ھەولێر - AA
ئەمڕۆ ٢٠ ساڵ بەسەر هێرشی ئەمریکا بۆسەر عێراق تێپەڕ دەبێت کە کۆتایی بە دەسەڵاتی سەرۆکی پێشووتری عێراق، سەدام حوسێن ھێناو، ھەروەھا سیستەمی حکومڕانی لە عێراق گۆڕی.
لە ١٩ ئاداری ساڵی ٢٠٠٣دا، ھێزە ئاسمانیی و وشکانییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی بەسەرکردایەتی سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا، جۆرج دەبلیو بۆش ھێرشیان بۆ داگیرکردنی عێراق دەست پێ کرد و جەختیش کرایەوە کە ئامانجی ھێرشەکە رووخاندنی دەسەڵاتی سەدام حوسێن بوو لە بەدەسیھێنانی چەکی ناوەکی، کیمیایی و بایۆلۆجی، ھەروەھا پاڵپشتیکردنی دیموکراسییە لە عێراق.
ھێرشەکە تا مانگی نیسانی ٢٠٠٣ بەردەوامبوو و دواتر بە راگەیاندنی رووخاندنی دەسەڵاتی سەدام حوسێن و کۆنترۆڵکردنی تەواوی عێراق، کۆتایی ھات.
داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، بە گرنگترین رووداوەکان لە مێژوویی عێراق و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دادەندرێت کە ھێشتا کاریگەریی گەورەی لەسەر ناوچەکە و جیھان ھەیە.
ھەروەھا لە ئەنجامی داگیرکردنەکەدا، گرژیی و ململانێی لەنێوان لایەنە عێراقییەکان دروست بوو، ئەمە وێرای ئەوەی زیانی زۆری گیانی لێکەوتەوە و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئابووریی و ژێرخانی عێراق بەجێھێشت.
ــ چۆن ھێرشەکەی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی بۆسەر عێراق دەستی پێ کرد
لە ١٩ی ئاداری ٢٠٠٣دا، یەکەم بۆردمانی ئاسمانی بۆسەر عێراق لەلایەن ئەمریکاوە دەستی پێکرد و تەنھا لە یەک رۆژدا، فڕۆکەکانی ئەمریکا و بەریتانیا سەدان ھێرشی ئاسمانییان بۆسەر عێراق ئەنجامدا کە مووشەکی جۆری کروز تیایدا بەکارھێندرا، ھاوکات بۆردومانی چڕ لە دەوروبەری بەغدا و شارەکانی کەرکووک و مووسڵ و بەسڕە ئەنجامدرا.
لە ٢٥ی ئاداردا، ھەزاران سەربازی ھێزی پیادەی دەریایی (مارێنز) گەیشتنە شاری ناسڕییە ناوەندی پارێزگای زیقار و وێڕای رووبەڕووبەبوونەوەی قورس لەلایەن ھێزە عێراقییەکانەوە، ھێزەکانی ئەمریکا بەرەو بەغدا پێشڕەوییان کرد.
دواتر بەغدا بووە ئامانجی سەرەکی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و بۆردومانی چڕ کرایە سەر کۆشکی کۆماری لە بەغدا.
لە ٣١ی ئادار رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لەنێوان ھێزە ئەمریکا و ھێزەکانی گاردی کۆماری عێراق لە نزیک شاری کەربەلا روویدا.
لە دووی نیسانی ساڵی ٢٠٠٣دا، ھێزەکانی ئەمریکا بەرەو بەغدا و کەربەلا پێشڕەوییان کرد.
لە چواری نیسانی ساڵی ٢٠٠٣دا، ھێزەکانی ئەمریکا دەستیان بەسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەدامدا گرت، لە ھەمان رۆژدا تەلەڤیزیۆنی فەرمی دەوڵەتی عێراق گرتەی ڤیدیۆیی گەڕانی سەدام حوسێنی لە یەکێک لە گەڕەکانی بەغدا بڵاوکردەوە.
لە حەوتی نیسانی ٢٠٠٣دا، ھێزەکانی ئەمریکا گەیشتنە ناوەڕاستی بەغدا و دەستیان بەسەر ژمارەیەک لە کۆشکەکانی کۆماریی-دا گرت.
لە نۆی نیسانی ٢٠٠٣دا ، ھێزەکانی ئەمریکا چوونە نێو "شاری سەدام" باکووری رۆژھەڵاتی بەغدای پایتەخت و لەو کاتەی کە ھاووڵاتییان لە گۆڕەپانی فیردەوسی بەرامبەر ھوتێل فەڵەستین ھەوڵی رووخاندنی پەیکەرە برۆنزییەکەی سەدام حوسێنیان دا، تانکێکی ئەمریکی گەیشتە ناوچەکە، دوای ئەوەی سەربازانی ئەمریکا ئاڵایەکی وڵاتەکەیان خستەسەر سەری پەیکەرەی سەدام، دواتر پەیکەرەکەیان بە زنجیر بەستا و تێکیان شکاند، ئەمەش بووە ھێمای کەوتنی بەغدا و کوتایی ھێنان بە دەسەڵاتی سەدام حوسێن.
لە دوای ئەو رێکەوتە، شارەکانی کەرکووک و مووسڵ لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگەوە رزگارکران، بەڵام شاری تکریت ناوەندی پارێزگای سەڵاحەددین شوێنی لەدایکبوونی سەدام حوسێن لە ١٤ی نیسانی ٢٠٠٣دا، کەوتە ژێر کۆنترۆڵی ھێزەکانی ئەمریکا.
لە یەکی ئایاری ٢٠٠٣دا، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، جۆرج دەبلیو بۆش کۆتاییھاتنی جەنگی لە عێراق راگەیاند.
ــ ھۆکارەکانی داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە
ئیدارەی ئەمریکا لەسەردەمی جۆرج دەبلیو بۆش دوو پاساوی بۆ داگیرکردنی عێراق راگەیاند، یەکەمیان ئەوە بوو کە سەدام حوسێن چەکی کۆمەڵکوژی ھەیە، دووەمیش ئەوە بوو کە عێراق پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوی "ئەلقاعیدە" ھەیە.
ئەو پاساوانەی ئەمریکا بۆ داگیرکردنی عێراق لەسەر ئاستی شەقامی ئەمریکا و رای گشتیی جیھانیی رەخنەی لێگرا، تەنانەت ژمارەیەک وڵات دژی ئەنجامدانی ھێرشەکەی ئەمریکا و ھاوپەیمانان بۆسەر عێراق بوون و رایانگەیاندبوو کە ھێرشەکە ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت کە زیانی زۆری بە ژێرخانی عێراق گەیاند، ھەروەھا ھێرشەکە بووە مایەی زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.
بەڵام ئیدارەکەی جۆرج دەبلیو بۆش گوێی بە رەخنەکان نەدا و ھێرشەکەی بۆسەر عێراق ئەنجامدا و کۆتایی بە دەسەڵاتی سەدام حوسێن ھێنا.
ــ ژمارەی ھێزە بەشداربووەکان و زیانە گیانییەکانی داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە
لەچوارچێوەی ئەو ھاوپەیمانێتییەی کە ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣دا، بۆ داگیرکردانی عێراق پێکی ھێنابوو، ٣٠٠ ھەزار و ٨٨٤ سەربازی ھاوپەیمانان بەشداریان لە ھێرشەکەی سەر عێراق کردبوو کە زۆرترینیان سەربازانی ئەمریکا و بەریتانیا بوون.
لەو ژمارەیە، ٢٥٠ ھەزاری سەربازی ئەمریکا، ٤٥ ھەزاری سەربازی بەریتانیا، سێ ھەزار و ٥٠٠ سەربازی کۆریای باشوور، دوو ھەزار سەربازی ئوستڕالیا، ٢٠٠ سەربازی دانیمارک و ١٨٤ سەربازی پۆڵەندا بوون.
بەپێی ئەو ئامارانەی کە پێشتر بڵاوکرانەتەوە لە میانی داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا لەلایەن ئەمریکاوە، ھەشت هەزار سەربازی ھاوپەیمانان کوژراون کە چوار ھەزار و ٥٠٠یان سەربازی ئەمریکا بوون، ھەروەھا حەوت ھەزار و ٣٠٠ مەدەنی عێراقی کوژراون.
ھەروەھا بەپێی ئامارەکان، ١٠٠ ھەزار سەربازی ئەمریکا و ھاوپەیمانان، هەروەها ٢٠٠ ھەزار مەدەنی عێراقی برینداربوون.
ــ لێکەوتەکانی داگیرکردنی عێراق
داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکا و ھاوپەیمانییەکانییەوە لە ساڵی ٢٠٠٣دا، لێکەوتەی نەرێنی بۆسەر عێراق و ناوچەکە ھەبوو، لەوانە بەھۆی داگیرکردنەکەوە، سەدان ھەزار کەس ئاوارەبوون، ھەروەھا ھێشتا کاریگەرییە دەروونییەکانی ئەم داگیرکردنە لەسەر کەسانێکی زۆر لە عێراقدا ماوە.
داگیرکردنەکە بووە ھۆی زیادبوونی دابەشبوون لەنێوان لایەنە عێراقییەکان، ھەروەھا شەڕی تائیفیی لەنێوان سوننە و شیعە دروستبوو کە تا ساڵی ٢٠٠٧ بەردەوامبوو و قوربانی زۆری لێکەوتەوە.
لەگەڵ سەرەتای داگیرکردنی عێراق، شیعەکان خۆپیشاندانیان دژبە ھێزەکانی ئەمریکا ئەنجام دا، تەنانەت شەڕ و پێکدادان لەنێوان گرووپە چەکدارە شیعەکان و ھێزەکانی ئەمریکا روویدا.
ھەروەھا یەکێک لە لێکەوتەکانی دیکەی داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، سەرھەڵدانی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی بوو لە عێراق لەوانە "رێکخراوی ئەلقاعیدە" و ریکخراوی تیرۆریستیی "داعش"، گرووپە توندئاژۆکان، ئەو بۆشاییە ئەمنییەیان بۆ خۆیان قۆستەوە کە لە ئەنجامی داگیرکردنە دروست بوو، لەو کاتەوە تا ئێستا بەردەوا، کردە تیرۆریستی لە عێراق و ناوچەکە ئەنجام دەدرێت.
داگیرکردنەکە، کاریگەری خراپی لەسەر ئابووریی عێراق دروست کرد کە بەھۆیەوە ئەو وڵاتە بەرەوڕووی چەندین قەیرانی دارایی بوویەوە رەوشی ژیان و گوزەرانی عێراقییەکان خراپ بوو.
ــ قۆناغی دوای داگیرکردنی عێراق
دوای داگیرکردنی ئەمریکا بۆ عێراق ساڵی ٢٠٠٣، پۆل برێمەر لە پۆستی فەرمانڕەوای مەدەنیی ئەمریکا لە عێراق دەست بەکاربوو کە لە میانیدا بڕیاری قەدەغەکردنی پێدانی پۆستی بە ئەندامانی حزبی بەعسی ھەڵوەشاوە دەرکرد و دواتریش سوپای عێراق و ھێزە ئەمنییەکانی سەردەمی سەدام حوسێنی ھەڵوەشاندەوە.
لە ساڵی ٢٠٠٤دا، ئەنجوومەنی حوکم پێکھێندرا و دواتر دەستووری نوێی عێراق بە بەشداری نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان نووسرایەوە.
لە ساڵی ٢٠٠٥ رەشنووسی دەستووری عێراق خرایە راپرسییەوە و بە زۆرینەی دەنگی ھاووڵاتییان پەسەند کرا و بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، فیدڕاڵییەتی ھەرێمی کوردستان لە دەستووری عێراقدا جێگیرکرا.
دوای پەسەندکردنی دەستووری نوێی عێراق، بڕیاردرا رۆژی ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥ یەکەم ھەڵبژاردنی گشتیی ئەنجام بدرێت.
لە٣٠ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٥دا، یەکەم ھەڵبژاردن لەدوای رووخاندنی رژێمی پێشوو بەڕێوەچوو کە لایەنە شیعەکان و کورد بەشدارییان کرد و سوننەکان بایکۆتی ھەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسییان کرد.
لە دوای یەکەم ھەڵبژاردن لە ساڵی ٢٠٠٥ تا ساڵی ٢٠٢١، حکوومەتە یەک لەدوایەکەکان بەسازان لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا پێکھێنراون.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ەوە لەسەر بنەمای نەریتێکی سیاسیی لە عێراق کە بە "پشکپشکێنە" ناسراوە، پۆستی سەرکۆمار بۆ کورد، سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سوننە بووە.
ــ کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دوای داگیرکردن
لە ساڵی ٢٠١١دا، ئەمریکا سەرجەم ھێزەکانی لە عێراق کشانەوە، ئەوەیش دوای ئەوەی بەغدا و واشنتۆن "رێککەوتنی ستراتیچیی"یان لە ساڵی ٢٠٠٨ واژوو کرد.
کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا چەندین لێکەوتەی لەسەر رەوشی عێراق بەدوای خۆیدا ھێنا لەنێویاندا، رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق.
دوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا حکوومەتی عێراق بووە بەرپرسیار لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات کە ئەوەیش ئاڵنگارییەکی گەورە بوو بۆ ھێزە ئەمنییە نوێیەکانی عێراق کە پێویستیان بە کات بوو بۆ بنیاتنانەوەی تواناکانیان.
خاڵێکی دیکە لە لێکەوتەکانی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، زیادبوونی کردە تیرۆریستیی و شەڕی ناوخۆیی نێوان سوننە و شیعە بوو کە ئەوەیش فشارەکانی سەر حکوومەتی عێراق، بەتایبەتی سەر ھێزە ئەمنییەکان زیاتر کرد، تەنانەت رەوشی ئاسایش و سەقامگیریی لە عێراق خراپ بوو.
ھەروەھا دوای کشانەوەکە، ھەژموونی ئەمریکا لە ناوچەکە کەمبووە، ھەژموونی وڵاتانی رکابەری ئەمریکا لە ناوچەکە زیادبوو، بەتایبەتیش ئێران کە بۆشایی ئەمنی بە ئامانجی پتەوترکردنی ھەژموونی خۆی لە عێراق قۆستەوە.
دوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا، داگیرکردنی عێراقیش کۆتایی ھات.
ــ ھێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٤دا، جارێکی دیکە گەڕانەوە عێراق
لە ساڵی ٢٠١٤دا، رێکخراوی تیرۆریستی داعش ھێرشی کردە سەر عێراق و لە ١٠ی حوزەیرانی ھەمان ساڵدا رێکخراوەکە دەستی گرت بەسەر شاری مووسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوا کە دووەم گەورەترین شاری عێراقە و دواتریش ھێرشەکانی فراوانتر کرد و دەستی گرت بەسەر یەک لەسەر سێی خاکی عێراقدا.
ئەمریکا بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ھاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتیی پێکھێنا کە لە ٨٥ وڵات پێکھاتووە.
لە ساڵی ٢٠١٤دا، ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بەڕابەرایەتی ئەمریکا گەڕایەوە عێراق، بۆ ئەوەی پاڵپشتیی لە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە بکەن لە رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش.
بەڵام گەڕانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠١٤دا، لەسەر داوای حکوومەتی عێراق بوو.
دوای ئەوەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاکەی کە رێکخراوەکە لە ھاوینی ٢٠١٤دا دەستی بەسەردا گرت راگەیاندبوو ئەمریکا رایگەیاندبوو کە ئەرکی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کە شەڕکردن بوو، کۆتایی ھاتووە و گۆڕاوە بۆ راوێژکاریی.
ھاوکات لە ساڵی ٢٠٢١ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش بەفەرمی کۆتاییھاتنی رۆڵی شەڕکەری ھێزەکانی لە عێراق راگەیاند و بەڵێنی بەردەوامی پشتیوانیی کردنی ھێزەکانی ئەو وڵاتەی لە بەرامبەر ھەڕەشەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دا.
لەئێستادا، دوو ھەزار و ٥٠٠ سەربازیی ئەمریکا لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش بۆ راوێژ و مەشق پێکردن بە ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بنکەی حەریر سەربە پارێزگای ھەولێر و بنکەی عەین ئەسەد سەربە پارێزگای ئەنبار جێگیرکراون.
news_share_descriptionsubscription_contact
