Gülşen Topçu
12 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 13 تشرینی دووەم 2019
بەغدا ــ AA
سەرچاوەیەكی پزیشكی رایگەیاند، لە ئاكامی رووبەڕووبوونەوە و پێكدادانەكانی دوینێی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان لە شاری ناسرییە ناوەندی پارێزگای زیقار، دوو خۆپیشاندەر كوژراون و ١٨ی دیكەش بریندار بوون.
سەرچاوەكە كە لە فەرمانگەی تەندروستی زیقار كار دەكات بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوێنێ دووشەممە لە میانی خۆپیشاندانەكانی شاری ناسرییە، رووبەڕووبوونەوە و پێكدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەراندا روویدابوو".
بە گوتەی سەرچاوەكە لە رووبەڕووبوونەوە و پێكدادانەكەدا، دوو خۆپیشاندەر كوژراون و ١٨ی دیكەش برینداربوون.
ئەوە لە كاتێكدایە هەر دوێنێ دووشەممە فەرماندەی پۆلیسی زیقار، عەمید محەمەد سەعیدی رایگەیاندبوو كە فەرمانی داوە بەهیچ شێوەیەك هێزە ئەمنییەكان هەڵنەكوتنە سەر خۆپیشاندەران لە شاری ناسرییە.
لەسەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی رابردووەوە، عێراق رووبەڕووی شەپۆلێكی بەرفراوانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بووەتەوە، شەپۆلی یەكەمی خۆپیشاندانەكان لە ١ی تشرینی یەكەمی رابردوودا دەستیپێكرد و ماوەی ھەفتەیەك بەردەوام بوو، شەپۆلی دووەمی خۆپیشاندانەكانیش لە ٢٥ی ھەمان مانگ دەستیان پێكردەوە و تا ئێستا بەردەوامی هەیە.
بەپێی دوایین ئامار كە لە لایەن لیژنەی مافەكانی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوكراوەتەوە، ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە خۆپیشاندانەكاندا تا ئێستا كوژراون گەیشتووەتە ٣٢٣ كەس لە نێویاندا ژمارەیەك كارمەندی ئەمنی هەن.