Rewa Mahmood Hasan
24 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 25 تشرینی یەکەم 2021
سلێمانی - AA
مەفرەزە بەردەوامەکانى پۆلیسى دارستانی سلێمانى لە سنوورى چالاکى بەش و بنکەکانیدا بەردەوامە لە دەستبەسەردا گرتنى ئەو ئامێرانەى بەنایاسایى بیر هەڵدەکەنن و رووبەڕووى یاسایان دەکەنەوە و لەو چوارچێوەیەشدا، سێ هاووڵاتى بەتۆمەتی بیرلێدان و زێدەڕۆیی دەستگیرکران.
لە چوار چێوەیەشدا لە ئەنجامی گەڕان و پشکنینی سنووری چالاکییان، مەفرەزەیەکی بەشى پۆلیسی دارستانی قەزای پێنجوێن بە مەبەستی پاراستنی سامانی ئاوی ژێرزەوی و رێگەگرتن لە دیاردەی بیرلێدان، توانیان هاووڵاتییەک دەستگیر بکەن کە بە شێوەیەکی نایاسایی سەرقاڵی هەڵکەندنی بیر بوو، هەروەها توانرا دەست بەسەر جیهازێكی بیرلێداندا بگیرێت.
لە راگەیەندراوێکدا کە بەڕێوەبەری راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، عمیدی پۆلیس هێمن كمرخان بڵاوی کردۆتەوە تێیدا هاتووە، ''بۆ پارێزگاریکردن لە سروشت و ژینگەیى کوردستان ئەرکى سەرەکى و لە پێشینەى کارەکانمانە و لەو پێناوەشدا هەموو توانا و هەوڵەکانى خۆمان دەخەینەکار و هەر هاووڵاتییەک سەرپێچى لە رێنماییەکانمان بکات دەستگیردەکرێت و رووبەڕوى دادگا دەکرێتەوە".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە هەمان کاتدا مەفرەزەکانى بەشى پۆلیسى دارستان و ژینگەى شارەزوور لە دەرچوونێکى مەیدانیاندانیدا توانییان هاووڵاتییەک دەستگیر بکەن کە سەرقاڵی هەڵکەندنی بیر بوو، هەروەها توانرا دەستبگرن بەسەر جیهازێكی بیرلێدانداندا دواتر پەڕاوى لێکۆڵینەوەیان بۆ کرایەوە و رووبەڕووى دادگا کراونەتەوە بۆ وەرگرتنى رێکارى یاسایى.
لەلایەکی ترەوە مەفرەزەکانى بەشى پۆلیسى دارستان و ژینگەى قەزای سەیدسادق توانیان سەرپێچیکارێک دەستگیربکەن بە هۆکارى زێدەڕۆیی تەختکردنى زەوى زیان گەیاندن بە دارستانە سروشتییەکان.
لەوبارەیەوە عمید هێمن کمرخان لە رێگەی راگەیەندراوەکەوە جارێكی تر پەیامی ئاراستەی سەرجەم هاووڵاتییان كردەوە كە پابەندبن بەڕێنماییەكانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی و پارێزگاری لە سامانی سروشتیی و ژینگەی كوردستان بكەن.