Rawan Subhi Obaiullah
03 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 03 ئاب 2026
دوای تێپەڕبوونی ١٢ ساڵ بەسەر کارەساتی شنگالدا، پرسی ئاوارەبوونی ئێزدیيەكان و ڕەوشی کەمپەکانيان لە پارێزگای دھۆک وەک یەکێک لە دۆسیە مرۆییە ھەڵپەسێردراوەکان ماوەتەوە، سەرباری ھەوڵە بەردەوامەکان، ھێشتا دەیان ھەزار خێزانی ئاوارە لە ناوەوە و دەرەوەی کەمپەکاندا دەژین.
لەگەڵ تێپەڕبوونی ئەم قۆناغە درێژخایەنە، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای دھۆک، پیر دەیان جەعفەر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشکرای کرد کە دوای ١٢ ساڵ ھێشتا پرسی کەمپەکان یەکلا نەکراوەتەوە و نزیکەی ٢٧٠ ھەزار ئاوارەی شنگال لەناو و دەرەوەی کەمپەکانی دھۆک دەژین.
پیر دەیان جەعفەر تیشکی خستە سەر نوێترین ئامارەکانی دوای کارەساتی شنگال و ڕایگەیاند: "ئێستا ١٥ کەمپی ئاوارەکانی شنگال لە دھۆک ماونەتەوە کە ٢٠ ھەزار و ٨٤٠ خێزان (نزیکەی ١١٠ ھەزار کەس) لەخۆ دەگرن، ھەروەھا لە دەرەوەی کەمپەکانیش ٣٥ ھەزار خێزان (نزیکەی ١٦٠ ھەزار کەس) ھەن، کە کۆی گشتییان لەناو و دەرەوەی کەمپەکان دەگاتە ٢٧٠ ھەزار کەس".
ناوبراو ئاماژەی بە کەمیی ھاوکارییەکان کرد و گوتی: "پشتیوانیی ڕێکخراوە خێرخوازییەکان لەناو کەمپەکان زۆر کەمی کردووە، لە کاتێکدا ئاوارەکان پێویستییان بە ھاوکاری ھەیە؛ لەوانە گۆڕینی خێوەتەکان، چاککردنی شەقامە ناوخۆییەکان و چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکانی ئاو و کارەبا، بەڕێوەبردنی سێکتەرە خزمەتگوزارییەکان لەناو کەمپەکاندا مانگانە پێویستی بە نزیکەی ١٠٠ ملیار دینار ھەیە، ئەمەش بووەتە بارگرانییەکی گەورە، چونکە جگە لە ١٥ کەمپی ئاوارەکان، ٥ کەمپی پەنابەریش ھەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ئەرکی خۆی ھەستاوە و بەردەوامە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان تا ئاوارە و پەنارەکان بە ئارامی بەردەوامی بە ژیانیان بدەن".
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دھۆک سەبارەت بە چارەسەری کۆتایی گوتی: "ھیوادارین پێش ھاتنی ساڵی نوێ، حکوومەت عێراق، بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، بە تەواوی پێکبھێنرێت و یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی، داخستنی دۆسییەکانی ئاوارەکان بێت، مەخابن ئەم ئاوارانە لە وەرزی ھاوین و زستاندا لە ژێر خێوەتەکاندا ڕۆژانی زۆر سەخت بەڕێ دەکەن، ھیواخوازین ئێزدییەکان لە کاتێکی نزیکدا بە شێوازێک قەرەبوو بکرێنەوە کە شایستە بێت و بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەست بە ژیانێکی نوێ بکەنەوە".
ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤دا، تیرۆریستانی داعش ھێرشیان کردە سەر قەزای شنگال ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا بەھۆیەوە ژمارەیەکی زۆری لە هاووڵاتییانی ئێزدی کوژران و برینداربوون، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆری دیکەیش ئاوارەبوون، ئەمە وێڕای ئەوەی سەدانی دیکەیش ڕفێندران کە تا ئێستا چارەنووسی ژمارەیەکی زۆریان نادیارە.