Zana Natık Kerem
05 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 05 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
لە كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، كە ئەمڕۆ دووشەممە بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی لە پارێزگای زیقار باشووری عێراق سازكرا، ژمارەیەك بڕیاری گرنگ تایبەت بەو پارێزگایە دەركراوە.
لەوبارەیەوە گوتەبێژی حكوومەتی عێراق، ئەحمەد موللا تەڵاڵ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا ئاشكرایكرد لە كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، كە ئەمڕۆ دووشەممە لە پارێزگی زیقار سازكرا، بڕیاردراوە وەزارەتی نەوت بڕی ٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ سەنتەری نەخۆشخانەی دڵ لە پارێزگای زیقار خەرجبكات و هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا، دەسەڵات دراوە بە پارێزگاری زیقار لەوەی زەوی دابەشبكات.
ئەحمەد موللا تەڵاڵ ئاماژەی بەوەیشداوە كه ههر لە كۆبوونەوەكەدا، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر ئەوە نیشانداوە كە حكوومەتی خۆجێیی زیقار دەست بكاتەوە بە واژووكردنی گرێبەستەكانی تایبەت بە پارێزگاكه و جگە لەوەیش لە كۆبوونەوەكەدا رەزامەندیی نیشان دراوە لەسەر واژووكردنی گرێبەستی تایبەت بە نۆژەنكردنەوەی فڕۆكەخانەی ناسرییە، هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا وەزارەتی پلاندانان راسپێردرا لەوەی پلان بۆ دروستكردنی شەقامە سەرەكییەكان لە پارێزگای زیقار جێبەجێبكات.
گوتەبێژی حكوومەتی عێراق باسی لەوەشكرد كە هەر لە كۆبوونەوەكەدا ئەنجوومەنی وەزیران داوای كردووە كە پەلە بكرێت لە تەواوكردنی پڕۆژەی دروستكردنی شاری پیشەسازیی و پاڵاوگەی نەوتی زیقار، هەروەها رەزامەندیی لەسەر دامەزراندنی سندوقی بنیاتنانەوەی زیقار، جگە لەوەیش داوای كردووە نەخۆشخانەی توركی لە شاری ناسرییە تەواو بكرێت.
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی مەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی ئەمنی خزمەتگوزارییەكان گەیشتبووە شاری ناسرییە سەنتەری پارێزگای زیقار كە لە میانیدا كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیران لە شارەكە سازكرابوو.