Zana Natık Kerem
15 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 15 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
دەستەی دەستپاكی لە عێراق رایگەیاند كە بەتۆمەتی گەندەڵی، فەرمانی قەدەغەی گەشتكردن و بانگهێشتكردن بۆ بەردەم دادگا بۆ هەریەك لە پارێزگاری كەركووك بە وەكالەت، راكان سەعید و بەڕێوەبەری باڵەخانەكانی قوتابخانەكانی كەركووك دەركراوە، جگە لەوەیش فەرمانی دەستگیركردن بۆ 23 فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی گشتیی كەركووك لە دۆسیەی بنیاتنانی ژمارەیەك قوتابخانە لە كەركووك دەركراوە.
لەمبارەیەوە فەرمانگەی لێكۆڵینەوەكان لە دەستەی دەستپاكی لە عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە كە دادگای لێكۆڵینەوە تایبەت بە پرسەكانی دەستپاكی لە كەركووك، بەپێی ماددەی (340) لە یاسای سزاكان و بەهۆی بەهەدەردانی دارایی گشتیی لە پرۆژەی بونیادنانی ژمارەیەك قوتابخانە كە پێشتر بەشێكی ئەو قوتابخانانە بنیاتنرابوون و دواتر بۆ تەواوكردنی بنیاتنانی قوتابخانەكان درابوونە كۆمپانیایەكی بیانی بە بڕی (57) ملیار دینار، فەرمانی بانگهێشتكردنی پارێزگاری كەركووك و بەڕێوەبەری باڵەخانەكانی قوتابخانەكانی كەركووك بۆ بەردەم دادگا دەركردووە، ئەو دۆسیە پارێزگاری پێشووی كەركووكیش دەگرێتەوە".
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەیش دراوە كە دادگای تایبەت بە پرسەكانی دەستپاكی لە كەركووك هەر لەسەر ئەو دۆسیەیە، فەرمانی قەدەغەی گەشتكردن و دەستگیركردنی بۆ 23 فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی پارێزگای كەركووك دەركردووە لەنێویاندا بەڕێوەبەری پێشووتری پەروەردە.
لە كۆتایی مانگی ئابی رابردوودا، دەستەی دەستپاكی لە عێراق رایگەیاندبوو كە دۆسیەكی گەندەڵی لە بونیادنانی 25 قوتابخانە لە پارێزگای كەركووك ئاشكراكردووە كە لەلایەن كۆمپانیایەكی بیانییەوە بنیاتنراون ژمارەی قوتابخانەكان لە 25 وە بۆ 18 قوتابخانە كەمكراوەتەوە، تەنانەت دیزاین و رووبەری قوتابخانەكان گۆڕاون، بە پێچەوانەی بەندەكانی نێو گرێبەستەكان و بەبێ ئەوەی رەزامەندی وەزارەتی پلاندانان وەربگیرێت.