ئۆنلاین لە پۆرتاڵی تایبەت بە زانکۆدا بڵاو دەبێتەوە و گوتی:
''خوێندکاران دەتوانن بە ئۆنلاین بەشدار بن لە وانەکاندا، دواتر ئەم بابەتە لە پۆرتاڵەکەدا دەمێنێتەوە و ئەگەر خوێندکارێک نەیتوانی لەوکاتەدا بەشدار بێت، ئەوا دەتوانێت دواتر سەیری بکاتەوە، بەڵام تا ئێستا نازانین بەشداری خوێندکاران چۆن دەبێت لەو سیستەمەدا، بۆیە ئاواتەخوازین کە خوێندکاران بەتەواوی پابەندی ئەو رێنماییانە بن کە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و ئەنجوومەنی زانکۆکانەوە دەردەچن کە بێگومان ئەمەش لە بەرژەوەندی خوێندکاراندایە بۆ ئەوەی ساڵێکی خوێندنیان بەفیڕۆ نەچێت".
مهاباد کامل عەبدوڵڵا سەبارەت بە چۆنیەتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان ئاماژەی بەوە کرد کە هەر کلاسێک دەکەنە چەند گرووپێک، بۆ ئەوەی رێژەیان کەمتر بێت و قەرەباڵغی دروست نەبێت، دواتر لە هۆڵەکانی خوێندندا لەنێو کەمپی زانکۆ تاقیکردنەوەکان ئەنجام دەدرێت.
سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە، مهاباد کامل عەبدوڵڵا سەبارەت بە ئامادەکاریەکان بۆ کردنەوەی بەشە ناوخۆییەکان رایگەیاند کە هەوڵ دەدەن ئەو خوێندکارانەی ناچارن لە بەشە ناوخۆییەکان بمێننەوە، رێژەیان کەم بێت و تەنها ئەوانەی کە بەشداری دەکەن لە وانە پراکتیکیەکان، بە پارێزگاریکردن لە مەودای کۆمەڵایەتی بتوانن بمێننەوە لە بەشە ناوخۆییەکان، ئەگەر پێشتر هەشت کەس لە ژوورێکدا بووبێت ئەوا هەوڵدەدەن کە لەئێستادا، تەنها دوو کەس لە ژوورێکدا بن.